زانست

بۆچی وڵاتانی زلهێز بۆ سیخوڕیكردن لەبری مانگی دەستكرد پەنا بۆ باڵۆن دەبەن؟

Mic
2023-02-04

لەسەردەمی مانگە دەستكردە پێشكەوتووەكان كە دەتوانن وێنەی سەر زەوی بگرن ئەگەر لە ئۆتۆمبێلیش بچوكتر بێت، ڕەنگە بیركردنەوە لەباڵۆن بۆ سیخوڕیكردن ئەستەم بێت بەڵام ئەم بیروبۆچوونە چیتر ورد نیە.
باڵۆنی سیخوڕیكردن ئامرازێكی دیارە چاودێریكردنی ئاسمان و كەشوهوابووە لەسەردەمی جەنگی سارددا، هەرئەوەنا بەڵكو پێش زیاتر لە 200 ساڵ بۆ كۆكردنەوەی زانیاری سیخوڕی باڵۆن بەكارهاتووە، بەڵام ئەوكات سادەتربوون و بچوكتریش بوون، بۆ یەكەمجاریش وەك گێڕانەوە مێژووییەكان باسی دەكەن لەسەردەمی ناپلیۆن بەكارهاتووە.
پسپۆڕانی ئەمنیی دەڵێن باڵۆنەكانی سیخوڕیكردن بەشێكن لە شۆڕشی گەشە و پێشكەوتن و سیخوڕی بەسەر ناوچە زۆر بەرزەكاندا، تەنانەت بەریتانیا ساڵی رابردوو ملیۆنان دۆلاری لەبەرنامەیەك بۆ پەرەپێدانی باڵۆنی سیخوڕی خەرجكردووە.
ئەوەی باڵۆنی هێنایەوە بەرباس، فڕینی باڵۆنێكی چینی بوو بەسەر ئاسمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەرچەندە پەكین ڕەتیدەكاتەوە بۆ سیخوڕیكردن بووبێت، وەزارەتی دەرەوەی چین وتی باڵۆنەكە مەدەنی بووە و بۆ توێژینەوە بەكارهێندراوە هەروەها بۆ زانینی كەشوهەوا.
بەوتەی وەزارەتی دەرەوەی چین باڵۆنەكە بەهۆی نالەباری كەشوهەوا چووەتە ئاسمانی ئەمریكا، لەبەرامبەردا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڵێت ئەو باڵۆنە كە قەبارەكەی سێ هێندەی پاسێك بووە و لەسەر ئاسمانی ویلایەتی مۆنتانا بینراوە، ئەو ویلایەتەش دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای ئەمریكا و چەندین وێستگەی ئەتۆمی سەربازی ئەمریكای تێدایە.
بەوتەی بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا كە ئامادەنەبووە ناوی بهێنرێت، وڵاتەكەی دڵنیایە لەوەی ئەو باڵۆنە چینییە بۆ سیخوڕیكردن بووە بەسەر ناوچە هەستیارەكانی ویلایەتەكەو شوێنە سەربازیەكان.
ئەو باڵۆنانە كێشیان سوكە و پڕن لەگازی هیلیۆم، بەشێك لەباڵۆنەكانیش كامێرای چاودێری سیخوڕییان لێ بەستراوە كەكوالێتییان زۆر بەرزە بۆ وێنەگرتن.
ئەو باڵۆنانە دەتوانرێت لەزەوییەوە بۆ ئاسمان هەڵبدرێت و تا 18 هەزار پێ بەرزدەبنەوە واتە لەسەروو رێڕەوی فڕۆكە بازرگانیەكانەوە دەفڕێت، ناوچەیەك كە بە نزیك لەبۆشایی ئاسمان ناسراوە،لە كاتی هەڵفڕین لە هەوادا، ئەم باڵۆنانە تێكەڵەیەك لە ڕەوتی هەوا و گیرفانی هەوای پاڵەپەستۆكراو بەكاردەهێنن، كە دەتوانێت وەك جۆرێك لە فەرمان كار بكات.
بە وتەی پرۆفیسۆر مایكل كلارك شرۆڤەكاری ئەمنی و بەرگری ، گەورەترین سوودی باڵۆنە سیخوڕییەكان بەسەر مانگە دەستكردەكاندا ئەوەیە كە دەتوانن بۆ ماوەیەكی درێژتر لێكۆڵینەوە لە ناوچەیەك بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم باڵۆنانە دەتوانن بۆ ماوەیەكی زۆر بەسەر ناوچەیەكدا بمێننەوە.
لە درێژەی قسەكانیدا كلارك وتی: بەهۆی شێوازی خولانەوەی زەوی، ئەگەر مانگی دەستكردەكە لە سەرووی هێڵی ئیستواوە نەبێت، پێویستت بە ٣-٥ مانگی دەستكرد دەبێت بۆ ئەوەی بەردەوام شوێنێكی دیاریكراو بەدوادا بگرێت.
وە ئاماژەی بەوەشكرد ئەم باڵۆنانە تاڕادەیەك هەرزانن، و زۆر ئاسانترە بۆ هەڵدانی لە چاو مانگە دەستكردەكان.
  كلارك دەشڵێت: سەرەڕای بەكارهێنانی بەربڵاوی تەكنەلۆجیای مانگی دەستكرد، چەند وڵاتێك، لەوانەش بەریتانیا، سەرنجیان لەسەر پەرەپێدانی ئۆتۆمبێلی سیخوڕییە كە لە بەرگەهەوای سەرەوەدا دەفڕن.
وە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئەنجامدانی گرێبەستێكی بە بڕی زیاتر لە 120 ملیۆن دۆلار لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی ڕاگەیاند، بە مەبەستی دابینكردنی كەشتی ئاسمانی بێ سەرنشین بۆ چاودێری و سیخوڕی.

More News

Most Popular

زانست

ئایا ماسی دوای بەستنی دووبارە زیندوو دەبێتەوە؟

Mic
2024-07-25

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " earthdate" دا باس لەوە دەکات کە ماسی بە گشتی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمیدا هەیە و دەتوانێت لە ئاوی سارددا بۆ ماوەیەکی زۆر بژی، بەڵام ئەگەر ئاوێک بە تەواوی بەستوو بێت، ئەگەری ئەوە هەیە هەندێک لە ماسییەکان بمرن.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ماسییەکان لە دەریاچە بەستووەکان و ئاوەکانی ناوچە جەمسەرییە سەهۆڵاوییەکانی زەویدا دەژین؟
ماسییەکان کۆمەڵێک ستراتیژی بەکاردەهێنن بۆ مانەوەیان لە ژیاندا، ئەوانیش بریتین لە:
- خاوبوونەوەی میتابۆلیک، ماسی دەچێتە دۆخێکەوە پێی دەوترێت "torpor" ئەمەش هاوشێوەی خەوی زستانەیە، بەڵام بەو شێوەیە قووڵ نییە، پلەی گەرمی جەستەیان لەگەڵ پلەی گەرمی ئاوەکەدا دادەبەزێت و لێدانی دڵ و هەناسەدان و ئاستی چالاکی و جوڵەکانی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کەم دەبنەوە، بەم شێوەیەش وزە دەپارێزێت چونکە جەستەیان پێویستی بە جوڵە نییە.
- دەڕۆنە قووڵاییەکی زۆرترەوە، زۆرێک لە جۆرەکانی ماسی دەچنە ناوچە قووڵاییەکانی دەریاچەکانەوە کە پلەی گەرمی ئاوەکە جێگیرتر دەمێنێتەوە و کەمتر ئەگەری بەستنی تەواوەتی هەیە، ئەمەش ماسییەکە دەپارێزێت وادەکات لە ژیاندا بمێنێتەوە.
- کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بەو پێیەی ئاستی چالاکییەکانیان زۆر کەم دەبێتەوە، ماسییەکان پێویست ناکات لە وەرزی زستاندا وەکو جاران خۆراک بدۆزنەوە، لەوانەیە زۆر کەم بخۆن یان پشت بە وزەی یەدەگی خۆیان ببەستن.
- گونجاندنی فیزیۆلۆژی، هەندێک جۆری ماسی گونجانی تایبەتیان لە جەستەیاندا هەیە کە یارمەتیان دەدات لە سەرمادا بمێننەوە، بۆ نموونە هەندێکیان پرۆتینی دژە بەستن لە خوێنیاندا هەیە کە ڕێگری لە بەستنی خانەکانیان دەکات.
هەر بۆیە بە بەکارهێنانی ئەم ستراتیژانە، ماسییەکانی دەریاچە بەستووەکان دەتوانن وزەی خۆیان بپارێزن و لە بارودۆخی سەختی زستاندا بژین تا بەهار دێت.