بەپێی شیکارییەک کە بۆ کورسی لایەنەکان کراوە لە هەڵبژاردنی
مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی، یەکێتی، نەوەی
نوێ، یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێست کورسی پەرلەمانی بەدەست
دێنن و ژمارەی کورسییەکان خراوەتەڕوو.
ئارام جەمال، شارەزای بواری هەڵبژاردن لە شیکردنەوەیەکدا کە
پشتی بە دەنگی لایەنەکان بەستووە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا،
پێشبینیییەکانی بۆ کورسی لایەکان لە سێ بازنەی هەڵبژاردنی هەرێم بڵاوکردووەتەوە.
یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق" یاسای ژمارە (4)ی
ساڵی 2023 ی (هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا
و قەزاکان ژمارە 12ی ساڵی 2018)" بەپێی سیستەمی سانتلیگۆ کورسی لایەنەکان
دیاریدەکات.
بەپێی سیستەمی سانتلیگۆ، دەنگی لایەنەکان دابەشدەکرێت بەسەر
1.7، دووبارە دابەشدەکرێت بەسەر کۆلکە هاوبەشەکاندا، کە بریتین لە ژمارە تاکەکان،
وەک 3، 5، 7، 9، 11 و 13... بەوشێوەیە بەرەوام
دەبێت تا کورسییەکانی ئەو بازنەیە دابەشدەکرێت.
لە هەڵبژاردنی 11ـى 11ـى ئەمساڵدا، هەرێمی کوردستان کراوە بەسێ
بازنەی هەڵبژاردنەوە، پارێزگای سلێمانی کە هەڵەبجەیش لەخۆدەگرێت، 18 کورسی
پەرلەمانی بۆ دیاریکراوە و پارێزگای هەولێر 15 کورسی و دهۆک 11 کورسی بۆ
دیاریکراوە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لە بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە،
ئەو لایەنانەی کورسییان بردەوە، 642 هەزار دەنگیان بەدەستهێنا کە بریتیبوون لە یەکێتی،
پارتی، نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، رەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل،
گۆڕان، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان.
ئەگەر ئەو لایەنانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەمان دەنگ
بەدەست بهێننەوە ئەوا کورسییەکان بەمشێوەیە دابەش دەبێت بەسەریاندا:
سلێمانی و هەڵەبجە:
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، 269 هەزار دەنگی
بەدەسهێنا و بە 12هەزار دەنگیش دوو
کاندیدی تورکمان و مەسیحی دەرچواند، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی
هەشت کورسی بەدەست دەهێنێت.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی و هەڵەبجە 141 هەزار دەنگی
بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی چوار کورسی بەدەست
دەهێنێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان 62 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی
سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی دوو کورسی بەدەست دەهێنێت.
یەکگرتووی ئیسلامی 50 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی
سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی دوو کورسی بەدەست دەهێنێت
کۆمەڵی دادگەری 40 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی
سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی یەک کورسی بەدەست دەهێنێت.
رەوتی هەڵوێست 30 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی
سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی یەک کورسی بەدەست دەهێنێت
بەرەی گەل 21 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ
لە بازنەی سلێمانی ناتوانێت هیچ کورسییەک بەدەست بهێنێت.
گۆڕان نۆ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە
بازنەی سلێمانی ناتوانێت هیچ کورسییەک بەدەست بهێنێت.
هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان کە لە حزبی سۆسیالتست و حزبی شیوعی
کوردستان و حزبی زەحمەتکێشان پێکهاتبوو هەشت هەزار و ٥٠٠ دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی
سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی ناتوانێت هیچ کورسییەک بەدەست بهێنێت.
هەولێر:
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانەی هەولێر 347 هەزار دەنگی بەدەستهێنا،
بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەیە نۆ کورسی بەدەست دەهێنێت.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان 111هەزار دەنگی بەدەسهێناوە و بە پێی
سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی هەولێر 3 کورسی بەدەست دەهێنێت.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ 104 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی
سانتلیگۆ لە بازنەی هەولێر 3 کورسی بەدەست دەهێنێت.
