هەواڵ

دەقی پرۆژە بودجەی 2023 ی عێراق

Mic
2023-03-19

رەشنووسی پرۆژە بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023   لە لایەن وەزارەتی دارایی و بە ناوی گەیف سامی محەممەد، وەزیری دارایی عێراق بڵاوکراوەتەوە، لە پێشەکییەک و پێنج بەش بپێک هاتووە و هەر بەشێکیش چەند لقێکی لێ بووەتەوە.
لە بەشی یەكەمدا بنەماكانی ئامادەكردنی ئەو پرۆژەیە ئاماژەیان پێ دراوە، كە بریتیین لە بنەما دەستووریی، یاسایی، ئابووریی، نەختینەیی، سیاسیی، كارگێڕیی، شەففافیی و كۆمەڵایەتییەكان، هەر یەكێك لە بنەماكانیش راڤە كراوە، یەكێك لە بنەما هەرە سەرەكییەكانی بودجەكەش بریتییە لە بەرنامەی ئەم حكومەتەی محەممەد شیاع سوودانی، كە بەرهەمی هاوپەیمانێتییەكی شیعیی-سووننیی-كوردییە.
لەم بەشەدا ئاماژە بە 15 بنەما كراوە و هەر بنەمایەكیش بە وردیی راڤە كراوە، روونیش كراوەتەوە كە چۆن ئەم بنەمایانە لە گەڵاڵەكردنی پرۆژە بودجەی ساڵی 2023دا رۆڵی بنچینەییان هەبووە. لە بنەمای (12)ـدا ئاماژە بە قەرزەكانی عێراق دراوە (ناوخۆیی و دەرەكییەكان)، لەو بڕگەیەدا ئاماژە بەوە دراوە كە لەم بودجەیەدا ئەوە لەبەرچاو گیراوە كە وادەیەك بۆ دانەوەی قەرزە ناوخۆییەكان دابنرێت و بڕی قەرزە دەرەكییەكانیش كەم بكرێنەوە، چونكە هێشتا عێراق ئەم قەرزانەی لە ئەستۆیە:
- 5.867 پێنج ملیار و هەشتسەد و شەست و حەوت ملیۆن دۆلار قەرزی پێش ساڵی 1990.
- 40.401 چل ملیار و چوارسەد و یەك ملیۆن دۆلار قەرزی چارەسەرنەكراوی وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس.
- 12.926 دوانزە ملیار و نۆسەد و بیستوشەش ملیۆن دۆلار قەرزی دوای ساڵی 2003 كە زۆرینەی بەهۆی شەڕی داعشەوە كەوتۆتە سەر ئەستۆی عێراق.
- 70.505 حەفتا تریلیۆن و پێنجسەد و پێنج ملیار دینار قەرزی ناوخۆیی.
لە بەشی دووەمدا ئاماژە بە گرنگترتن ئاڵنگارییەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ئەم پرۆژە بودجەیە كراوە، كە گرنگترینیان بریتیین لە:
- ئامادەگیی ڕەهەندەكانی شلۆقیی و ناجێگیریی سیاسیی لە ناوخۆ و دەرەوە كە وایان كردووە ڕەهەندی نەرێنیی بن و فشاری نەرێنییش بخەنە سەر دۆخی ئابووریی و دارایی وڵات.
- ناجێگیریی نرخی دیناری عێراقیی بەرانبەر دۆلار و هەموو ئەوەی پەیوەستە بەم هەڵبەز و دابەزەی نرخی دیناری عێراقییەوە.

- (داهاتی نانەوتیی)، بە هۆی كەمیی وزەی كارەبا و دەگمەنیی سەرچاوەكانی ئاو و سنوورداریی دەستڕاگەیشتن بە دڵنیایی و دۆخی ئەمنیی و ئاڵنگارییەكانی بازاڕ و ژینگەی كارەوە؛ هەر بە سنوورداریی دەمێنێتەوە.
- گەورەترین ئاڵنگاریی و مەترسیی ئابوورییش بریتییە لە گرێدراوی ئەم ئابوورییە بە نرخی نەوتەوە، چونكە هەر كات بازاڕی جیهانی خواستی لەسەر نەوت كەم بووەوە ئابووریی عێراق یەكەم زیانمەند دەبێت، هەربۆیە زۆر گرنگە وەكو ئەوەی لە بەرنامەی ئەم حكوومەتەدا ئاماژەی پێ دراوە، لەماوەی سێ ساڵدا پشتبەستن بە داهاتی نەوت بهێنرێتە خوارەوە بۆ ئاستی 80٪.
- ئاڵنگارییەكی دیكە هەر پەیوەستە بە نرخی نەوتەوە، ئەویش ئەگەر سزا بەسەر كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی نەوتی ڕووسی لە عێراق بسەپێنرێت، یان شەپۆلێكی دیكەی كۆڤید 19 بڵاو بێتەوە، یاخود بەرمەبنای جێبەجێكردنی ستانداردە جیهانییەكان بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی كەشوهەوا پشتبەشتن بە نەوت كەمبكرێتەوە، هەموویان گورزی پشتشكێن دەبن لە ئابووریی پشتبەستووی عێراق بە داهاتی نەوت.
- ئاڵنگارییەكی دیكە پەیوەستە بە لاوازیی و خراپیی سیستمی نەختینەیی عێراقەوە، كە توانای دابینكردنی سیولەی نەختینەیی بۆ چالاكییە ئابوورییەكان زۆر سنووردارە، بە گشتیی و لە هەموو ڕوویەكەوە ئەم سیستمە نەختینەیییە كێشەیەكی گەورەیە لەبەردەم ئەم پرۆژە بودجەیەدا.
- بەردەوامیی لاوازیی و كەمیی سەرچاوەكانی داهاتی دیكە وەكو باج و گومرگ، لەكاتێكدا ئەو دوو داهاتە دەكرێت هێزێكی گەورە بە داهاتی عێراق ببەخشن، هەر بۆیە داوا كراوە كە بە زووترین كات ڕسوماتی گومرگیی یەكگرتوو لە هەموو دەروازە سنوورییەكان جێبەجێ بكرێت.
- كاریگەرییە خراپەكانی دواكەوتن و نەبوونی بودجە لە ساڵانی 2020 و 2022 كە هەموو ئاكامە نەرێنییەكانی هاتوونەتە ئەم ساڵەوە، كە بڕێكی زۆر لە پابەندیی دارایی و نەختینەیی تێدایە هەر لە قەرز و شاییستەی دارایی و بابەتی دیكە.
- تەواوكردنی پرۆسەی چاكسازیی لە بواری دارایی و ئابووریی و بەتایبەتیی لە سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی هەیكەلی كارگێڕیی هەردوو بانكی (ڕەشید) و (ڕافیدەین) و باقیی بانكە حكوومییەكانی دیكە، ئەویش بۆ ئەوەی سەرمایەی ئەو بانكانە زۆرتر بكرێت و كەرتی بانكی ببووژێتەوە.
- دۆزینەوەی چارەسەرێكی دەستووری بۆ ئەو ناكۆكییە دارایییانەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەن،  لەسەر بنەمای بڕینی بودجە سیادییەكان، داهاتی نەوت و گومرگ و هەر پابەندییەكی دیكەی كە هەرێم لە هەمبەر حكوومەتی فیدڕاڵییدا هەیەتی.
- دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ پرۆژە گەورەكانی وەكو بەندەری فاو، هێڵی شەمەندۆفێری هەڵواسراوی بەغدا، سازگاركردنی ئاوی بەسڕە و هەموو ئەو پرۆژە وەستاوانەی دیكە كە پێویستیان بە بودجە هەیە بۆ سەرلەنوێ بەگەڕخستنەوە.
