تیمێكی هونەریی وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 400 ماڵپەڕی سێسكیی بلۆك كردووە.
رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی، بڵاویكردەوە، لیژنە هونەرییەكە بە فەرمانی راستەوخۆی وەزیری پەیوەندییەكانی عێراق پێكهێنراوە، ئەگەرچی لە كابینەكانی پێشووی حكومەتدا بڕیارەكە هەبووە، بەڵام ئەوكات جێبەجێنەكراوە.
هەییام یاسری، وەزیری پەیوەندییەكانی عێراق، بڕیاریداوە سەرجەم ماڵپەڕە سێكسییەكان لە عێراق بلۆك بكرێن، بەڵام هەندێك لەو ماڵپەڕانە لەژێر دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكاندان، بۆیە وەزارەت نوسراوی فەرمی ئاڕاستە كردوون، كە سەرجەمیان بلۆك بكرێن.
ئەمە یەكەمجار نییە پێشینازی بلۆككردنی ماڵپەڕە سێكسیەكان لەعێراق دەكرێت، لەساڵی 2015 بڕیارێك لەپەرلەمانی عێراقەوە دەرچوو كە حكومەتی ناچار دەكرد رێنمایی دەربكات بۆ دەزگا حكومی و ناحكومیەكان بە رێكخستنەوەی تۆڕەكانی ئینتەرنێت و بلۆككردنی ماڵپەڕە سێكسیەكان، پێشنیازەكەش بۆ ئەوەگەڕێندرابوەوە كە لەبەرژەوەندی گشتییە.
دواتریش لەچەند بۆنەیەكدا پەرلەمانی عێراق باسی داخستنی ماڵپەڕە سێكسیەكانی كردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق تائێستا بەشێوەیەكی جددی بڕیارەكەیان جێبەجێنەكردووە.
بڕیاری بلۆككردنی ماڵپەڕە سێكسییەكان لە عێراق لە كاتێكدایە، لە ماوەی رابردوودا، ئانو جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستانیش رایگەیاندبوو: ماڵپەرە سێكسی و زیانبەخشەكان لە چوارچێوەی پاكێجێكی خێزانیدا لە هەرێمی كوردستان بلۆك دەكرێن و ئەمەش لە پەروەردەكردنی منداڵاندا یارمەتیدەری خێزانەكان دەبێت، بەڵام تائێستا بڕیارەكەی حكومەتی هەرێمیش جێبەجێ نەكراوە.
دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی بە بڕیاری هەمان دادگا بووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ دواخستن لە وادەی خۆی، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجام درا.
دادگای فیدراڵی بەشێکی چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، نزیکەی ساڵێک تاتوێی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە کرد، کە دواجار بە هەڵوەشاندنەوە و دواتر کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان کۆتاییهات.
ئێستا جارێکی دیکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە خراوەتەوە بەر دەستی دادگای فیدراڵی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و جوڵانەوەی نەوێ نوێ رایگەیاندووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری کە یەکەم سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەتووی حزبەکە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
عومەر گوڵپى سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رایگەیاندووە،"داوامان لە دادگاى فیدراڵی کردووە، خولەکە هەڵوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".
کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەستهێنا، دواتر هەڵبژاردنەکەی بە" دیزاینکراو" وەسفکرد و بڕیاریدا بایکۆتی خولەکە بکات.
دوای چوار رۆژ لە سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند، سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
نەوەی نوێ رایگەیاندووە، سکاڵاکەی ئەوان دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرنەکردووە.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبووە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردووە، بەڵام هەموو مانگێک مووچە وەردەرگن.