یەکگرتووی ئیسلامی 24 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی
سانتلیگۆ لە بازنەی هەولێر هیچ کورسییەک بەدەست ناهێنێت.
کۆمەڵی دادگەری 20 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی
سانتلیگۆ لە بازنەی هەولێر هیچ کورسییەک بەدەست ناهێنێت.
رەوتی هەڵوێست 16 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی
سانتلیگۆ لە بازنەی هەولێر هیچ کورسییەک بەدەست ناهێنێت.
بەرەی گەل نۆ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ
لە بازنەی هەولێر هیچ کورسییەک بەدەست ناهێنێت.
دهۆک:
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانەی دهۆک 402 هەزار دەنگی بەدەستهێنا،
بەپێی سیستەمی سانتلیگۆ لەو بازنەیە 8 کورسی بەدەست دەهێنێت.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان 8 هەزار دەنگی بەدەسهێناوە و بەپێی سیستەمی
سانتلیگۆ لە بازنەی دهۆک 1کورسی بەدەست دەهێنێت.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ 46 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی
سانتلیگۆ لە بازنەی دهۆک 1 کورسی بەدەست دەهێنێت.
یەکگرتووی ئیسلامی 42 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی
سانتلیگۆ لە بازنەی دهۆک 1 کورسی بەدەست دەهێنێت.
بەپێی شیکارییەکە لە ئەگەری یەک لیستی لایەنەکانی دەرەوەی
پارتی یەکێتی ئەوا لە هەولێر پارتی کورسییەک لەدەست دەدات و کورسییەکە لە
بەرژەوەندی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان یەکلایی دەبێتەوە.
لە پارێزگای دهۆک هاوپەیمانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان رێگە دەگرێت
لەوەی یەکێتی ئەو یەک کورسییە بەدەستبهێنێت و کورسییەکە لە بەرژەوەندی پارتی
یەکلایی دەبێتەوە.
بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان کاردانەوەی جیاوازی لە تورکیا، باکور و باشور و رۆژئاوای کوردستان لێکەوتەوە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئاشتی پێناسە کرا، لە ئاستی هەرێمی و جیهانیش کاردانەوە بۆ بڕیارەکە هەیە و پشتیوانی دەکرێت.
تورکیا و باکوری کوردستان
بەرپرسانی حکومەتی تورکیا بە جیا هەڵوێستی خۆیان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە راگەیاندووە، بەڵام هەمووان پێشوازیان لێ کردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە رۆڵێکی سەرەکی لە پرۆسەی ئاشتی هەیە، پێشوازی لە بڕیارەکەی پەکەکە کرد و رایگەیاند، هەموومان هاووڵاتیی پلە یەکی تورکیاین و وڵاتەکە لەو برینە تەمەن 40 ساڵە رزگار دەکەین.
ئەردۆغان بە پێویستی زانی،چهكدانانی گشتگیر بێت و پێویستە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە عێراق و سوریا و ئەوروپاش بگرێتەوە.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کە بەهۆی پۆستەکەیەوە وەک بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی دەبنێرێت، هەنگاوەکەی پەکەکە وەک رێگەیەک بۆ رزگاربوون لە دەردی تیرۆر پێناسە کردووە.
وەزیری دادی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس نوسیویەتی،" وڵاتەکەمان، تاریکیی تیرۆر لەپشت خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ئامانجی (تورکیای بێ تیرۆر) بەردەوام دەبێت لە زیندوو راگرتنی بەها سەرەکییەکانی کۆمارەکەمان".
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش بڕیارەکەی پەکەکەی بە "گرنگ و مێژووی" وەسفکرد و رایگەیاند، "دوای ئەم بڕیارە، پێویستە هەنگاوی کردەیی بەدوایدا بێت، لەنزیکەوە چاودێریی دەکەین و بەدواداچوونیان بۆ دەکەین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا چەکدانانی پەکەکە بە هۆکارێک بۆ دەستبەربوونی ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی لە ناوچەکەدا دەزانێت و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، "هەنگاوەکە رەنگدانەوەی بەسەر وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکەش هەبووە".
فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەگەڵ پێشوازیکردن لە هەنگاوەکانی پەکەکە رایگەیاندووە،"نیشانەیەکی روونی ئەوەیە کە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە بە سەرۆکایەتی بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارمان بەڕێوەدەچێت، بەهێزەوە قۆناغێکی گرنگی بڕیوە".
پارتە سیاسییەکانی تورکیاش پێشوازییان لە بڕیارەکەی پەکەکە کردووە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە بە یەکێک لە ئەندازیارانی پرۆسەی ئاشتی دەبینرێت، هەنگاوەکەی پەکەکەی بە سەرکەوتنی ئاشتی و برایەتی وەسفکردووە،
باخچەلی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی سوپاسی ئەردۆغان، ئۆجالان و ئۆندەر و شاندەکانی ئیراڵی کرد و رایگەیاند، ئۆجەلان و دەم پارتی زۆر بە وردی خوێندنەوەیان بۆ مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەمان کرد''.
پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بڕیاری پەکەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و وازهێنان لە چەک بە قۆناغێکی گرنگ بۆ "تورکیای بێ تیرۆر ناوبردووە.
عومەر چەلیک وتەبێژی پارتەکە بە پێویستی زانیووە،"ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێ بکرێت و بە هەموو لایەنەکانیەوە بێتەدی".
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا لەگەڵ پێشوازیکردن لە بڕیارەکەی پەکەکە داوایکرد، هەموو ئەندامانی پەکەکە بەبێ جیاوازی و وابەستەیی رێکخراوەییان، دەستبەجێ بەپێی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە، دەست لە چەک هەڵبگرن.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە بڕیارێکی مێژووی دەزانێت و رایگەیاندووە، خۆی کەسێکی کاریگەر بووە لە پرۆسەی یەکەم و ئێستاش وەکو ئۆپۆزیسیۆنێک پشتیوانیی تەواو لە پرۆسەکە دەکات.
سەرۆکی پارتی ئاییندە داوایکردووە، سەرۆککۆمار دوای راگەیاندنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە، وتارێک بۆ رای گشتیی پێشکەش بکات و نەخشەڕێگای دواتر رابگەیەنێت.
داودئۆغڵو پێشنیازیشکردووە، کۆمسیۆنێکی نێودەوڵەتیی بۆ رادەستکردنی چەک دابمەزرێت تا بە راستەوخۆ نیشانی خەڵک بدرێت و چەکەکان بە شێوەیەک لەناو ببرێت بە دووبارە بەکارنەهێندرێتەوە.
هەر لە پێشنیازەکەیدا سەرۆکی پارتی ئاییندە بە گرنگی زانیووە، وادەیەک بۆ رادەستکردنەوەی چەکەکان دیاریی بکرێت و عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەشێک بن لە پرۆسەکە، بەهۆی ئەوەی پێگەی سەرەکیی پەکەکە لە عێراقە.
چارەنوسی سەرکردەکانی پەکەکە، پرسێکی سەرەکی پرۆسەی ئاشتییە، بەڵام تا ئێستا هیچ میکانزمێکی بۆ دیاریی نەکراوە، ئەحمەد داودئۆغڵو پێشنیازی کردووە، سەکردەکانی پەکەکە ببرێنە وڵاتی سێیەم، بەڵام نابێت ببرێنە وڵاتێک، لە داهاتوودا وڵاتەکە ئەو کەسانە وەکو کارتی فشار لە دژی تورکیا بەکاربهێنێت، بۆ نموونە دەکرێت لە سلێمانی یا بەغدا یان قەتەر یاخود نەرویج بمێننەوە.
سەرکردە و پارتە سیاسییەکانی باکوری کوردستان کە سەر بە ئایدۆلژیایی ئاپۆن، پێشوازیی فراوانیان لە هەنگاوەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد بۆ چەکدانان.
پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارت بە گرنگی دەزانێت دەرفەتی ئاشتی لە دەست نەدرێت و بە کردار وەڵامی چەکدانان بدرێتەوە.