بودجەی پرۆژە لەپێشینەكان بە پشتبەستن بە بەرنامەی حكوومەت
ئەم پرۆژانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دراوە لەسەر بنەمای ئەو پرۆژانەی لەپێشینە (ئەولەوییات)یان هەیە لە بەرنامە (منهاج الحكومە)ـدا بودجەیان بۆ دیاریی كراوە كە بە هەردوو بودجەی سەرمایەگوزاریی و تەشغیلییەوە بڕی (٧.١٦٢.٠٠٠.٠٠٠) حەوت ترلیۆن و سەد و شەست و دوو ملیار دیناری عێراقیی بۆ تەرخان كراوە و پرۆژەكانیش بریتیین لە بوارەكانی:
یەكەم؛ چاودێریی كۆمەڵایەتیی: بڕی (١.٢٠٠.٠٠٠.٠٠٠) یەك ترلیۆن و دووسەد ملیار دینار بودجە بۆ چین و توێژە هەژارەكان تەرخان كراوە، ئەوانەی بە هۆی خراپی باری دارایی و بێكاریی و دۆخی تایبەتەوە پێویستیان بە دەستگرۆیی هەیە، ئەویش بەو جۆرەی خوارەوە:
- زیادكردنی بڕی (٦٥٠) ملیار دینار بۆ ئەوانەی مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتیی دەیانگرێتەوە.
- زیادكردنی بڕی (١٥٠) ملیار دینار بۆ ئەوانەی چاودێریی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەكەن.
- زیادكردنی سەرمایەی سندوقی قەرزی بێكاران بە بڕی (٤٠٠) ملیار دینار.
دووەم؛ بواری تەندرووستیی: بۆ كەرتی تەندرووستیی لە بوارەكانی هاوردەكردنی دەرمان، جێبەجێكردنی پلانەكانی وەزارەتی تەندرووستی و سەرخستنی پلانی حكوومەت بۆ هەڵمەتی نیشتیمانیی كوتان، بڕی (١.٥٨٠.٠٠٠.٠٠٠) یەك ترلیۆن و پێنجسەد و هەشتا ملیار دینار تەرخان كراوە، ئەویش بەو جۆرەی خوارەوە:
- تەرخانكردنی بڕی (٢٠٠) ملیار دینار بۆ پەرەپێدان و چاكسازیی لە بواری چارەسەر و خزمەتگوزاری پزیشكیی لە بنكەكانی تایبەت بە نەشتەرگەریی و چارەسەری نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەرەكان.
- تەرخانكردنی بڕی (٢٠٠) ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزاریی تەندرووستیی لە بنكەكانی چارەسەركردنی شێرپەنجە.
- تەرخانكردنی بڕی (٤٣٥) ملیار دینار بۆ درووستكردنی پێنج نەخۆشخانە لە شارەكانی زیقار، نەجەف، بەسڕە، بابل و كەربەلا.
- تەرخانكردنی بڕی (١٥٠) ملیار دینار بۆ خزمەتگوزاریی تایبەت بەوانەی بیمەی تەندرووستیی دەیانگرێتەوە.
- تەرخانكردنی بڕی (٤٤٨) ملیار دینار بۆ پاڵپشتییكردنی كڕینی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان.
- تەرخانكردنی بڕی (١٤٧) ملیار دینار بۆ تەئسیسكردن و كڕینی پێداویستییەكانی ١٠ نەخۆشخانەی یابانیی كە لە ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوودا درووستكراون.
سێیەم؛ بواری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و شارەوانییەكان: سەرباركردنی بودجەی دیكە بۆ چەند پرۆژەیەكی گرنگ كە تێكڕاكەی بریتییە لە (١.٩٠٣.٠٠٠.٠٠٠) یەك ترلیۆن و نۆسەد و سێ ملیار دینار لەوانەش:
- بڕی (٤٠٠) ملیار دینار بۆ پرۆژەی سازگاركردنی ئاوی دەریا لە شاری بەسڕە.
- بڕی (٦٠٠) ملیار دینار بۆ قۆناغی یەكەمی شەقامی بازنەیی.
- بڕی (٣٠٣) ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی ژێرخان لە پارێزگای دیوانییە.
- بڕی (٦٠٠) ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی ڕاژەی خزمەتگوزاریی و ئەندازەیی.
چوارەم؛ بۆ پیشەسازیی و كانزاكاریی: كۆی بودجەی ئەم بوارە كە بڕەكەی (١٠٧) ملیار دینارە بۆ قۆناغی یەكەمی لێكۆڵینەوە و نەخشەسازیی و ڕاوێژكاریی پرۆژەی زەبەلاحی (نیبراس)ـی پێترۆكیمایی تەرخان كردووە كە یەكێكە لە پرۆژە لەپێشینەكانی ئەم كابینەیە.
پێنجەم؛ كارەبا: بۆ بواری كارەبا كە یەكێكە لە لاوازترین كەرتە خزمەتگوزارییەكانی عێراق، بڕی (١.٢٦٢.٠٠٠.٠٠٠) یەك ترلیۆن و دووسەد و شەست و دوو ملیار دینار تەرخان كراوە بۆ پرۆژەكانی خوارەوە:
- بڕی (٢٨٠) ملیار دینار بۆ بەگەڕخستنەوە و چاكسازیی لە پرۆژەكانی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا.

- بڕی (٣٣٢) ملیار دینار بۆ ئامادەكردنی ١٥٠ وێستگەی گۆڕەری كارەبای بزۆك بۆ هاوینی داهاتوو.
- بڕی (٣٢٥) ملیار دینار بۆ بەگەڕخستنەوە و چاكسازیی كۆمپانیای (GE).
- بڕی (٣٢٥) ملیار دینار بۆ بەگەڕخستنەوە و چاكسازیی (ئێلێكتریك ئینتەرناشناڵ ئینك).
شەشەم؛ بواری پلاندانان: بۆ بواری پلاندانان بڕی (١.٥٠٠.٠٠٠.٠٠٠) یەك ترلیۆن و پێنجسەد ملیار دینار تەرخان كراوە بۆ دوو بوار: یەكەمیان بڕی ١ ترلیۆن دیناری سەرمایەگوزاریی بۆ سندووقی گەشەپێدانی عێراق و ٥٠٠ ملیار دیناری سەرمایەگوزاریی بۆ سندووقی پەرەپێدانی پارێزگا هەرەهەژارەكان.
حەوتەم؛ كشتوكاڵ: دابینكردنی بڕی  (١٠.١٧٠) دە ملیار و سەدوحەفتا ملیۆن دینار بۆ دەرچوواندنی كارتی كشتوكاڵیی.
هەشتەم؛ چاكسازییە هەنووكەییەكانی كەرتی بانك: تەرخانكردنی بڕێكی سەربار بۆ سەرمایەی بانكی پیشەسازیی بە بڕی (٥٠٠) ملیار دینار بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی كاركردنی بانكەكە. تەرخانكردنی بڕی (٢٥٠) ملیار دینار بۆ قەرزەكانی بانكی نیشتەجێكردن و (١٠) ملیار دیناریش قەرز بۆ كۆمپانیای (ئەلجوهد)ـی خزمەتگوزاریی سەر بە حەشدی شەعبی.
بنەماكانی خەمڵاندنی بودجەی فیدراڵیی
ئەم بودجەیە لەسەر كۆمەڵێك بنەما خەمڵێنراوە كە پەیوەستن بە داهات و خەرجییە گشتییەكانەوە، حكوومەت لەسەر ئەم گریمانانەی خوارەوە بودجەی ٢٠٢٣ی داڕشتووە:
- زیادبوونی تێكڕای گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی بە نرخی ئێستای كە گەیشتۆتە ٤.٥٪ هەروەها گەشەكردن بەرهەمی ناوخۆیی جگە لە نەوت بە ڕێژەی ٣٪ بۆ ساڵی ٢٠٢٣.
- ڕێگرییكردن لە فشاری هەڵاوسان بۆ گەرەنتییكردنی ئەوەی ٥٪ تێنەپەڕێنێت، ئەوەش لەپێناو پارێزگارییكردن لە ئاستی گوزەرانی خێزان و تاكەكان.
- تێكڕای نرخی نەوت بە ٧٠ دۆلار دیاریی كراوە.
- بڕی هەناردەكردنی نەوت گەیشتۆتە ٣.٥٠٠.٠٠٠ سێ ملیار و پێنجسەدهەزار بەرمیل بەو ٤٠٠.٠٠٠ چوارسەد هەزار بەرمیلە ڕۆژانەیەی هەرێمی كوردستانیشەوە.
- نرخی گۆڕینەوەی دۆلار ١٣٠٠ هەزار و سێسەد دینارە لە بەرانبەر یەك دۆلار.
