دوای دوو مانگ لە تیرۆركردنی مامۆستا شەماڵ، تا ئێستا لێكۆڵینەوە لەكەیسەكەی بەردەوامە و كەیسەكەشی گۆڕاوە بۆ تیرۆر، لەماوەی ڕابردوودا سەرچاوەیەك ئاشكرایكرد، كە بكوژەكەی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراوە، بەپێی زانیاریەكان برای بكوژەكە دەستگیركراوە، كە لە نەتەوەی توركمانە و خەڵكی كەركوكە.
نیوەڕۆی ڕۆژی ۲٨ی ئاب، لەكاتی گەڕانەوەی لەدەوامی فەرمانگەكەی بۆ ماڵەوە، نوسەر ، چالاكی سیاسی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی، سوهەیل خورشید، ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، لەبەردەم ماڵەكەیدا لە كفری درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و تیرۆكرا.
دوو رۆژ دوای ئەو ڕووداوە، لە میدیاكانەوە بڵاوكرایەوە كە، بكوژەكەی ناوی (یەڵدرم)ـەو لە نەتەوەی توركمانە و ئەندامی بەرەی توركمانییە، دوای ئەنجامدانی تاوانەكە و گەڕانەوەی لە كفرییەوە بۆ كەركوك، ئۆتۆمبێلەكەی لە داقوق جێهێشتووە و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی میدیای نزیك لەپارتی كرێكارانی كوردستان بڵاویانكردووەتەوە: لە دوای كەمتر لە ٢٤ كاتژمێر لە ڕووداوی تیرۆركردنەكە، تاوانباران دۆزراونەتە و لەلایەن ئاسایشی كفری و بە ھاوكاری ھێزی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی لە شاری كەركوك، تۆمەتبارێك دەستگیركراوە لە داقوق دەست بە سەر ئۆتۆمبێلەكەیدا گیراوە، كە كارەكەی پێ ئەنجام دراوە.
وەك ئەو میدیایانە دەڵێن دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر ئەو ڕووداوە ئەمڕۆ هیوا عەلی، بەڕێوەبەری یاریدەدەرێتی ئاسایشی كفری رایگەیاندووە لە ئێستادا برایەكی بكوژەكە دەستگیر كراوە، كە لە نەتەوەی توركمانە و خەڵكی شاری كەركوكە، گومان دەكرێت لەكاتی ئەو تیرۆرەدا هاوكاریی براكەی كردبێت بە چاودێرییكردن لەرێگەی ئۆتۆمبێلەكەیەوە، هەروەها لێكۆڵینەوە بەردەوامە و فەرمانی گرتن بۆ ژمارەیەك كەسی دیكە دەركراوە.
7 رۆژی تر سێ مانگ بەسەر دیارنەمانی ئاڤێتستا یوسف تێپەڕ دەبێت، بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو گەڕان بە دوای چارەنووسیدا کۆتایی بێت.
85 رۆژە ئاڤێستا یوسف بەرزنجی دیارنەماوە و تیمەکانی سەرقاڵی دیاریکردنی چارەنوسین، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرداوێکیان لەسەر روداوەکە دەستنەکەوتووە.
رۆژی 5ـی نیسانی 2025، ئاڤێستا یوسف و خێزانەکەی بە مەبەستی گەشتکردن چوونە هاوینەهەوارەکانی سنوری قەزای مێرگەسۆر، بەڵام بە گێڕانەوەی کەسوکارەکەی " ئاڤێستا کەوتوەتە ناو روباری تەنگاتور" و لەوکاتەوە بێسەروشوێن بووە.
رۆژی 5ـی تەمموزی 2025، دوای سێ مانگ گەڕان بەدوای چارەنوسی ئاڤێستا یوسف کۆتایی دێت، بەبێ ئەوەی بتوانرێت هیچ ئاماژەیەکی دۆزینەوەی دیاری بکرێت.
روداوەکە لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بووە، هەر بۆیە زۆرینەی گەڕان لەلایەن تیمەکانی ئەوانەوە ئەبجام دراوە، بەرگری شارستانیی سۆران رایگەیاندووە، ڕۆژانە چوار تا هەشت تیم بەدوای تەرمی مامۆستا ئاڤێستا دەگەڕێین و پرۆسەکە تا ڕۆژی 5-7 بەردەوام دەبێت و دواتر کۆتایی دێت".
دیارنەمانی ئاڤێستا یوسف چەند سیناریۆیی جیاوازی هێنایە بەرباس، بەڵام کەسوکارەکەی لەبارەی چیرۆکی روداوەکەوە گێڕایانەوە، ئاڤێستا لەگەڵ براکەی بۆ وێنەگرتن چوونەتە کەناری روبارەکە، بەڵام لەو کاتەدا براکەی دەکەوێتە ناو رووباری تەنگاتوور، ئەویش هەوڵی رزگارکردنی دەدات و رزگاری دەکات، بەڵام خۆی دەکەوێتە ناوی و دەخنکێت.