وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕۆژی نۆی چواری 2003 كۆتایی هێنانی بە ڕژێمەكەی سەدام حوسەین لەعێراق ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە 20 ی ئازاری 2003 لەباشوری عێراقەوە بەهاوكاری چەند وڵاتێكی دیكە هێرشی بۆ سەر عێراق دەستپێكرد.
لەسەرەتادا سوپاكەی سەدام حوسەین لەبەسڕە و بەتایبەتیش لەبەندەری ئوم قەسڕ بەرگرییەكی بەهێزیان كرد، بەڵام زەبری ئاسمانی بەهێزی ئەمریكیەكان و پەرتبوونی سوپای عێراق شكستی بە سەدام حوسەین هێنا.
پێش ئەوەی ئەمریكیەكان بگەنە دەوروبەری بەغدای پایتەخت، سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری عێراق لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دەركەوت و وتی: هێزە ئەمریكیەكان لەنزیكەی هەفتەیەكدا دەگەنە بەغدا.
ئەو وتەیەی وەزیری بەرگری ئەوكاتی عێراق ورەی سوپاكەی سەدامی دابەزاند، هەمووان چاوەڕوانی ئەوە بوون سەدام وەزیرەكە بەتوندترین شێوە سزا بدات و تەنانەت لەسێدارەی بدات، بەڵام سوڵتان هاشم تا كۆتایی هاتنی تەواوەتی ڕژێمەكەی سەدام حوسەین پۆستی وەزیری بەرگری بەدەستەوە بوو.
لەكۆتایدا و پێش ئەوەی ئەمریكیەكان بگەنە بەغدای پایتەخت سوپای عێراق بەتەواوەتی تێكشكابوو، تەنها فیداییەكانی سەدام كە هێزێكی تایبەتی خۆی بوون لەگەڵ فیداییە عەرەبەكان مانەوە بۆ بەرگریكردن لەسەدام حوسەین، بەڵام ئەو هێزانەش نەیانتوانی خۆیان لەبەر هێرشی دەیان هەزار سەربازی ئەمریكا و بەریتانیا و هێزە هاوپەیمانەكانیاندا بگرن، سەرئەنجام ئەمریكیەكان بەیانی نۆی چواری 2003 گەیشتنە بەغدای پایتەخت.
لەكاتێكدا سەدام حوسەین لەشارۆچكەی ئەعزەمیەی بەغدا دەردەكەوت، ئەمریكیەكان لە شەقامی فیردەوسی بەغدا بوون، ئەوكات وەزیری بەرگری و گەورە بەرپرسانی ڕژێمەكەی سەدام خۆیان حەشاردا، ئەمریكیەكان بەدوای سەدام حوسەینەوە بوون كە ئەوكات خۆی لە پارێزگای ڕومادی حەشاردابوو، خێزانی ئەلبو خەربیت میوانداری خۆی و خێزانەكەی و ژمارەیەك لە پاسەوانەكانیان كردبوو، ئەمریكا ئەو ماڵەی بۆردومانكرد كە پێی وابوو سەدام حوسەینی تێدایە سەرئەنجام بەشێكی زۆر لەپاسەوانەكانی و خێزانی ئەلبوخەربیت كوژران، بەڵام سەدام حوسەین و هەردوو كوڕەكەی عودەی و قوسەی زیندوو بوون و شوێنێكی دیكەیان دۆزیەوە بۆ ئەوەی خۆیانی تێدا حەشار بدەن.
سەدام حوسەین توانی چەند مانگێك خۆی حەشار بدات، پێش ئەوەی لە چاڵێكدا لە قەزای دۆر سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین بدۆزرێتەوە و دەستگیر بكرێت، ئەو پارێزگایەی شوێنی لەدایكبوونی خۆی بوو، بەڵام هەردوو كوڕەكەی لە موسڵ كوژران لەكاتێكدا 30 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی زانیاری لەسەریان وەك خەڵات لەلایەن ئەمریكیەكانەوە دانرابوو، وەزیری بەرگری عێراقیش خۆی ڕادەستی ئەمریكیەكان كرد و ڕەوانەی زیندانێكیان كرد لە پارێزگای ناسریە و سەرئەنجام هەر لەو زیندانە لە تەموزی 2019 گیانیلەدەستدا.
