هەواڵ

ئەردۆغان: لە پەرلەمانەوە کار بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی دەکەین

Mic
2025-07-12


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لەبارەی چەکدانانی پەکەکە ڕایگەیاند، "پەکەکە بەرەو کۆتایی دەچێت و لە دوێنێوە لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تورکیا کراوەتەوە".

سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی، "وەک هەنگاوی یەکەم، کۆمیسیۆنێک لە ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا (پەرلەمانی تورکیا) دادەمەزرێنین و دەست دەکەین بە گفتوگۆکردن لەسەر مەرجە یاساییەکانی پرۆسەی ئاشتی".

ئاماژەی بەوەشکرد، 47 ساڵ پێس ئێستا یەکەم چالاکی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەستیپێکرد و لەو ماوەیەدا 10  هەزار سەربازمان کوژراون و نزیکەی 50 هەزار هاوڵاتیش کوژراون و زیانی دو تریلۆن دۆلار زیان بە ئابوری تورکیا گەیشتوە.

ئەردۆغان وتیشی: هەندێک هەڵەی دەوڵەت، یەکێک لەوانە ڕێگری لە قسەکردن بە کوردی و چەندی هەڵەی دیکە بووە هۆی فراوان بوون و گەورەبوونی پەکەکە.

جەختی لەوەشکردەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن پڕۆسەی ئاشتی سەرکەوتوبێت و 23 ساڵە کاری بۆدەکەن و بە ئەقڵێتێک سیاسەت دەکەن کە خێر و چاکەی بۆ تورکیا تێدابێت، وتیشی: لەو پڕۆسەیەدا دەوڵەی باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا- مەهەپە هاوبەشیانە.
هەر لە وتارەکەیدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی، "سلێمانی، کەرکوک، هەولێر، ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ خاکی هاوبەشی ئمەیە".

 دوپاتیشی کردەوە، لە پڕۆسەی ئاشتی هاوڵاتییانی تورکیا بە کورد، عەرەب و تورک و نەتەوەکانی دیکە براوەن، "کارێکمان کرد کە حکومەتەکانی پێش ئێمە نەیانتوانیوە بیکەن".

More News

Most Popular

هەواڵ

چەکدانان کۆتایی بە هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان نەهێنا

Mic
2025-07-12

چەکدانان و سوتاندنی لەلایەن ژمارەیەک گەریلای پەکەکەوە کۆتایی بە هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان نەهێنا و هێرشەکان دەستییان پێکردەوە، ئەردۆغانیش دەڵێت، "پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر دەرئەنجامی قۆناغێکی دانوستان و یان وەرگرتن و بەخشینێک نەبووە".

کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای مەراسیمی چەکدانانی 4 فەرماندە و 26 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، تورکیا هێرشی سەربازی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی رێکخراوی cptـی ئەمریکی بڵاویکردەوەتەوە، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا 5 جار تۆپبارانی (گەلی مێوین و گەلی قەچۆ)یان لە دەڤەری نهێلێ لە سنوری قەزای ئامێدی کردووە. 

بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن ئەو رێخکراوەوە بڵاوکراونەتەوە، لە 1ـی کانوونی دووەم بۆ 30ـی حوزەیران، سوپای تورکیا هەزار و 678  هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

هەزار و 484 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک، 140 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، 5 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی و سفر هێرشیش بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا بووە.

بە هۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 3 هاوڵاتی شەهید و 6 هاوڵاتی تری مەدەنی برینداربوون.

لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا هەزار و 232 هێرشی لە ڕێگەی تۆپباران،397 هێرشی لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 43 هێرشی لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر، 5 هێرشی لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی سوک و 1 هێرشی لە ڕێگەی تەقینەوە ئەنجامداوە.

بە تەنها لە مانگی حوزەیراندا، سوپای تورکیا، 550 هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە کە 541  هێرشیان بۆسەر سنوری پارێزگای دهۆک و 9 هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر بوون، بە بەراورد بە مانگی ئایار، ژمارەی هێرشەکان لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەی (٨٪) زیادیانکردووە.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە مانگی ئازاردا، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجامنەداوە.

ئەگەرچی پەکەکە ئاگربەستی تاک لایەنەی راگەیاندووە و یەکەم گروپی چەکی داناوە و سوتاندوویەتی، بەڵام تورکیا لەگەڵ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی نەناوە، بەڵکو هێرشەکانیشی بۆ سەر پەکەکە رانەگرتووە. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە یەکەم وتاریدا لەبارەی چەکدانانی ژمارەیەک گەریلای پەکەکەوە رایگەیاند، پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر دەرئەنجامی قۆناغێکی دانوستان یان وەرگرتن و بەخشینێک نەبووە، با ھەمووان دڵنیابن لەوەی ڕێگە نادەین شکۆی دەوڵەتی کۆماری تورکیا پێشێل بکرێت، ھەرگیز سەری دانانەوێنین، بەم تێگەیشتنە چاودێری پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆرمان دەکەین".

دەم پارتی و پەکەکە چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری لە تورکیا دەکەن، زۆرینەی ئومێدەکانیان لەسەر لیژنەیەک هەڵچنیووە کە بڕیارە لە پەرلەمان دەستبەکار بێت. 

 سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە دروستکردنی ئەو لیژنەیە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، وەک ھەنگاوی یەکەم لە پەرلەمانی تورکیا کۆميسیۆنێک دادەمەزرێنین و دەست دەکەین بە گفتوگۆکردن لەسەر پێداویستییە یاساییەکانی پرۆسەکە.

پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان، لە کۆتایی ساڵی 2024 بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و داوای خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد
پەکەکە لە رۆژانی 5- 7ی ئەم مانگە کۆنگرەی 12ی خۆی بەست و دواتر رایگەیاند، بڕیاریانداوە چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە، رۆژی 11ـی تەمووز لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گرووپێکی 30 کەسیی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا و سوتاندیان.