بەرپرسی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 71 هەزار توشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، وەزیری تەندروستیش دەڵێت رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لەژێر ستانداردی جیهانیدایە.
د. چنارعەلی بەرپرسی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: تائێستا 71 هەزار و 74 تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، تەنیا لە ساڵی 2022دا نۆ هەزار و 61 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون.
بەوتەی د.چنار عەلی تووشبووانی شێرپەنجە زۆرترینیان لە هەولێرن لە دوای هەولێر، پارێزگای سلێمانی بە پلەی دووەم و دهۆکیش بە پلەی سێیەم دێت.
بەوتەی بەرپرسی كۆنترۆڵی شێرپەنجە لەوەزارەتی تەندروستی 10 جۆر شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، باوترین جۆریان شێرپەنجەی مەمکە و دواتریش شێرپەنجەی کۆڵۆن.
لەلایەن خۆشیەوە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" شێرپەنجە ئەگەر یەک حاڵەتیش بێت جێی نیگەرانییە، بەڵام تائێستا ئەو رێژەی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە لە ژێر ستانداردی جیهانییە.
وتەكانی وەزیری تەندروستی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لەكاتێكدایە رۆژانە لەهەرێمی كوردستان 10 تووشبووی شێرپەنجە تۆماردەكرێت، بەڵام بەشێكی توشبووان دانیشتووی هەرێمی كوردستان نین.
شێرپەنجە نەخۆشییەكی درێژخایەنە و لەزۆربەی جۆرەكانیدا كوشندەیە، خانە شێرپەنجەییەكان بەوە ناسراون بەبێ كۆنتڕۆڵ دابەشدەبن و زۆردەبن، هەندێكیان ماددەگەلی شێوەی هۆڕمۆنی دەردەدەن و پێكهاتە و فرمانی جەستە تێكدەدەن، هەندێكیشیان كاتێك لە شوێنێكی جەستە دروستدەبن، خانەكانی نزیكی خۆیان داگیردەكەن و بڵاودەبنەوە.
جۆرەكانی شێرپەنجە
زیاتر لە 100 جۆری شێرپەنجە هەن، كە دەتوانن هەموو بەشێكی جەستە بگرنەوە و بەپێی ئەو شوێن و خانەیەی سەرەتا لێی دەردەكەون ناودەبرێن.
شێرپەنجە بەپێی ئەو شوێنەی كە تێیدا دروستدەبێت چەند جۆرێكی جیاوازی هەیە و لە خانمان و پیاواندا جۆرەباوەكانی شێرپەنجە جیاوازن.
باوترین جۆرەكانی شێڕپەنجە لە خانمان:
باوترین ئەو جۆرانەی شێرپەنجەی كە لە خانماندا هەن یەك لەدوای یەك بریتین لە شێرپەنجەی مەمك، سییەكان، گەدە، كۆڵۆن و ملی منداڵدان.
باوترین جۆرەكانی شێڕپەنجە لە پیاوان:
باوترین ئەو جۆرانەی شێرپەنجەی كە لە پیاواندا هەن یەك لەدوای یەك بریتین لە شێرپەنجەی سییەكان، گەدە، جگەر، كۆڵۆن، رێكە و سورێنچك.
هۆكارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە:
1- جگەرە
جگەرەكێشان گەورەترین هۆكاری تووشبوون بە شێرپەنجەیە، بەوەی حەوت هەزار ماددەی كیمیایی لە جگەرەدا هەن، كە 70 یان رێگە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجه خۆشدەكەن.
2- نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان
ڤایرۆسەكانی وەك HPV كە دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان، هەروەها ڤایرۆسی جگەر HBV وHCV كە تووشی جگەر دەبن، دەبنە هۆی بەشەمێبوون و شێرپەنجەی جگەر.
3- قەڵەوی و شێوازی ژیان
كۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریكی دەڵێت 33%ی حاڵەتەكانی شێرپەنجە بەهۆی خۆراكی ناتەندروست، ناچالاكی جەستەیی و قەڵەوین.
4-پیسبوونی ژینگە
زۆربوونی كارگەكان، دوكەڵ و هەندێك ماددەی دیكەی وەكو بەنزین هۆكارن بۆ پیسبوونی ژینگە و سەرەنجام مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەكان و میزەڵدان زیاددەكەن.
5- بەركەوتنی تیشك
تیشكە زیانبەخشەكانی وەك تیشكی سەروبنەوشەیی، تیشكی گاما و رادۆن دەبنە هۆی شێرپەنجە.
زۆربەی خەڵكی نیگەرانن سەبارەت بە شەپۆلی مۆبایل و تاوەرەكانی، بەڵام هێشتا بەڵگەی روون لەبەردەست نین بۆ سەلماندنی ئەوەی كە مۆبایل و تاوەرەكانی ئینتەرنێت دەبنەهۆی شێرپەنجه.
6- بۆماوەیی
تەنها لە 5-10%ی جۆرە جیاوازەكانی شێرپەنجە بۆماوەیین و لە هەندێك خێزان بڵاوترن.
7- هۆكاری دیكە
كەرەستەی ئارایشت و قوڕقوشم دەبنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە.
هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر بڕ و شێوازی رادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ، بڕی داهاتی ناوخۆ و وادەی دابەشکردنی مووچە ناکۆکن و هەردوولاش پێداگیری لەسەر داواکارییەکانی خۆیان دەکەنەوە.
