هەواڵ

مەسرور بارزانی جارێكی دیكە داوای لەقوباد تاڵەبانی كرد بگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران

Mic
2023-03-20

مەسرور بارزانی بەبۆنەی نەورۆزەوە پەیامێكی ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كرد تا بگەڕێنەوە كۆبوونەوەكان، بەڵام قوباد تاڵەبانی لەپەیامێكدا بەبۆنەی نەورۆزەوە ڕایگەیاند لەئەگەری جێبەجێكردنی داواكاریەكانیان ئامادەی هەموو هاوكاریەكن.

لەپەیامەكەی مەسرور بارزانیدا هاتبوو: جەژنی نەورۆز، هێمای یەكگرتن و یەكڕیزی و سەركەوتن و ئازادی گەلی كوردستانە، لەم بۆنەیەدا، جەخت لە تەبایی و هاوهەڵوێستی خەڵكی كوردستان دەكەینەوە لە پێناو پاراستنی دەسكەوتە نیشتمانییەكان و داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانمان .

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستبووەڕوو: هەر بەم بۆنەیەوە، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەكانی هاووڵاتییانی ئازیزمان و خوڵقاندنی كەشێكی ئەرێنی، داوا لە بەڕێزان جێگری سەرۆك وەزیران و تیمی وەزاری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەكەمەوە، كە لە دوای كۆتاییهاتنی پشووەكانی نەورۆز ، بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی  گشت كێشەكان لە شوێن و پێگەی فەرمیی خۆی ، گفتوگۆی لەسەر بكرێت و بەیەكەوە ، كاربكەین لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان و جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

لەوەڵامی قوباد تاڵەبانی بۆ مەسرور بارزانی هاتووە:کوردستان لەبەردەم هەڕەشە و دەرفەتیشدایە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش ساڵانێکی زۆرە بە هەموو کەموکوڕییەکانمانەوە تەحەمولیان کردوین، داوای خزمەتگوزاری باشتر و بوژانەوەی ئابوری و ئارامی سیاسی دەکەن، لەم دۆخەدا داوا دەکەم هەموو لایەکمان لەپێناو هاوڵاتییاندا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و پێکەوە ئیدارەی ئەم دۆخەی ئێستا بدەین، با پێکەوە ئەو دەرفەتەی لەگەڵ بەغداد هاتووەتە پێشەوە بقۆزینەوە بۆ رێککەوتنێکی یەکجاری و درێژخایەن. لەناوخۆشدا زەمینە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بڕەخسێنین بە جۆرێک هەم متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکان بەهێز بکات و هەم هاوپەیمانەکانمان لە دەرەوە لەخۆمان بێهیوا نەکەین.

جێگری سەرۆكی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم دەشڵێت: لەبارەی کێشەکانی ناوخۆی کوردستان، ئێمە دەستی ئاشتەوایی درێژ دەکەین و ئامادەی هەموو گفتوگۆیەکین و رایدەگەیەنین؛ داواکاری کەسیمان نەبووە و نییە، بەڵکو داواکاری و بەرگریکردن بووە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان کە پێمان وایە ئەمە دەکرێت ویست و داواکاری هەموو لایەکمان بێت، ئێمەش بەبەڵێنی جێبەجێ کردنی ئەو داواکاریانە، ئامادەی هەموو ھاوکاری و هەنگاوێکی پێویستین.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.