هەواڵ

کشانەوەی کتوپڕی ئەمریکا شڵەژانی ئەمنی لە عێراق دروستکردووە

Mic
2025-08-20

کشانەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، ترسی خستوەتە دڵی بەشێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمنی عێراق و شڵەژانی دروستکردوە، هەندێکی تریشیان بەسەرکەوتنی هەوڵی حکومەتی دەزانن بۆ دەرکردنی ئەمریکا.

کشانەوەی کتوپڕی هێزەکانی ئەمریکا مانگێک پێش وادەی دیاریکراو، گومانی لای بەرپرسان و شرۆڤەکاران دروستکردووە، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی دیکەی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران لێکیدەدەنەوە کە رەنگە پریشکی ئەمجارە عێراقیش بگرێتەوە.

دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، مانگێک پێش وادەی دیاریکراوە، کە بڕیاربوو لە مانگی ئەیلول رێککەوتنی نێوان واشنتن و بەغدا بۆ کشانەوە جێبەجێبکرێت، شڵەژانی ئەمنی دروستکردووە و ترسی خستووەتە دڵی بەرپرسانی ئەمنی.

یاسر وتوت، کە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقە، سەرسوڕمانی خۆی نيشانداوە لە کشانەوەی هێزەکانی واشنتۆن لە عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق و پێوایە ئەو هەنگاوە هەڕەشە لە تێکچونی ئاسایشی عێراق دەکات.

هەرچەندە لە دوو رۆژی رابردوودا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق روونکردنەوەیەکی داو تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەرکی هێزەکانیان بۆ راوێژکاری دەگۆڕێت و لە رووبەرووبەنەوەی داعش بەردەوام دەبن، بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ رەواندنەوەی نیگەرانی بەرپرسانی ئەمنی عێراق.

ماوەی 20 ساڵ بەسەر نەمانی رژێمی بەعس لە عێراق تێدەپەرێ و تا ئێستا هێزی سەربازیی ئەمریکی کە لە ژێر ناونیشانی جۆراوجۆر لە عێراقن، هەن.

ئەمریکا تا ساڵی 2011 بە بیانووی ریشەکێشکردنی بەعس و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و دوای 2014 ش بە هۆی بوونی داعش، سەربازان و راوێژکارانی سەربازیی خۆی لە عێراق نەکشاندۆتەوە.

لەكاتێكدا سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە بەرچاوەکانی حکومەت ناوبرد.

نوعمان ئاماژەی بەوەشکردوە، کشانەوەی هاوپەیمانان بەڵگەیەکی رونە کە حکومەت دەتوانێت سەقامگیری وڵات بپارێزێت و چیتر پێویستی بە پشتیوانی دەرەکی نییە.

پێچەوانەی وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان؛ ئەسكەندەر وتوت، دەڵێت، هەنگاوەکەی ئەمریکا لەم کاتە هەستیارەدا جێگەی سەرسوڕمانە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڵكشانە سیاسی و ئەمنییە توندانەی بەرۆكی ناوچەكەی گرتووە.

پاش لەناوبردنی داعش، ئەمریکا هەزاران سەربازی خۆی لە عێراق کشاندەوە، بەڵام ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 700 سەربازی لە عێراق هەیە و واشنتن ئەرکی بەشێک لە هێزەکانی کۆتایی پێدێنێت و بەشێکیشیان ئەرکیان بۆ راوێژکاری دەگۆڕێت.

ئەو كشانەوە كتوپڕش دوای ئەوەدێت، ئەمریکا هەڵوێستێکی توندی لە دژایەتیكردنی دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی دەربڕی و بە فروانبوونی هەژمونی ئێران لە عێراق دەزانێت، کە بەشێک لەلایەنە شیعەکان بەتوندی کار بۆ تێپەڕاندنی دەکەن لە پەرلەمان.

لەچەند رۆژی رابردوودا عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ عێراق سەبارەت بە ئاسایشی سنورەکان واژۆ کرد، ئەمەش بە هۆکارێکی دیکەی خێراکردنی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق لێکدەدرێتەوە.

چاودێرانی سیایی و شرۆڤەکاران پێیان وایە لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەم کاتە گرنگ و هەستیارەدا بکشێتەوە، چونکە بۆشایی ئەمنی دروست دەبێت و ترس لە تێکچونی دۆخی ئەمنی عێراق دەکرێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق خێراتر دەکات

Mic
2025-08-24

ئەمریکا لە عێراق دەکشێتەوە و رو لە هەرێمی کوردستان دەکات، خێراکردنی پرۆسەی کشانەوە لەلایەن واشنتنەوە شڵەژانی ئەمنی لە عێراق دروستکردووە.

 

سکای نیوزی عەرەبی لە زاری سەرچاوە سیاسییەکان رایگەیاندووە، واشنتن هێزەکانی لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ دەکشێنێتەوە.

بەپێی سەرچاوەکەی سکای نیوز، ئەمریکییەکان عێراقییەکانیان لە خێراکردنی پرۆسەی کشانەوە ئاگادارکردووەتەوە، پێیان راگەیاندوون، پابەندنابن بەو خشتەیەی هەردوو وڵات بۆ کشانەوە لەسەری رێککەوتوون.

تێکچوونی دۆخی ئەمنی عێراق، لەدوای کشانەوەی ئەمریکییەکان ئەگەرێکی کراوەیە، سەرەڕای پێکدادانی گروپە چەکدارەکان و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش دێتەپێشەوە، کە تائێستاش پاشماوەکانی ئەو رێکخراوە مەترسین و ناوبەنا و چالاکی ئەنجام دەدەن.

بڕیارە کتوپڕەکەی ئەمریکا بەشێک لە چاودێران و بەرپرسانی ئەمنی عێراقی نیگەرانکردووە، بە ئاشکرا داوا دەکەن ئەمریکا بمێنێتەوە، چونکە عێراق و ناوچەکە بەدۆخێکی ئەمنی ناسەقامگیردا تێدەپەڕن.

بڕیاربوو هێزە ئەمریکییەکان لە مانگی ئەیلول بە پێی خشتەیەک بکشێنەوە، بەڵام بڕیارە لە ناکاوەکەی واشنتن بۆ کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی لە بنکەکانی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا لە عێراق، چاوڕوان نەکراوە و شڵەژانی ئەمنی دروست دەکات.