ئەمریكا دوای ئەوەی كۆتایی بە ڕژێمەكەی سەدام حوسەین هێنا، دەستیكرد بە گەڕان بەدوای چەكی كۆكوژ كە هەر بەو پاساوە هێرشیكردەسەر عێراق، ئەوەبوو ئەمریكا نەیتوانی بیسەلمێنێت سەدام چەكی كۆمەڵكوژی هەیە و ئەنجومەنی ئاسایش هێرشكردنە سەر عێراقی بەداگیركاری ناوبرد.
سەرئەنجام ئۆپۆزسیۆنەكانی سەدام حوسەین كە بەشێكی زۆریان لەدەرەوەی عێراق بوون ئەنجومەنی حوكمیان دروستكرد بۆ بەڕێوەبردنی عێراق و لەسەرەتاشدا ئەمریكا پۆڵ بریمەری وەك حاكمی مەدەنی بۆ عێراق دانا.
هەرچەندە دوو دەیە بەسەر كۆتایی هێنان بەڕژێمەكەی حزبی بەعس لەعێراق تێپەڕیوە، كە عێراقیەكان لەژێر زەبرو زەنگیدا دەیانناڵاند، بەڵام ڕووداوەكانی دوای ڕووخانی ئەو ڕژێمە عێراقیەكانی شۆككرد و بێهیوای كردن چونكە گەندەڵی سەرتاپای عێراقی گرتەوە و وڵاتەكەش بووە جێگەی ململانێی هێزە هەرێمیەكان، جگە لەوەی چەندین ڕێكخراوی تیرۆریستی و توندڕەو سەریانهەڵدا و شەڕی تائیفیش دەستیپێكرد و تا ساڵی 2008 درێژەی هەبوو، دواتریش عێراقیەكان چەندین حكومەتیان بەهیوای چاكسازی گۆڕی بەڵام هێشتا ئەو خەونەیان بەدینەهاتووە كە لە وڵاتێكی فرەیی و دیموكراسیدا بژین كە سامانەكەی بۆ هەمووان بێت.
لەناو رەفەکانی پەرلەمانی عێراق 130 پرۆژە یاسا هەڵگیراون،
چاوەڕێی پەسەندکردنن، تەمەنی درێژی پەرلەمان سێ مانگی ترە و فریای پەسەندکردنی
چوار پرۆژە یاسا ناکەوێت
پەرلەمانی عێراق 9ـى ئایار چووە پشووی یاسادانانەوە تا مانگێکی
تر کۆنابێتەوە، ئەوەش لەکاتێکداتە 130 پرۆژە یاسای پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان
کراوە و تائێستا نەخراوەتە بەرنامەی کارەوە.
پەرلەمانی عێراق لەکاتێکدا دەکەوێتە پشووی یاسادانانەوە، کە
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێرق شەش مانگی ماوە و پەرلەمان تەنها سێ مانگی لە بەردەستدا
دەبێت بۆ کۆبونەوە و دانیشتنەکانی.
ئەمیر مەعموری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە،
پەرلەمانی عێراق بەدەست تێکچوونێکی فراوانی یاسادانان و چاودێرییەوە دەناڵێنێت و
40 پڕۆژە یاسا سەرەڕای ئامادەیی تەواویان، بەهۆی ناڕێکی دانیشتنەکانەوە پەسەند
نەکراوە.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، مانگانە پەرلەمان نەیتوانیوە هەشت
دانیشتن ببەستێت و دەڵێت: بەشێک لە پەرلەمانتاران ئامادەی هیچ دانیشتنێک و
چالاکییەکی پەرلەمان نەبوون و بە زەحمەت دەناسرێنەوە کە پەرلەمانتارن.
مانگی 11ـی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت و
بەشێک لە پەرلەمانتاران دووبارە خۆیان کاندید دەکەنەوە،زیاتر لە 100 پەرلەمانتاریش
پابەندی دەوام نابن، بۆیە دانیشتنەکانی پەرلەمان تا مانگی ئەیلول بەردەوام دەبێت.