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەرلەمانی تورکیا رووبەڕووی بەرپرسیارێتی مێژویی بووەتەوە، لەمەودوا دەتوانێت رۆڵی گرنگتر ببینێت.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکەی بە قۆناغێکی نوێ ناوبرد و رایگەیاند، شەڕ ئەنجامی نەبووە، بۆیە ئاشتی تاجدار دەکەین.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە زیندانی ئەدیرنە زیندانییە و سزای زیاتر لە 40 ساڵ زیندانیکردنی بە سەردا سەپێنراوە، ئێستا بە کاتی یەکهەڵوێستی و دڵسۆزان دەزانێت تا کار بۆ گەورەبوونی تورکیا بکرێت
هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتی و حزبەکانی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لە بڕیاری چەکدانانی پەکەکە کرد، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، جێگەی خۆشحاڵیە لایەنەکان هەڵوێستی باشیان هەبوو و هەنگاوی ئەرێنی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتیانە نراوە.
بارزانی لەگەڵ هیواخواستن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی، هەموو پشتوانیەکی خۆشی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کورردستان دەربڕیووە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، ههمووان چاويان لهوهيه ئەم هەنگاوە گرنگه بە هەنگاوی ديكهى ئەرێنی و پێويست لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەڵام بدرێتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی دەردەبڕیووە بۆ بهردهوامی له پێشکەشکردنی ههر جۆرە يارمهتى و هاوكارييهك بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی کە ئەو بە دەرفەتێکی مێژووی ناوی بردووە.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشی خۆی و حزبەکەی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەبڕیووە و رایگەیاندووە هاوکار و پشتیوانی هەموولایەک دەبین بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە".
تاڵەبانی هیواشی خواستووە، بە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان لاپەڕەیەکی نوێی سیاسی و دیپلۆماسی لە نێوان سەرجەم لایەنەکان هەڵبدرێتەوە و هەنگاو بۆ کارکردنی پێکەوەیی بنرێت و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەواوی کوردستان هەبێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پارتی کرێکارانی کوردستان بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا جێبەجێ کرد و دەرگای بەڕووی قۆناغێکی نوێدا کردەوە".
تاڵەبانی هیوادارە حکومەت و دامەزراوە یاساییەکان و لایەنە سیاسییەکانی تورکیاش ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی یاسایی و ئاشتییانەی پرسی کورد لە تورکیا.
سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و دانانی چەكی لەلایەن پەكەكەوە بە رۆژێکی مەزنی گەلی کوردستان نابردووە و رایگەیاندووە دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی گرنگ لەمێژوی خەباتی كوردا.
لاهور شێخ جهنگی، سهرۆكی بهرهی گهلیش ڕایگهیاند،"دەسەڵاتدارانی ئهنقەرە بەرپرسیارێتیی گەورە و مێژوییان دەکەوێتە سەرشان، پێویستە بڕیارى خێرا و بوێرانە بدەن بە ئاڕاستەى چارەسەرى یەکجارى کێشەى کورد".
سوریا و رۆژئاوای کوردستان
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات پێی وایە، بڕیارەکانی پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری هەنگاوێکی نوێیە و رێگە خۆش دەکات بۆ پرۆسەیەکی سیاسی و ئاشتیانەی نوێ لە ناوچەکەدا و وەک خۆی رایگەیاندووە، جێگەی ڕێزە.
ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سوریا ڕایگەیاند، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، نەک تەنها بۆ تورکیا بۆ ئارامی تەواوی هەرێمەکە ساتەوەختێکی زۆر گرنگە.
جیهان
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "چەکدانانی پەکەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ تێپەڕاندنی بازنەی چەندین ساڵەی تیرۆر و توندوتیژی له تورکیا و ناوچەکەدا".
پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان، لە کۆتایی ساڵی 2024 بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و داوای خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد
پەکەکە لە رۆژانی 5- 7ی ئەم مانگە کۆنگرەی 12ی خۆی بەست و دواتر رایگەیاند، بڕیاریانداوە چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە.