هەواڵ

10 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق نەكراوە، بڕیاردراوە لەمڕۆژەدا بكرێت

Mic
2023-03-20

شەشی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی تا درەنگانی شەوی ڕابردوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام دانیشتنەكە بۆ ڕۆژی شەممەی داهاتوو دواخرا.

پەرلەمانی عێراق لە کۆی 15 مادەی پڕۆژەیاسای هەمواری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، حەوت مادەی پەسەند کرد و ڕایگەیاند شەشی تشرینی دووەمی 2023 ئەو هەڵبژاردنە دەکرێت. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 20ی ئادار، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر حەوت مادەی پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کۆی 15 مادەی پڕۆژەکە دا و کۆبوونەوەکەی بۆ رۆژی 25ی ئادار دواخست، لەکۆبوونەوەکەدا پەرلەمان شەشی تشرینی دووەمی 2023ی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەند کرد. 

دوایین هەڵبژاردن بۆ ئەو ئەنجوومەنانە کرابێت لە ساڵی 2013بوو، بەر لەوەی بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2019 کاریان سڕ بکرێت.

 هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پڕۆژەیاساکەدا کراون بە یەک و بەگوێرەی ئەو مادانەی پەسەندکراون، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە 329 کورسین و ژمارەی کۆتای پێکهاتەکانیش گۆڕانکاریان تێدا نەکرا کە 9 دانەن. 

 بەشێکی دیکەی ئەو مادە و بڕگانەی پەسەندکران تایبەت بوون بە شێوازی هەژمارکردنی دەنگەکان کە دەبێت لە سەرجەم بنکەکانی دەنگدان ژماردنی دەنگەکان بە دەستی و ئەلیکترۆنیش بێت، ئەگەر ژمارەکان جیاواز بوون، ئەو کاتە پشت بە ژماردنی دەستی دەبەسترێت، هاوکات پێویستە لەماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی دەنگدانی تایبەت و گشتی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رابگەیەندرێت.

 پەسەندكردنی ئەو ماددانە لەكاتێكدایە، دەنگدان لەسەر هەمواری پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناڕەزایی بەشێک لە فراکسیۆنە ئۆپۆزیسیۆن و پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی لێکەوتەوە.

 ئەوان دژی ئەوەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەر پارێزگایەک بکرێتە یەک بازنە لە بری فرەبازنە، کە ئەمەی دواینیان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 پەیڕەوکرا،  جگە لەوەی نایانەوێت سیستمی سانت لیگۆ بۆ ژماردن و دابەشکردنی دەنگەکان بەسەر كاندیدەكاندا پەیڕەو بکرێت بۆ دیاریکردنی براوەی هەڵبژاردن.

More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.