تەندروستی

5 -05 -2025 وەک بەروارێکی جوان و منداڵێکی ناتەندروست

Mic
2025-05-05

لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەوەندەی ئاگادار بین، کۆمەڵێک لە دایکان و باوکان ئەوەندەی گرنگی بە بەرواری لە دایک بوونی منداڵەکانیان دەدەن ئەوەندە گرنگی بە تەندروستی منداڵەکانیان نادەن، بەلایانەوە گرنگ نیە لە داهاتوودا منداڵەکانیان تووشی چی دەرەنجامێکی خراپی تەندروستی دەبێتەوە. بێجگە لەوەی دایکانیش بەشێک دەبن لەو مەترسییە لەسەر تەندروستیان.

 ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە :
یەکەم - ئاستی هۆشیاری دایک و باوک لەسەر بابەتی تەندروستی و نەزانینی کاریگەرییە خراپییەکانی لە دایکبوونی پێش وەخت.

دووەم - سیستەمێکی ناتەندروست لە کۆمەڵێک لە نەخۆشخانەکان بە تایبەت نەخۆشخانە تایبەتەکان کە بەداخەوە لە لایەن کۆمەڵێک پزیشکەوە لە بەرامبەر پارەدا ئەم نەشتەرگەرییانە ئەنجام دەدرێت. بێ ڕەچاوکردنی لایەنی تەندروستی منداڵ و دایکەکە.

لە ڕووی زانستییەوە منداڵ پێویستە بۆ ماوەی ٣٧ بۆ ٤٠ هەفتە لە سکی دایکیدا تەواو بکات ، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەو ماوەیەدا پێویستە هەموو ئەندامەکان بە تەواوی ئامادە بن بۆ دوای لە دایک بوون بە تایبەت مێشک و سییەکان کە زۆر گرنگن و لە ئەگەری زوو لە دایک بوونیاندا کێشە تەندروستیان لەم دوو ئەندامەدا بە تایبەت دروست دەبێت. ئەگەر هەر منداڵێک پێش ٣٧ هەفتەیی لە دایک ببێت پێ دەوترێت لە ( دایک بوونی پێش وەخت ) واتە منداڵێک کە پێش کاتی خۆی لە دایک بووبێت.
کۆمەڵێک لەو کێشە تەندروستییانەی کە تووشی منداڵەکان دەبن

١.کێشەی لە سییەکاندا دروست دەبێت ، بەهۆی تەواو پێنەگەیشتن ( Immature respiratory system ) ئامادە نەبوونی سییەکان کە دواتر پێویستی بە ژووری چاودێری منداڵی نەبەکام ( NICU ) دەبێت.

٢. لە دایک بوونی پێش وەختە هۆکارێکیشە بۆ دروست بوونی مەترسی لەسەر مێشک کە دەکرێت تووشی ( Intraventricular Hemorrhage ) خوێن بەربوونی ناوەوەی مێشک ببێت.

٣.کێشە لە پلەی گەرمی جەستەی منداڵەکەدا ، بەهۆی ئەوەی منداڵەکە چەوری پێویستی نیە لە جەستەدا بۆ هێشتنەوەی پلەی گەرمی جەستەی نیە ، کە ئەمەش دەبێتە دابەزینی پلەی گەرمی جەستەی و دروست بوونی کێشە لە هەناسەدان.

٤.هۆکارێکە بۆ کەم خوێنی و کەمی خڕۆکە سوورەکانی جەستە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بیلیرۆبین لە خوێندا کە دەبێتە هۆی زەردوویی لە منداڵاندا.

٥.دابەزینی سیستەمی بەرگری جەستە کە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە زۆرتر تووشی هەوکردن لە جەستەدا ببێتەوە.

٦.کاریگەری لەسەر دەروون دروستی منداڵەکە دەبێتەوە دەکرێت تووشی کۆمەڵێک حاڵەتی بکاتەوە لەوانە ئۆتیزم.

٧. لە دواتردا دەکرێت منداڵەکە تووشی کێشەی فێربوون و بینین ، و کۆمەڵێک کێشەی تر ببێتەوە کە کاریگەریی لەسەر منداڵەکە دەبێت.

