دوای ئەوەی نۆ
ئەندامی دادگای باڵای فیدراڵی دەستیان لەکارکێشایەوە و سەرۆکی دادگاکەیش داوای خانەنشینبوونی
کرد، ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەو قەیرانەی توشی دادگای
فیدرڵی بووە، عێراق دەخاتە بۆشایی دەستورییەوە و سەرۆک سەنتەری رەشید پێیوایە، رەنگە
بیانویەک بێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت.
کێشەکانی دادگای
فیدراڵی عێراقی (بەرزترین دادگای وڵات، پسپۆڕی ناکۆکییە دەستوورییەکان) تەنها بە
دەستلەکارکێشانەوەی نۆ ئەندام و داوای خانەنشینبوونی سەرۆکەکەی کۆتایی نایەت، ئەگەر
ئەو قەیرانەی دادگاکە تێیکەوتووە چارەسەر نەکرێت، ئەوا عێراق دەکەوێتە بۆشایی
دەستورییەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە پەسەندنەکراوی دەمێنێتەوە
محەمەد عنوز، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمان عێراق بە رۆژنامەی "العربي الجديد"ـى راگەیاند، ئەوەی لە دادگای فیدراڵی ڕوودەدات
ئاماژەیەکی جدییە بۆ سروشتی سیستەمی سیاسی عێراق کە لە ئێستادا بەدەست قەیرانێکی ڕاستەقینەوە
دەناڵێنێت، ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە لە دادگای باڵای فیدراڵی بە پەرەسەندنێکی جددی
دادەنرێن، بەتایبەتی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو (11 ی تشرینی دووەم)، چونکە
دادگای فیدراڵی بەرپرسە لە پەسەندکردنی ئەنجامەکان.
ئەو ئەندامەی
لیژژنەی یاسایی پێیوایە، ناسەقامگیری دادگای فیدراڵی لەوانەیە هەڕەشە لە بەروار و
شەرعییەتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکات، بەگوێرەی یاسای دادگای فیدراڵی ژمارە 30 ی
ساڵی 2005 شێوازی دەست لەکارکێشانەوەی دادوەران و سەرۆکیان ڕێک نەخستووە و تەنیا پێکهاتەی
دادگا و میکانیزمی خانەنشینی دیاری کردووە لە کاتی گەیشتن بە تەمەنی یاسایی 72 ساڵی.
عنوز دەشڵێت: نەبوونی
دادگای فیدراڵی لە جێبەجێکردنی ڕۆڵی خۆی، کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر پەسەند نەکردنی
ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و پێداچوونەوەی یاساکان کە لەوانەیە بە پێشێلکردنی دەستوور
دەربکرێن، بەم شێوەیە وڵات دەخاتە بۆشاییەکی دەستووری ئاڵۆزەوە.
محی ئەنساری،
سەرۆکی سەنتەری رەشید بۆ گەشەپێدان رۆژنامەی "العربي الجديد"ـى وتووە، دروستکردنی ئەم قەیرانە لەناو دادگای
فیدراڵی وەک بیانویەک بۆ دواخستی هەڵبژانی
مانگی 11ـى ئەمساڵی پەرلەمان بەکاربهێنرێت، ئەویش له ژێر رێگەی دابینکردنی ژینگەیەکی
یاسایی سەقامگیر بێت.
دەشڵێت: ئەگەر
دانوستانەکان بۆ دانانی جێگرەوەی دادوەرەکان شکست بهێنن یان ناکۆکی سیاسی لەسەر میکانیزمی
دامەزراندنی دادوەران دروست ببێت، ئەوا بێگومان پرۆسەی هەڵبژاردن پەکی دەکەوێت.
7 رۆژی تر سێ مانگ بەسەر دیارنەمانی ئاڤێتستا یوسف تێپەڕ دەبێت، بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو گەڕان بە دوای چارەنووسیدا کۆتایی بێت.
85 رۆژە ئاڤێستا یوسف بەرزنجی دیارنەماوە و تیمەکانی سەرقاڵی دیاریکردنی چارەنوسین، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرداوێکیان لەسەر روداوەکە دەستنەکەوتووە.
رۆژی 5ـی نیسانی 2025، ئاڤێستا یوسف و خێزانەکەی بە مەبەستی گەشتکردن چوونە هاوینەهەوارەکانی سنوری قەزای مێرگەسۆر، بەڵام بە گێڕانەوەی کەسوکارەکەی " ئاڤێستا کەوتوەتە ناو روباری تەنگاتور" و لەوکاتەوە بێسەروشوێن بووە.
رۆژی 5ـی تەمموزی 2025، دوای سێ مانگ گەڕان بەدوای چارەنوسی ئاڤێستا یوسف کۆتایی دێت، بەبێ ئەوەی بتوانرێت هیچ ئاماژەیەکی دۆزینەوەی دیاری بکرێت.
روداوەکە لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بووە، هەر بۆیە زۆرینەی گەڕان لەلایەن تیمەکانی ئەوانەوە ئەبجام دراوە، بەرگری شارستانیی سۆران رایگەیاندووە، ڕۆژانە چوار تا هەشت تیم بەدوای تەرمی مامۆستا ئاڤێستا دەگەڕێین و پرۆسەکە تا ڕۆژی 5-7 بەردەوام دەبێت و دواتر کۆتایی دێت".
دیارنەمانی ئاڤێستا یوسف چەند سیناریۆیی جیاوازی هێنایە بەرباس، بەڵام کەسوکارەکەی لەبارەی چیرۆکی روداوەکەوە گێڕایانەوە، ئاڤێستا لەگەڵ براکەی بۆ وێنەگرتن چوونەتە کەناری روبارەکە، بەڵام لەو کاتەدا براکەی دەکەوێتە ناو رووباری تەنگاتوور، ئەویش هەوڵی رزگارکردنی دەدات و رزگاری دەکات، بەڵام خۆی دەکەوێتە ناوی و دەخنکێت.