بەرمەبنای ئەم خەمڵاندنەش داهات و خەرجییەكان بەو جۆرەی خوارەوە دەرئەنجامگیرییان لێ كراوە:
٥-١: خەرجییە گشتییەكان: بودجەی ٢٠٢٣ پێشنیاری خەرجییە گشتییەكان دەكات بە بڕی (١٩٨.٦٨٣.٧١٩.٤٧٢) سەد و نەوەد و هەشت تریلیۆن و شەشسەد و هەشتا و سێ ملیار و حەوتسەد و نۆزدە ملیۆن و چوارسەد و حەفتا و دوو هەزار دیناری عێراقی، كە دابەش دەبێت بەسەر ٧٥٪ خەرجی تەشغیلیی و ٢٥٪ تێچووی سەرمایەگوزاریی و ٦.٤٪ خزمەتگوزاریی قەرزی گشتیی. كە ٢٩.٧٪ی ئەوەش قەرەبووی فەرمانبەرانە كە لە پێناو پێداویستییەكانی دامەزراندنی نوێ دەبن كە حكووومەت پەسەندی كردووە، ١٤.٦٪یش بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی چاودێریی كۆمەڵایەتییە، كە لە دونیابینیی حكوومەتدا بایەخێكی بەرچاوی هەیە، هەروەها لەپێناو پڕكردنەوەی پیداویستییەكانی هاوڵاتییاندا.
لە ڕووی بودجەی سەرمایەگوزارییشەوە بودجەی ٢٠٢٣ پلانێكی سەرمایەگوزاریی گەورە و گەشبینانەی داناوە كە دەگاتە ٤٩.٤١٩ چلونۆ تریلیۆن و چوارسەد و نۆزدە ملیار دینار، كە ئەمەش دەكاتە ٢٥٪ی كۆی خەرجییەكان. خەرجی سەرمایەگوزارییش كە بەكردارییكردنی پرۆژە لەپێشینەكانی حكوومەتە لە كۆمەڵێك لقەبەرنامەی كەرتە جیاوازەكانی وەكو: كۆمەڵایەتیی، تەندرووستیی، ئاوەدانكردنەوە، پیشەسازیی و كارەبا، كشتوكاڵ، ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاریی، بەجێگەیاندنی گەشەپێدان، ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكان و حكوومەتی ئەلەكترۆنیی، كە لەناو ئەمانەشدا لەپێشینەیی (ئەولەوییەت) دراوە بەم پرۆژانەی لای خوارەوە:
پرۆژە سەرمایەگوزارییەكانی بەرنامەی حكوومەت:
    ٣.٦٦٣ تریلیۆن دینار      
    پرۆژەی پارەداركراو بە قەرزی بیانیی
  ٩.٩٦٤ تریلیۆن دینار
    پرۆژەی بەندەرەكان و لەناویشیاندا بەندەری فاو
 ١.٦٠١ تریلیۆن دینار
    سندوقی گەشەپێدانی عێراق


١ تریلیۆن دینار
    ستراتیژی كەمكردنەوەی هەژاریی
    ٥٠٠ ملیار دینار
    پرۆژەكانی پێترۆدۆلار
   ٢ تریلیۆن دۆلار
    پرۆژەكانی تایبەت بە هەژاریی
    ١٠٠ ملیار دینار 
پرۆژەی پەرەپێدانی هەرێمەكان
    ٢.٥٠٠ تریلیۆن دینار
    گرێبەستەكانی نەوت بەوانەی هەرێمی كوردستانیشەوە
    ١٥ تریلیۆن دینار
    پرۆژە خۆجێیەكانی كۆمپانیاكانی نەوت
    ١.٤٢٥ تریلیۆن دینار
    پرۆژەی وەزارەتەكانی دیكە بەوانەی هەرێمیشەوە، كە دەگاتە ٢.١١٩ تریلیۆن دینار، جگە لە قەرزەكان و پەرەپێدانی هەرێمەكان
    ٧.٦٤٨ تریلیۆن دینار
    ٥-٢: داهاتە گشتییەكان: وەكو هەموو ساڵانی پێشوو داهاتی سەرەكی عێراق پەیوەستە بە نرخی نەوتی خاو و بڕ و ڕێژەی نەوتی هەناردەكراو، هەروەها لە داهاتی پێشبینییكراوی نەوتی خاوی ناوەند و هەرێم، سەرەڕای خەرجیی گشتیی و نرخی گۆڕینی دیناری عێراقیی بەرانبەر دۆلار. بەپێی ئەم پێدراوانە داهاتەكان لەم پرۆژە بودجەیەدا دەگاتە (١٣٤.٥٥٢.٩١٩.٠٦٣.٠٠٠) دینار. كە داهاتی نەوت و سامانی كانزاكان ڕێژی ٨٧٪ی پێك دەهێنن ئەوەش وەكو هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی بڕی داهاتی گشتیی لە نەوت و گەیشتن بە ئامانجی كەمكردنەوەی پشتبەستن بەو داهاتە بۆ ئاستی ٨٠٪.
وەكو پێشتریش ئاماژەی پێ درا، بە پشتبەستن بە بەرنامەی ئەم كابینەیەی حكوومەت بڕیار دراوە كە نابێت بە تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەسترێت وەكو تاكە سەرچاوەی دانانی بودجە، هەر بۆیە بڕیار درا كە ڕستێك چاكسازیی و ڕێكار لە بوارەكانی گومرگ و باجەكاندا ئەنجام بدرێن ئەوە سەرباری دژایەتییكردنی گەندەڵیی لەم بوارانەدا بۆ ئەوەی ئەمانەش ببنە سەرچاوەیەكی داهات بۆ بودجەی ٢٠٢٣.
- ڕێكاریی چاكسازیی كارگێڕیی لە بواری باجەكان و گومرگدا جێبەجێ دەكرێن، لە ڕێی هەماهەنگیی لەگەڵ (ئۆنكتاد) و پێڕەوكردنی سیستمی (FMIS). بە جۆرێك هەندێك باج زیاد كراون كە بریتیین لە:    
باجی خزمەتگوزاریی لەسەر مۆڵ و سوپەرماركێتە گەورەكان كە پێشبینیی دەكرێت داهاتەكەی بگاتە ٢٢٥ ملیار دینار.
باجی سووتەمەنی هاوردەكراو لەسەر وێستگەكانی سووتەمەنیی ئۆتۆمۆبێل كە چاوەڕێ دەكرێت داهاتەكەی بگاتە ٢٥ ملیار دینار.
ڕسووماتی نوێ لەسەر بەنزین كە پێشبینیی دەكرێت داهاتەكەی ٤٥٠ ملیار دینار بێت.
ڕسووماتی نوێ لەسەر گاز كە پێشبینیی دەكرێت داهاتەكەی ٤٥ ملیار دینار بێت.
ڕسووماتی نوێ لەسەر داهاتی نەوتی ڕەش كە پێشبینیی دەكرێت داهاتەكەی ٥٠ ملیار دینار بێت.
داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو بە كۆمپانیاكانی پاڵفتەكردن كە پێشبینیی دەكرێت بڕی ٢.٢٠٠ تریلیۆن دینار داهاتی بێت.
- گەڵاڵەكردنی پرۆژە یاسا بۆ كۆكردنەوەی داهاتی كۆمپانیاكانی كارەبا و كۆمپانیاكانی دیكە و هەموو بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەكان بە ئامانجی كاراكردنی داهاتی ئەو كۆمپانیا و دامەزراوانە بۆ ئەوەی پاڵپشتیی داراییان هەمووی نەكەوێتە ئەستۆی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.
٥-٣: داهاتە گشتییەكان: تێكرای عیجزی پلانبۆدانراو لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا دەگاتە (٦٤.١٣٠.٨٠٠.٤٠٩) شەست و چوار تریلیۆن و سەد و سیی ملیار و هەشتسەد ملیۆن و چوارسەد و نۆ هەزار دینار، كە بە پشتبەستن بە زیادەی نرخی نەوتی فرۆشراو، زیادەی نەوتی بەرهەمهێنراوی فرۆشراو، قەرزی دەرەكیی و ناوخۆیی و ژمارەیەك سەرچاوەی دیكە پڕ دەكرێنەوە

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خراپتر بووە

Mic
2024-04-23

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. دەشڵێت، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردوە و تێدا دەڵێت" کوشتن و بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و بارودۆخی سەختی ناو زیندانەکان و چەندین پێشێلكاری تر تۆماركراون، وتیشی، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان كراوە و كێشە بۆ ئازادیی گردبوونەوە دروستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان گەیشتووتە ١٥٧٪.