هەواڵ

هێزەكانی ئێران چۆن بەهزادیان بە لێدان و فیشەك كوشت؟

Mic
2023-03-23

گەنجێكی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەخاڵێكی پشكنینی هێزەكانی ئێران دوای ئەوەی ڕادەگیرێت و لێی دەدرێت، بە فیشەك دەكوژرێت، هاوڵاتیانی ناوچەكەش لەكاردانەوەی كوژرانی ئەو گەنجەدا خاڵە پشكنینەكە دەسوتێنن.

بەپێی هەواڵی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، لە خاڵی پشكنینی كەریم ئاوای شاری بانە، هێزەكانی ئێران پاش ئازاردانی شۆفێرێكی گەنج، بە گولـلە كوشتوویانە، ئەمەش كاردانەوە و ناڕەزایەتی خەڵكی لێكەوتوەتەوەو ئەو خاڵە پشكنینەیان ئاگر تێبەرداوە.

ڕووداوەكە  ڕۆژی ٢٢ی ئادار ڕوویداوە، ئەو گەنجە ناوی “بێهزاد عەزیزی”، یە و تەمەنی ١٩ ساڵ بووە و خەڵكی گوندی دەرگا شێخانی سەر بە شاری بانەیە.

بەوتەی سەرچاوە خۆجێییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هێزەكانی سوپای پاسداران لەو خاڵی پشكنینەدا پێیان وابووە ئۆتۆمبێلەكەی بێهزاد عەزیزی كۆڵبەر باری قاچاخی تێدایە، بەڵام هیچی تێدا نەبووە.

ئاژانسی هەواڵی كوردپا، كە گرنگی بە هەواڵەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا دەدات؛ بڵاوی كردووەتەوە: هێزە ئەمنییەكان پێش تەقەكردن هۆشداریان بەو هاوڵاتییە نەداوە و ئاگاداریان نەكردووەتەوە.

ساڵانە لە ناوچە سنوورییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆكاری جیاواز دەیان كەس دەكوژرێن، رۆژی چوارشەممە لە رووداوێكی دیكەدا كۆڵبەرێك بە ناوی حوسێن خەندانی لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، تەقەی لێكراوە و بەم هۆیەوە بریندار بووە.

پێشتر ماڵپەڕی كۆڵبەر نیوز بڵاویكردەوە: ساڵی ڕابردوو لە سەر سنوورەكانی نێوان ڕۆژهەڵات لەگەڵ باشوور و باكووری كوردستان، لانیكەم ٣٩ كۆڵبەر و كاسبكاری كورد كوژراون، كە لەو ژمارەیە ٢٧ كۆڵبەریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی دەوڵەتی ئێران گیانیان لەدەستداوە و كەسێكیش لە ئەنجامی تەقەی هێزەكانی دەوڵەتی توركیا.

ماڵپەڕەكە دەشڵێت: ١١ كۆڵبەری دیكە بە هۆی، ڕووداوەكانی هاتووچۆ لە ڕێگا سنوورییەكان، ڕەقبوونەوە، وەستانی دڵ و كەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، گیانیان لەدەستداوە.

هاوكات لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، ٥٥١ كۆڵبەر كوژراون و هەزار و ٢٤٦ كۆڵبەر و كاسبكاریش لە ناوچە سنوورییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان برینداربوون.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.