هەواڵ

لەهەرێمی كوردستان 220 هەزار كرێچی بوونی هەیە

Mic
2023-01-29

کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان ئاشكرایكردووە، زیاتر لە 220 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستان هەن. ئەوەش لەكاتێكدایە بەردەوام حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم شوقەی نیشتەجێبوون بەناوی كرێنشینانەوە دروستدەكات بەڵام بەشێكی زۆریان لێی سودمەند نابن.
بەگوێرەی ئامارێكی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان كە دەست مایك كەوتووە، ئێستا زیاتر لە 220 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستان هەن.
پێشتر بەرهەم قەرەداغی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو:  پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ خزمەتی چینی کرێنشین و کەمدەرامەتان نین، چینی کرێنشینان ناتوانن بچنە ناو پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، چونکە نرخی کرێکانیان زۆر زیاتر لە توانای ئەوانە. 
 هاوكات کارزان رەسوڵ، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان بەمیدیای پارتی راگەیاندووە: نزیکەی 25 هەزار کرێنشین لە هەولێر هەن کە ناویان تۆمارکردووە، بەڵام بەگوێرەی ئامارێکی فەرمی، نزیکەی 78 هەزار کرێنشین لە سەنتەری شاری هەولێر هەن کە ناویان تۆمارنەکردووە. 
ئەوەشی خستووەتەڕوو: پڕۆژەیەکمان پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کردبوو بۆ ئەوەی کرێی خانوو بە پشتبەستن بە رووبەری خانوو دیاریبکرێت، بۆ نموونە 100 مەتری بە 200 هەزار بێت، ئەوەش بۆ رێکخستنی کرێ، بەڵام ئەنجوومەن وەڵامی نەداینەوە.
 سەرۆکی لقی هەولێری كۆمەڵەی کرێنشینان، دەشڵێت: کێشەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە پڕۆژەی نوێ رادەگەیەنێت، لە کاتێکدا پڕۆژەی تەواونەکراو هەن، بۆ نموونە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون هەبوون کە بڕیاربوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دروستیان بکات، بەڵام تەواونەکران و حکومەتی هەرێمی کوردستان 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی تری راگەیاند، ئەوەش بڕیاربوو لە ماوەی دوو ساڵ تەواوبکرێت، بەڵام حەوت مانگ تێپەڕیوە و هیچ هەنگاوێک نەنراوە، کێشەی حکومەت لە بڕیار نییە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانە.
 وتەكانی سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینان لەكاتێكدایە مانگی ئایاری ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەمدرامەتان دەرکرد بەڵام تائێستا بەپێی زانیاریەكانی مایك هیچ هەنگاوێك بۆ دروستكردنی نەنراوە.
مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان فۆرمێکی بۆ 20 هەزار یەکەنیشتەجێبووەکە بلاوکردوەوە و زیاتر لە 119 هەزار کەس فۆرمەکەیان پڕکردەوە بەڵام بەپێی زانیاریەكانی مایك تائێستا بەهۆی بێسەروبەری لەسیستەمی پڕكردنەوەی فۆڕمەكان تەنانەت دەست بەجیاكردنەوەشی نەكراوە.
 

More News

Most Popular

تەندروستی

لە سوڕی مانگانەدا چی بكەم بۆ ئەوەی ئازارم كەم بێتەوە؟

Mic
2023-03-23

بەشێك لە خانمان لەكاتی سوڕی مانگانەدا هەست بە كرژبوون و ئازارێكی تاڕادەیەك قورس دەكەن،  كە وادەكات كارە ئاساییەكانی ڕۆژانەیان بۆ سەختتربێت، بۆ ئەوەی ئازارەكانی پەیوەست بە سوڕی مانگانەت كەم بكەیتەوە ئەم ڕێنماییانە جێ بەجێ بكە:

كاتی سوڕی مانگانە هەوڵبدە شیرینی، چەوری وسوێری و كافاین كە لە چا و قاوەدا هەیە كەم بكەیتەوە.

حەبە ئازارشكینەكانی وەك ئیبوپروفین (٦٠٠-٨٠٠) میلیگرامی بخۆ بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكەت

هەوڵبدە بەشێوازی بازنەیی مەساجی بەشی خوارەوەی سكت بكە.

باشترە خواردنی سەوزە ومیوە زیاد بكەیت لە ژەمەكانت، ژەمەكانت با سوك بن  و زوو زوو خورادن بخۆ.

شتێكی گەرم لە شێوەی " جەوەنە" بخەرە سەر سكت.

خواردنەوە گەرمەكان بخۆوە.

هەوڵبدە دوربكەویتەوە لە سترێس و دڵە ڕاوكێ، پیاسەیەكی كەم یان یۆگا وهەرچالاكییەكی دیكە وادەكات كەمتر هەست بەئازار بكەیت.

هەوڵبدە بە ئاوێكی گەرم خۆت بشۆیت.

بۆچی لەكاتی سوڕی مانگانە هەست بە ئازار دەكەم؟.

لەكاتی سوڕی مانگانەدا دیواری منداڵدان كرژ دەبێت بۆ ئەوەی یارمەتی داماڵینی ناوپۆشی منداڵدان بدات لەكاتی سوڕی مانگانەدا، ئەمەش فشار دەخاتە سەر مولولەی خوێنەكان و وادەكات  ڕۆشتنی خوین بۆ ئەو بەشەی جەستە كەم بێتەوە بەمەش ئۆكسجینی تەواو ناگاتە خانەكانی منداڵدان، لەم حاڵەتەشدا لە نەبوونی ئۆكسجیندا خانەكانی منداڵدان دەست ئەكەن بەدەردانی ماددەی كیمیایی كە دەبنە هۆی هەستكردن بە ئازار،لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ماددە كیمیاییانە دەبنە هۆی دەردانی ماددەیەكی دیكە بەناوی پڕۆستاگلاندین، ئەمەش وادەكات زیاتر دیواری منداڵدان كرژ ببێت و ئازارێكی زۆرتر دروست بكات.