هەواڵ

حكومەتی هەرێم وەڵامی ڕاپۆرتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەداتەوە

Mic
2023-03-23

رۆژی ٢١/٣/٢٠٢٣ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوكردەوە. ڕاپۆرتەكە لە چەند بەشێكیدا باس لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەكات، حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمیش وەڵامی دەداتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕاپۆرتی ساڵانەی لەبارەی دۆخی مافەكانی مرۆڤ بڵاوكردەوە و تیایدا ڕەخنەی تووند لە پێشێلكاری و گەندەڵیی و ئەنجامدانی توندوتیژی دەگرێت لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی پارتی و یەكێتی و حكومەتی هەرێم.

ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكات، هێزە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان توندوتیژییان بەرامبەر خۆپیشاندەران و چالاكانی ڕەخنەگر لە حكومەت ئەنجامداوەو چەندین حاڵەتی دەستگیركردن هەبووە بەبێ بڕیاری دادگاو ئاگاداربوونی كەسوكاری دەستگیركراوان، بەتایبەت لە خۆپیشاندانەكەی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو كە لەلایەن نەوەی نوێ ئەنجام درا.

لە ڕاپۆرتەكەدا چەندین حاڵەتی دەستگیركردن و پێشێلكاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان خراوەتەڕوو، هەروەها باسلەوە دەكات میدیاكانی سەربە پارتی و یەكێتی هەریەكەیان لە زۆنی حكومڕانیی خۆیان دەستیان بە زانیاریی دەگات و دەرگاكان كراوەن لە بەردەمیاندا، ئەوەش بە پێچەوانەی میدیای ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی سەربە حیزبەكان نین كە دەستیان بە زانیارییەكان ناگات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەوەشی خستووەتەڕوو، پارتی و یەكێتی خاوەنی هێزی چەكدارو پێشمەرگەی تایبەت بە خۆیانن و هەریەكەیان دەزگای هەواڵگریی سەربەخۆیی هەیە كە هەر بەناو سەربە ئەنجومەنی ئاسایشن.

هاوكات ڕاپۆرتەكە باسی خراپیی دۆخی زیندانەكان و لێدان و ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوان دەكات لەگەڵ سزا نەدانی ئەوانەی پێشێلكاریی و توندوتیژییان ئەنجام داوە لەلایەن حكومەتەوە.

پرسی گەندەڵی و سەروەرنەبوونی یاسا لە عێراق و كوردستان، بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایەو ئەوە خراوەتەڕوو كە گەندەڵی لە هەموو ئاستەكاندا بەربەستە لەبەردەم حكومڕانییەكی تەندروست، لەوانەش؛ بەرتیلدان، سپیكردنەوەی پارە، خزمایەتی و خراپ بەكارهێنانی سامانی گشتی لە هەموو ئاستەكانداو ڕەچاوكردنی خێزان و خێڵ و كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكانی حكومەت، دەشڵێت بەرپرسانی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم زۆرجارۆخەریكی كارە گەندەڵییەكان بوون بەبێ ئەوەی سزا بیانگرێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژە بەوەش دەكات، هەرچەندە ئەنجوومەنی دادوەری كوردستان لە ڕووی یاسایی و دارایی و كارگێڕییەوە سەربەخۆیە لە وەزارەتی دادی هەرێم، بەڵام دەوترێت سەركردە باڵاكانی هەرێمی كوردستان كاریگەرییان لەسەر دۆسیە سیاسییە هەستیارەكان هەبووە. هەروەها دەوترێت پارتی و بەكێتی كاریگەرییان لەسەر دانانی دادوەران و بڕیارەكانی دادگا هەبووە.

بەڵام ئەمڕۆ نووسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەكانی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم وەڵامی ڕاپۆرتەكەی دایەوەو ڕایگەیاند: بە داخەوە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، زۆر ناشەفافانە و دوور لە ڕاستی و ناواقیعیانە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان دەكات و دووڕوویی و ئیزدواجیەتی تێدایە و وەكو پێویست، ئاماژە بە هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم ناكات بەتایبەتی لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، كە بە تەحەدایەكی گەورە دادەنرێت لەسەر هەرێمی كوردستان.

نوسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەكانی حكومەتی هەرێم دەشڵێت: سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین، ئاشكرایە كە لە هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن هەیە و سەدان دەزگای ڕاگەیاندنی جۆراوجۆی ڕاگەیاندن هەن كە بە ئازادی كاری خۆیان دەكەن و زۆربەشیان رەخنەگری دەسەڵاتن و یاسا و رێنمایی و میكانیزمەكانی حكومەتی هەرێم لە بواری ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن، ڕوون و ئاشكران بەڵام راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پشت بە چەند سەرچاوەیەكی نافەرمی و دەزگای میدیایی دەبەستێت كە هەڵوێستەكانیان سیاسین و خۆیان دژی ئەم دەسەڵاتەن و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسین و دەیانەوێ بۆ مەرام و ئامانجی سیاسی خۆیان ڕاستییەكان بشوێنن.

سەبارەت بە كەیسی ژمارەیەك لە گیراوان كە لەڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی پێكراوە، رێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەكانی هەرێم دەڵێت: لێرەدا پێویستە ئەوە روون بكرێتەوە ئەم كەیسە یاساییانە هەرچەندە پەیوەندییان بە تێكدانی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەبووە بەڵام سەرەڕای ئەوەش پڕۆسەی دادگایی كردنیان بە ئاشكرا و شەفافانە بەڕێوەچووە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان، رێكخراوەكان و پەرلەمانتاران، بێ ئەوەی ڕاپۆرتەكە ئاماژە بە هەوڵەكان بكات بە مەبەستی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و ئەمن سەقامگیری هاووڵاتیان.