پێویستە دایکان و باوکان زیاتر هۆشیار بن لەسەر تەندروستی منداڵەکانیان ، بزانن کە لە دایک بوونی پێش وەختە تا چەند کاریگەریی لەسەر تەندروستی منداڵەکانیان دەکات ، هیوادارم گرنگترین شت لای دایکان و باوکان تەندروستی منداڵەکانیان بێت نەوەک چاولێکەری و جوانی بەرواری لە دایک بوونی منداڵەکانیان ، کە دەکرێت کاریگەرییەکی هەمیشەیی لەسەر تەندروستی منداڵەکانیان دروست بکات.

ساسان محمد یعقوبی
بەکالۆریۆس لە تەندروستی گشتی
ماستەر لە کۆلێژی پزیشکی
بەرپرسی دیسکی تەندروستی MIC


More News

Most Popular

هەواڵ

مەسعود بارزانی: لەسەر بنەمای 50 بە 50 حکومەت پێکنایەت

Mic
2025-05-15


مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان جەختدەکاتەوە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای" یه‌ك هه‌رێم‌ و حكومه‌ت‌ و په‌رله‌مان ‌و پێشمه‌رگه" و دەڵێت: لەسەر بنەمای 50 بە 50 حکومەت پێکنایەت.

ئەمڕۆ لە هەولێر، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کردستان لە کۆنگرەی یەکگرتنی هەردوو رێکخراوی قوتابییان و لاوانی پارتی وتارێکی گشتگیری پێشکەش کرد و لە بەشیک لە قسەکانیدا باسی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرد.

مه‌سعود بارزانى وتی: ئێستاش دواى هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زه‌مینه‌ ره‌خساوه‌ بۆ گفتوگۆو به‌هه‌موولایه‌نه‌كانیشمان وتووه‌ ئه‌وانه‌ى كورسیان به‌ده‌ستهێناوه‌، فه‌رمون وه‌رن با پێكه‌وه‌ حكومه‌ت پێكبهێنین، نه‌هاتن، به‌شێكیان بڕیارى بون به‌ئۆپۆزسیۆنیان داوه‌ ئێمه‌ش ڕێز له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان ده‌گرین.

بارزانی ئاماژەی بەکرد، ئێستا گفتوگۆ له‌نێوان پارتى ‌و یه‌كێتیه‌، ئه‌گه‌رچى تائێستا قۆناغێكى زۆریان بڕیوه‌، به‌ڵام هێشتا ماوه‌.

سەرۆکی پارتی وتی: دوباره‌ى ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌مه‌ په‌یامى پێش هه‌ڵبژاردنیشمه‌، یه‌ك هه‌رێم‌ و حكومه‌ت‌ و په‌رله‌مان‌و پێشمه‌رگه‌، ئێمه‌ پێمانخۆشه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى‌ و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش حكومه‌ت پێكبهێنین، به‌ڵام حكومه‌تێك ئه‌و مه‌بده‌ئانه‌ى تێدا نه‌بێت، پێكنه‌یه‌ت باشتره‌.

لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین هه‌رچى زوتر حكومه‌ت پێكبێت‌ داوا له‌پارتى‌ و یه‌كێتیى ده‌كه‌م په‌له‌ بكه‌ن له‌پێكهێنانى حكومه‌ت، به‌ڵام لەسەر ئەو بنەمایە، ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە پێکنەیەت ئێمە بەردەوم دەبین لە ئیشی خۆمان، بەڵام حکومەتێک پێکنایەت له‌سه‌ر بنه‌ماى 50 به‌ 50.

ئەمە دووەم جارە لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بارزانی داوا لە یەکێتی و پارتی دەکات، پەلەبکەن لە پێهێنانی حکومەتی هەرێ، رۆژی نۆی نیسان لە میانی بەشداریکردنی لە 17یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، جەختی لە پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە.

رۆژی 20ـى تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، پارتی 38 کورسی و یەکێتی 23 کورسی بەدەستهێنا، دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن هێشتا یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی 10ـى حکومەتی هەرێم رێکنەکەوتوون.