هەواڵ

هەولێر و بەغداد دەستدەکەنەوە بە کۆبوونەوە

Mic
2025-06-28

موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هەستیارییەوە چاودێریی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنی بەغداد لە هەولێر دەکەن کە بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەنێوان هەردولا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و باسی ئەوە دەکرێت رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەنێوانیاندا هەبێت.

شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق لە هەولێرن و دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە بۆ بەلاداخستنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لە پرسەکانی داهاتی ناوخۆ، هەناردەی نەوت و شایستەداراییەکانی موچەخۆران، کۆبوونەوەکانیان دەستپێکردووەتەوە و باس لەوە دەکرێت لەسەر هەندێک پرس رێکەوتن کراوە.

مایک نیوز، زانیویەتی، لیژنە باڵاکەی عێراق پێکهاتوون لە د.فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، وەزارەتی نەوت، دیوانی چاودێری دارایی عێراق، نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیای نەوتی باکور.

شاندەکەی بەغداد گفتوگۆ لەسەر ئەو رێككەوتنە هاوبەشە دەکەن کە لە مانگی شوباتی 2025، لە نێوان هەولێر و بەغداد واژۆکراوە.

دۆسییەی داهاتی ناوخۆ و خەرجییەكانی هەرێم و هەناردەكردنەوەی نەوت، لەلایەن شاندەکەی بەغدادەوە دانوستانی لەسەر دەکرێت.

بڕیارە سبەی لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگە حکومییەکان، شاندەكەی عێراق بەوردی باس لە دۆسیەی داهاتی ناوخۆ لەگەڵ هەرێم بکەن.

سەبارەت بە ناکۆکییەکان لەپرسی نەوتداا، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکرایکردووە، هەردوولا گەیشتوونەتە ئەنجامێکی زۆر باش و رێککەوتنێکی باشییانکردووە لەسەر بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.

 ئەم هەفتەیە کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن بۆئەوەی ناوەڕۆکی یاسای بودجەی عێراقیان لەگەڵ جێبەجێبکرێت بە کرێی دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوت بە 16 دۆلار خەمڵێنراوە.

ئەوەی جێگەی نیگەرانییە چارەسەرکردنی ئەم بابەتە خراوەتە پاش پێنەدانی 2 مانگ موچەی فەرمانبەرانەوە، لەکاتێکدا چەندین مانگە ئەم یاسایە دەرکراوە و هەرێم و بەغداد مکوڕنەبوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاسای بودجە و دروستنەکردنی گرفت لەبەردەم شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

کۆمپانیاکانی نەوت لەماوەی ساڵی رابردوودا کاتێک لەگەڵ لایەنی عێراقی کۆبوونەتەوە رەزامەند بوون بە 16 دۆلارەکە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت، بەڵام لەسەر ئەوە رێکنەکەوتوون ئەگەر لە 500 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەمهێنرا ئایا ئەو بڕە پارەیە دەدرێت لە بەغدادەوە، بەڵام وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی بەوە قایل نەبوون.

واتە ئەگەر کۆمپانیاکان توانییان لەو بڕە زیاتر بەرهەمبهێنن و رۆژانە 700 هەزار بەرمیلیان بەرهەمهێنا، بەغداد چۆن پارەی ئەو 200 هەزار بەرمیلە زیادەیە دەدات، ئەوەش خاڵی ناکۆکبووە لە نێوان بەغداد و هەرێم.

هێشتا نەزانراوە ئەمڕۆ شەممە هەردوو شاندنی بەغداد و هەرێم چۆن رێککەوتون لەوبارەیەوە، بەڵام ئەم بابەتە و ئاستەنگەکانی دیکە کۆنن و هەردولا دەیانتوانی پێشتر چارەسەری بکەن و نەگاتە ئاستێک دۆخی گوزەرانی فەرمانبەران بە بارمتە بگیرێت و موچەکانیان گل بدرێتەوە.

شێروان دووبەردانی، ئاماژەی بەوەکردووە لە ماوەکانی داهاتوودا هاتنی شاندی دیکە لە بەغدادەوە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی بڕیارە شاندی وەزارەتی دارایی بێن و لەسەر بەرکەوتەی 50٪ی داهاتی ناوخۆ لەگەڵ هەرێم رێکبکەون، چونکە هەرێم پابەندییەکانی خۆی خستووەتەڕوو.

شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشبینی کردووە بەم نزیکانە رێککەوتنێکی هەمەلایەنە لەنێوان بەغدا و هەولێر بکرێت، بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) و چارەسەرکردنی قەیرانی مووچەی فەرمانبەران کە چەند مانگێکە بەردەوامە.

شوان محەمەد، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەرپرسیارە لە پێدانی باجی کۆمپانیا نەوتییە کارپێکەرەکان، هاوکات گەرەنتی دەدات کە هیچ ئاستەنگێک لە رێگەی پرۆسەکە دانەنرێت".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە روونیشیکردەوە، "سەرکەوتنی ئەم رێککەوتنە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر پرسی مووچە و رێگە خۆشدەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا".

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، لایەنە عێراقییەکان خۆیان بۆ ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ئامادە دەکەن کە پێویستی بەچارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەهێزکردنی بەرەی ئابووری هەیە.

فشاری زۆر لەسەر عێراق هەیە وەکو دابەزینی هەناردەی نەوت و زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر حکومەتی فیدراڵی بۆ دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانیدا، هەروەها داواکارییەکانی کورد بەرەو هەڵکشان دەچن بۆ کۆتاییهێنان بەو سیاسەتەی بەغداد کە بە "سزادانی بەکۆمەڵ"ی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی دواکەوتنی مووچەوە وەسفدەکریت

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.