باس لەوەشدەكات: لە لایەكی ترەوە، حكومەتی هەرێم ساڵانە زانیاری و داتای ورد پێشكەش بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەكات لە رێگای كونسوڵگەری ئەمریكا لە هەولێر، بۆ ئەم مەبەستەش لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢ زانیاریمان پێشكەش كردووە، بەڵام دیارە بەمەبەست ئاماژەیان پێنەكراوە و وەكو پێویست پشتیان بە زانیاریەكانی حكومەتی هەرێم نەبەستووە بۆ ئەوەی راپۆرتەكە زیاتر شەفاف و بێلایەن بێت و هەڵوێستی لایەنی بەرامبەریش وەربگرن نەك تەنیا تاكلایەنە و بە ئارەزووی خۆیان شت بنووسن.

هەر لەوەڵامەكەی ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكانی هەرێم هاتووە: حكومەتی هەرێم بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، سیاسەت و رێوشوێنی تایبەت بە خۆی دەگرێتە بەر بەڵام لە راپۆرتەكەدا ئەم بابەتەی بە هەند وەرنەگیراوە. لە هەمانكاتدا بە پێوەری جیاواز مامەڵە دەكات وەك ئەو كردەوە تیرۆریستییەی كە لە ساڵی ڕابردوو لە هەولێری پایتەختی هەرێم روویدا و بووە هۆی تیرۆركردنی عەقید هاوكار جاف، كەچی بەرپرسانی سەربازی ئەمەریكی لەگەڵ تۆمەتباری سەرەكی تیرۆركردنەكە كۆدەبنەوە و وێنە دەگرن.

لەبەشێكی دیكەی وەڵامەكەدا هاتووە: مایەی نیگەرانییە كە كونسوڵگەری گشتی ئەمریكا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ چەند كەس، گرووپی میدیایی و ژمارەیەك لە بەناو رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی دەكات و پاڵپشتی داراییان دەكات كە ئەجێندای سیاسییان لە پشتە و تەنانەت زۆریشیان مۆڵەتی یاسایی كاركردنی نییە،
"سەبارت بە پرسی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی گشتگیری داڕشتووە لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) كه له ڕۆژی ١٥/٩/٢٠٢٢ پەسەند كرا، پلانەكە لە (٢٧) بەش پێكهاتووە ئامانجی بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە"نوسینگەی ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكانی هەرێم وادەڵێت.

لەبەشێكی ڕاگەیەندراوەكەدا نوسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكانی هەرێم نوسیویەتی: بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت لە نێو هێزەكانی پێشمەرگە لیژنەیەكی پزیشكیی تایبەت پێكهێنراوە و پشكنینی بۆ (٩٥٧٨) خاوەن پێداویستی تایبەت ئەنجامداوە، بەپێی بڕیاری لیژنەكە (٤٦٦٤) خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێژەی پێویستیان هێناوە.

بە هاوكاری لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی (٤٠٠٠) ئەفسەر و كارمەندی پێشمەرگە لە هەردوو ڕەگەز سوودمەند بوونە لە بابەتەكانی مافی مرۆڤ و جێندەر و پاراستنی خەڵكی سڤیل، زیاتر لە (٥٠٠٠) نامیلكەی ڕێساكانی هەڵسوكەوتی پێشمەرگە بە ناوی (پێشمەرگە جەنگاوەرە، بكوژ نییە) چاپكراوە.

سەبارەت بە دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا تیشكی خراوەتە سەر، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكانی هەرێم دەڵێت: دووپاتی دەكەینەوە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان لە هەرێمی كوردستان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە سەرپەرشتی دەكرێن كە دامەزراوەیەكی حكومەتی هەرێمە و بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و ئەرك و بەپرسیاریەتییەكانی لەسەر بنەمای لامەركەزی بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەشكراوە هاوكات پابەندە بە چەسپاندنی سیاسەتێكی ئەمنی یەكگرتوو، دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستان بە تەواوی سەربەخۆیە و حكومەتی هەرێم ڕێز لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەگرێت و پابەندە بە سیستمێكی یەكگرتووی هاوسەنگ و دەست ناخاتە نێو ڕێوشوێنە دادوەرییەكان. هەروەها هەوڵ دەدات پڕۆسەی دادوەری، دادپەروەرانە و شەفاف و لێپرسراوانە بێت بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان، پێویستە ئاماژە بەوە بكەین بە مەبەستی نەهێشتنی گەندەڵی، حكومەتی هەرێم لە چاكسازییە هەمەلایەن و گشتگیرییەكانی بەردەوامە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی. بۆ نموونە وەزارەتی دارایی و ئابووری (٤٣) ڕێنمایی و (٣٠) گشتاندنی لەمبارەیەوە دەركردووە.
 

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خراپتر بووە

Mic
2024-04-23

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. دەشڵێت، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردوە و تێدا دەڵێت" کوشتن و بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و بارودۆخی سەختی ناو زیندانەکان و چەندین پێشێلكاری تر تۆماركراون، وتیشی، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان كراوە و كێشە بۆ ئازادیی گردبوونەوە دروستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان گەیشتووتە ١٥٧٪.