دەقی پێشنیازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت، داهاتی نانەوت و مووچە بڵاودەکرێتەوە و وردەکاریی ناکۆییەکانیان ئاشكرا دەبێت.
سەبارەت بە پرسی هەنارەکردنی نەوت، هەرێمی کوردستان دوو پێشنیازی پێشکەش کردووە، یەکەمیان تایبەتە بە بەشداریکردنی کۆمپانیاکان و دووەمیان بەشدارینەکردنی کۆمپانیاکانە کە لە هەردوو پێشنیازەکەدا ئامادەیی بۆ دەستبەجێ رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ دەربڕیووە.
لە حاڵەتی بەشداریکردنی کۆمپانیاکان و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر کاری لیژنە هاوبەشە تەکنییکییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیووە دوای لێدەرکردنی پێویستی ناوخۆ بەرهەمی نەوت رادەست بکات.
لە رەشنووسەکەی هەرێمی کوردستاندا، بەرهەمی ئێستای نەوت بە 282 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا دیارییکراوە، کە 65 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی تەرخانکراوە.
لە حاڵەتی بەشدارینەکردنی کۆمپانیاکانیشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی رادەستکردنی 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی کردووە بە کۆمپانیای سۆمۆ تا ئەو کاتەی لەسەر بنەمای کاری لیژنەی تەکنیکی هاوبەش ڕێککەوتن دەکرێت.
هەرێمی کوردستان لە پێشنیازەکانیدا پێداگیرە لەسەر ئەوەی بەکاربردنی ناوخۆیی لە ئەستۆی هەرێمی کوردستان دەبێت کە بڕەکەی بە 65 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە خەمڵاندووە.
پرسی داهاتە نانەوتییەکانیش کە خاڵێکی دیکەی ناو رەشنووسەکەیە هەرێمی کوردستان پێداگیرە لەسەر ئەو شێوازەی لە رابردوو بۆ رادەستکردنی داهاتی ناونەوتی پەیڕەو کراوە، هەر بۆیە پێشنیازی کردووە، 50% لە ڕسوماتی گومرگی و باجی دەروازەکان بە حکومەتی فیدراڵ بدرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەقی پێشنازەکانیدا کە لەو رەشنووسەدا لەسەر پرسی مووچە هەیە، داوای دەستبەجێ خەرجکردنی مووچە دەکات، ئەوەیش بە پشت بەستن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.
دادگای فیدراڵی لە بڕیارەکانی ساڵی 2023دا کە هەرێمی کوردستان وەک نمونە باسی کردووە، جەخت دەکاتەوە کە ناکۆکیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت ببێتە هۆکار بۆ پشتگوێخستنی خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا.
حکومەتی عێراق داوای هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات
حکومەتی عێراقی لە پێشنیازەکانیدا بۆ رادەستکردنی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکۆکە و پێشنیازی دەستبەجێ رادەستکردنی تەواوی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانی کردووە بە کۆمپانیای سۆمۆ کە خۆی بە 236 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە خەمڵاندوویەتی.
لە قۆناغى دووەمدا کە هاوکات لەگەڵ قۆناغى یەکەم دەبێت بۆ ماوەى مانگێک جێبەجێ بکرێت، دەبێت وەزارەتى نەوتى عێراق بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بڕى راستەقینەى نەوت بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی هەرێم دیارى بکات.
داهاتە نانەوتییەکانیش خاڵێکی دیکەی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدایە، هەرێمی کوردستان پێشنیازی پێدانی نیوەی داهاتەکان دەکات، بەڵام عێراق مەرجی هەیە و پێشنیازی کردووە مانگانە داهاتەکەی پێبدرێت بە مەرجێک نابێت لە 200 ملیار دینار کەمتر بێت.
حکومەتی عێراقی لە پێشنیازەکانیدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ماوەیەک کەمتر لە 90 رۆژدا، دواتر تەمویلکردن بە شێوەیەکی یەکجارەکی دەبێت.
حکومەتی عێراق پێشنیازیشی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی یاسایی و تەکنیکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەت بۆ هەموارکردنی ماددەی (13/سێیەم)ی یاسای بودجە.
خەرجکردنی مووچە کێشەیەکی دیکەی نێوان هەردوو حکومەتە، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای دەستبەجێ خەرجکردنی دەکات، بەڵام حکومەتی عێراق بە مەرجیجێبەجێکردنی بڕگەکانی یەکەم، دووەم، سێیەم و چوارەم ناو رەشنووسەکەی لەلایەن هەرێمەوە و دوای ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئامادەیی دەبڕیووە پارە بۆ مووچە خەرج بکات.
حکومەتى عێراق لە پێشنیازەکانیدا جەختی لە پێکهێنانى لیژنەیەک کردوەتەوە بۆ پرسی بەجێکردن یان بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
تا کەی مووچە نایەت؟
رەشنووسەکەی نێوان هەولێر و بەغدا دەریدەخات ناکۆکییەکان قوڵ و ئاڵۆزن تا یەکلایی بوونەوەیان حکومەتی عێراق ئامادە نییە پارەی مووچە بنێرێت.
ئێستا هەموو ئومێدی مووچەخۆران بەو لیژنەیەیە کە حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە پێنج وەزیر پێکیهێناوە کە بڕیارە لە 9ـی تەمووزەوە دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن.