هەواڵ

سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێم بازگە دادەنێت و رێگە بە هاتوچۆی هاوڵاتییان نادات

Mic
2025-04-07


رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، کە سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێم و بەدیاریکراوی لە سنوی برادۆست بازگەی داناوە و رێگە بە هاوڵاتییان نادات سەردانی ناوچەکانی خۆیان بکەن.

لە راگەیەندراوێکدا، رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە ڕۆژی 31ـی ئازاردا، گوندنشینانی شارەدێی بەرمیزە لە قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر، بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە روویان کردە چیای ئاودەل کێوی و مێرگی سەرچەمان، لەسەر ڕێگای گوندنشینەکان سوپای تورکیا بازگەیەکی جێگیرکردووە و دوای ناسنامە و کارتی نیشتیمانی لێکردوون.

سی پی تی ئاماژەی بەوەکردووە، کە سوپای تورکیا ڕێگەیان بە گوندنشینانداوە بچن بۆ کردنەوەی گژوگیا لە سنورێکدا، کە سەربازەکان بۆیان دیاریکردبوون، بەڵام بە مەرجی ئەوەی کە وێنە و ڤیدیۆی ناوچەکە نەگرن.

وەک سی پی تی بڵاویکردووەتەوە، لەکاتی گەڕانەوەیاندا، سەربازانی سوپای تورکیا بە گوندنشینانیان ڕاگەیاند، کە تا رۆژی 7ـی نیسان مۆڵەت بە هیچ کەسێک نادەن بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا و لەو قۆرژەشدا تەنیا لە کاتژمێر 6ـی بەیانی تاوەکو 4ـی دوانیوەڕۆ رێگەپێدان هەیە.

لە راگەیەندراوەکەی سی پی تی دا هاتووە، کاتێک ئەمڕۆ، گوندنشینان بەڕێگاوەبوون بۆ مێرگی سەرچەمان بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە، سەربازانی تورک لە بازگەکەیان، رێگەیان لێگرتن و ڕێگەیان نەدا کە گوندنشینان تێپەڕببن.

بە پێی ئامارێکی رێکخراوی سی پی تی لە دوای پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان و راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە، ئێستا سوپای تورکیا لانی کەم 123 هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

لە سەرەتای 2025یشەوە تا ئێستا بە هۆی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا دوو هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و چوار هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.

More News

Most Popular

هەواڵ

بۆ یەکەمجار شەڕ و جەنگ گرانی لە هەرێمی کوردستان دروست نەکرد

Mic
2025-06-24



لە 12 رۆژی جەنگی ئیسرائیل و ئێراندا، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار توشی هیچ شڵەژانێک و بەرزبونەوەی نرخی کاڵاو شمەک نەبوو، لە کاتێکدا زۆرینەی کاڵای بازاڕەکانی ئێرانین. 


بەرەبەیانی 13ـى حوزەیران ئیسرائیل هێرشێکی چڕ و فراوانی کردە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، هێرشەکە یەکەم هێرشی ئاشکرا و راستەوخۆی ئیسرائیل بوو بۆ سەر ئێران.


ئیسرائیل گورزی کوشندەی لە ئێران وەشاند، جگە لە کوژرانی سوپاسالاری ئێران و فەرماندەی سوپای پاسداران و فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران، چەندین فەماندەی پلەباڵای ئێران کوژران، هەروەها زیاتر لە 10 زانای ئەتۆمی ئێران کوژران.


ئێران هەمان رۆژ وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و بەچڕی ئیسرائیلی موشەک باران کرد، دوای 12 رۆژ شەڕەکە بە کاتی وەستێندراوە و بڕیارە ئاگربەستی درێژخایەنیش بکرێت. 


هەرێمی کوردستان لە نێوان بەرداشی ئێران و ئییسرائیلدا بوو، بەشێک لە موشەک و درۆنەکانی هەر دوولا بەسەر ئاسمانی هەرێمدا تێدەپەڕین و لە چەند ناوچەیەکیش کەوتنەخوارەوە.


ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان جیاوازبوو لەم جەنگەدا، سەقامگیری دۆخی بازاڕەکانی بوو، نەک شتومەک گرانن نەبوو، بازاڕ هیچ شڵەژانێکی بەخۆیەوە نەبینی، بەڵکو بەشێک لە شمەک و پێداویستییەکان نرخەکانیان دابەزی.


گراننەبوونی کاڵا و پێویستی هاوڵاتیان لەکاتێکدابوو، بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی لە بازاڕەکانی هەرێمدان، بەرهەمی ئێرانییە، لە 12 رۆژ ئەو جەنگە قورسەی بەرۆکی ئێرانی گرتبوو، سنورەکان دانەخران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی وەک خۆی بەردەوام بوو.


یەکێکی تر لەو هۆکارانەی کە وایکرد، لە بازاڕەکاندا هیچ شڵەژانێک روونەدات، دابەشنەکردنی مووچە بوو، کاتێک جەنگەکە دەستیپێکرد، 43 رۆژبوو مووچە دابەشنەکرابوو، ئەمەش وایکرد هاوڵاتیان بە لێشاو و زیاد لە پێویست شتومەک نەکڕن.


هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم و بڵاوبونەوەی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ لەکاتی سەرژمێریدا، بەلێشاو روویان لە بازاڕەکان دەکرد بۆ کڕینی شتومەک، ئەمەش سڵەژانی لە بازاڕدا دروستت کرد و بووەهۆی بەرزبونەوەی نرخ، بەڵام تێپەڕاندنی ئەم جەنگە بەبێ شڵەژانی بازاڕ، هاوڵاتییانی هەرێم رادەهێنێت بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنن لەگەڵ کێشە و قەیرانەکاندا.