هەواڵ

دواین زانیاری لەسەر ڕووداوەكەی گەڕەكی كەنەسورە لەسلێمانی

Mic
2023-03-20

بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەكی كەنەسورەی سلێمانی تەرمێك دۆزرایەوە، كەسوكارەكەی دەڵێن شۆفێری تەكسی بووە و كێشەی لەگەڵ هیچ كەسێك نەبووە، ئاسایشی سلێمانیش دەڵێت سێ كەس دەستگیركراون و بكوژان و كوژراوەكە پەیوەندییان هەبووە.

بەپێی زانیاریەكان تەرمەكە خنكێندراوە و لەدایكبووی 1978 ە و ماڵی لەگەڕەكی بەكرەجۆیە بەڵام لەماڵێكی كەنەسورە بە خنكاوی دۆزراوەتەوە.

ئەو كەسە باوكی شەش منداڵە و لەڕۆژی هەینییەوە لەماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە، بەوتەی كەسوكارەكەی لەدرەنگانی شەودا كاتێك هاوسەرەكەی تەلەفۆنی بۆكردووە مۆبایلەكەی داخراوە وبەوهۆیەوە گومانیان كردووە كە ڕووداوێكی بەسەرهاتبێت.

لەبارەی ڕووداوەكەوە ئاسایشی سلێمانی لەڕوونكردنەوەیەكدا ئاشكرایكرد دوای ئەوەی پێیان راگەیەنراوە کە لە رۆژی هەینییەوە هاوڵاتییەکی شاری سلێمانی دیارنەماوە، دەستیان بە لێکۆڵینەوەکانیان کردوە و لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا توانیویانە تەرمی هاوڵاتییەکە بدۆزینەوە.

ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت: تەرمی هاوڵاتییەکە لە نزیک لە ماڵێک لە گەڕەکی کەنەسورە دۆزراوەتەوە و لە ئێستادا تەرمەکەی لەژێر خاک دەرهێنراوە و رەوانەی پزیشکی دادی کراوە.

لەبارەی ناسنامەی هاوڵاتییەکەوە ئاسایشی سلێمانی دەڵێت: ئەو کەسە کاسب بووە و دۆزینەوەی تەرمەکە و دەستگیرکردنی سێ تۆمەتبار لەسەر کەیسەکە لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا رویداوە و هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەسەر کەیسەکە بەردەوامە بەڵام پێدەچێت بکوژەکان و هاوڵاتییە کوژراوەکە پەیوەندییان هەبووبێت. 

 یەكێك لەكەسوكاری ئەو كەسەی لە كەنەسورەی سلێمانی كوژرا بۆ مایك ئەوەی ئاشكراكرد سێ شەو لەمەوبەر پێش ئەوەی (ر،ر) بكوژن یەكێك لەبكوژەكان تەلەفۆنی كردووە و داوای 100 هەزار دۆلاری كردووە.

كەسوكاری ئەو كوژراوە دەشڵێن: دواتر تەلەفۆنی بكوژەكە داخراوە و بەیانی ئەمڕۆ تەرمی (ر،ر) یان دۆزیوەتەوە.


More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.