هەواڵ

وردەكاری كەمبوونەوەی داهاتی نەوت و ناوخۆی هەرێم، ئایا هەرێم ناچارە رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغدا جێبەجێ بكات؟

Mic
2023-03-14

لەساڵی 2014 ەوە حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم دەستی بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ كردووە، لەوكاتەوە قەیرانی دارایی لەهەرێم سەریهەڵدا و چیتر مووچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا دابەش نەكراو پێچەوانەی پێشتر مووچە بووە هەواڵی سەرەكی میدیاكان.

لەساڵی 2014 حكومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی بڕی، ئەویش بەهۆی فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ، پێچەوانەی بانگەشەی بەرپرسانی باڵای هەرێم كە فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆ خۆشگوزەرانی دەهێنێت بۆ فەرمانبەران و خەڵكی هەرێم، لەوكاتەوەی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ دەفرۆشرێت نەك هەر مووچە لەكاتی خۆیدا نەدراوە بەڵكو بەشێكی زۆری پرۆژەكانیش لەهەرێم ڕاگیراون.

لەساڵی 2014 ەوە هەرێم دەیەوێت نەوت بفرۆشێت و حكومەتی عێراق بەشێك لەبودجەكەی بۆ بنێرێت، بەڵام تائێستا و بەتایبەت دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی لە 15 ی شوباتی 2022 كە فرۆشتنی نەوت و غازی لەلایەن هەرێمەوە بە نایاسایی ناوبرد حكومەتی عێراق بەو داوایە ڕازی نەبووە و چەند فشارێكیشی بۆ كۆمپانیاكانی نەوت هێناوە تا بكشێنەوە، بەوهۆیەشەوە هەم كڕیاری نەوتی هەرێم كەمیكردووە هەم نەوتەكەشی هەرزانتر دەفرۆشرێت.

ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت لەبازاڕەكانی جیهان دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی و لەكاتی ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە بە 78 دۆلار و 98 سەنت بوو، بەپێی زانیاریەكانی مایك هەرێم بەهۆی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی نەوتەكەی بەنزیكەی 20 دۆلار لەو بڕە كەمتر دەفرۆشێت، واتە بە كەمتر لە 60 دۆلار، ئەمەش تووشی قەیرانێكی دیكەی دەكات بۆ پێدانی مووچە، لەكاتێكیشدا داهاتی ناوخۆ بەهۆی زەمین لەرزەكەی توركیا و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ڕووی لەكەمیكردووە.

هەر بەپێی زانیاریەكانی مایك مانگی داهاتوو داهاتی ناوخۆ دەبێت 500 ملیار دینار بێت، ئێنجا حكومەتی هەرێم دەتوانێت مووچە دابەش بكات.

بەپێی زانیارییەكان، لە ئێستادا هەناردەی نەوتی هەرێم، بۆ خوار 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا دابەزیووە، بەمەش لە باشترین حالەتدا هەرێم دەتوانێت تەنیا 12 ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت. بەمەش كۆی گشتی داهاتی نەوت كەمتر دەبێت لە 700ملیۆن دۆلار، كە لەو بڕەش تەنیا 300 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم  كە دەكاتە 400 ملیار دینار.

 پێشتر داهاتی نەوت مانگانە 500ملیۆن دۆلار بوو بە نزیكەیی دەیكردە 700 ملیار دینار، بەو پێیەش بێت پێشتر تەنیا 200 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ پێویست بوو بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام بۆ ئەم مانگە بڕەكەی زیاد دەكات بۆ دوو هێندەو نیو، واتە 500 ملیار دینار دەبێت لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچە دابین بكرێت.

دابەزینی داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ لەیەككاتدا، گرفتی گەورەی ئابووری بۆ هەرێم دروست كردووە، حكومەتی هەرێم لە یەكەم هەنگاویدا خەرجی و نەسرییەی وەزارەت و دام و دەزگاكانی حكومەتی بەرێژەی %75 كەم كردەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكان حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لەتاوتوێكردنی ئەوەدایە ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت بەیەكجاری فرۆشتنی نەوت ڕادەستی بەغدا بكات و لەبەرامبەردا بەغدا مانگانە پشكی %12 پۆینت 67 ی بۆ بنێرێت، لەبەرامبەر ڕادەستكردنی نیوەی داهاتی ناوخۆ و 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.