هەڵبژاردنی پاپا رێورەسمێکی جیاوازی هەیە، تەنها نزیکەی 120 کاردیناڵ بەشداری تێدا دەکەن کە دەبێت تەمەنیان لە خوار 80 ساڵەوە بێت. بە نهێنی دەنگ دەدەن و لەگەڵ هەر خولێکی دەنگدان دەنگەکان دەسوتێنن و بە رەنگی دووکەڵەکە بڕیار دەدەن.
پاپا فرانسیس کاردیناڵ (خۆرخێ ماریۆ بێرگۆ) پاپای ڤاتیکان و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان لە تەمەنی 88 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچیی دوایی کرد.
پاپا فرانسیس 17ی کانوونی یەکەمی 1936 لە ئەرجەنتین لە دایک بووە، فرانسیس یەکەمین کەسی ئەمریکای لاتینە لە مێژووی ڤاتیکان دا رابەری کاسۆلیکەکانی جیهانی کردبێت.
رۆژی 13ی ئازاری 2013 فرانسیس بە پاپا ی ڤاتیکان هەڵبژێردرا، فرانسیس ئازاری 2021 سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد.
رێوڕەسمی ماتەمینی پاپا 9 رۆژ دەخایەنێت، دوای تەواوبوونی رێوڕەسمی ماڵئاوایی کردن لە تەرمی پاپا رێکارەکانی هەڵبژاردنی پاپای نوێ دەستپێدەکات.
کێ پاپای نوێ هەڵدەبژێرێت؟
هەڵبژاردنی پاپا بە دەنگدانی نهێنی دەبێت و تەنها کاردیناڵە خوار تەمەنی 80 ساڵەکان مافی دەنگدانیان هەیە ، کە بە شێوەیەکی گشتی ژمارەیان نزیکەی 120 کەس دەبێت.
ئەمانە پێیان دەوترێت هەڵبژێرە کاردیناڵەکان، ئەوان لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا بە ناوی کۆنکلاڤ لە کەنیسەی سیستین لە ڤاتیکان کۆدەبنەوە.
لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، کاردیناڵەکان بەتەواوی لە جیهانی دەرەوە دادەبڕێن، رێگە بە بە بردنە ژوورەوەی هیچ جۆرە مۆبایل و ئینتەرنێت و کەرەستەیەکی میدیایی نادرێت.
کاردیناڵەکان پێش بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا، دەبێت سوێندی پاراستنی نهێنییەکان بخۆن تا هەمووان پابەندی پاراستنی نهێنییەکان بن.
پرۆسەی دەنگدان
پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێ، بە زۆری دوو جار بەیانیان و دوو جار پاشنیوەڕۆ ئەنجام دەدرێت.ئەو کەسەی دەبێتە پاپا دەبێت دەنگی دوو لەسەر سێی دەنگدەران بە دەست بهێنێت، ئەگەر هیچ کاندیدێک زۆرینەی پێویست وەرنەگرت، دەنگدان بەردەوام دەبێت تا یەکێک بەدەستی دەهێنێت.
پەیامی دووکەڵەکان
دوای هەر خولێکی دەنگدان، دەنگەکان دەسووتێنرێت، دووکەڵی رەش بەو واتایە دێت هێشتا پاپا نییە، دووکەڵی سپی بە واتای ئەوە دێت پاپایەک هەڵبژێردراوە.
کاتێک پاپایەکی نوێ هەڵبژێردرا، لێی دەپرسن، هەڵبژاردنی خۆت وەک پاپای باڵا قبووڵ دەکەیت؟ ئەگەر وتی بەڵێ، دواتر لێی دەپرسن چ ناوێک هەڵدەبژێریت؟.
دوای هەڵبژاردنی ناو، پاپای نوێ جل و بەرگی سپی لەبەر دەکات، لە باڵکۆنی کڵێسای سەنت پیتەرەوە کە گەورەترین کڵێسای جیهانە هەڵبژاردنی پاپای نوێ رادەگەیەنرێت.
مەرجەکان بۆ بوونە پاپا
دەبێت پیاوێکی کاسۆلیکی مەعموود بێت، مەرج نییە لە کاتی هەڵبژاردندا کاردیناڵ یان قەشە بێت بەڵام ئەگەر کەسێک هەڵبژێردرا کە پێشتر قەشە نییە، ئەوا دەبێت راستەوخۆ پێش ئەوەی ببێتە پاپا وەک قەشە دەستنیشان بکرێت.
هەموو پاپاکان لە سەردەمی مۆدێرن لە کۆلێژی کاردیناڵەکانەوە هەڵبژێردراون، کاردیناڵەکان سەرکردەی ناسراوی کڵێساکانن کە ئەزموونیان لە حوکمڕانیدا هەیە.
لە کاتێکدا پاپا دەتوانێت لە رووی تەکنیکییەوە تەمەنی گەورەتر بێت، بەڵام شتێکی نائاسایییە کە کەسێکی زۆر بەساڵاچوو هەڵبژێردرێت، ئەگەرچی هێشتا هیچ سنوورێکی تەمەن بۆ هەڵبژاردن دانەنراوە.
کێ ناتوانێت پاپا بێت؟
غەیرە کاسۆلیکەکان، ژنان، ئەوانەی مەعمودیەتیان نەگرتووە و ئەوانەی ناتوانن یان نایانەوێت رۆڵەکە قبووڵ بکەن ناتوانن ببنە پاپا.
تا ئێستا حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان رێکنەکەوتوون، زانیارییەکان سێشەممە بە یەکلاییکەرەوە ناو دەبن.
سێشەممەی مووچە؛ ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دەبێت و بەپێی زانیارییەکان بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بدرێت.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان رەشنووسی رێککەوتنێکیان ئامادە کردووە کە پرسی داهاتەکان، بەجێکردنی مووچە و دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە خۆ دەگرێت.
تا ئێستا هیچ کام لە هەولێر و بەغدا زانیاریی فەرمییان لەبارەی ئەو رەشنووسەوە بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان لە هەردوو حکومەت چاوەڕوان دەکرێت، ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە سێشەممەی مووچە بێت و حکومەتی عێراق لەبارەی ناردنییەوە بڕیار بدات.
کێشەی نەناردنی پارەی مووچە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان ئەو کاتە سەری هەڵدا کە وەزارەتی دارایی عێراق بە نوسراوێک هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردەوە کە هیچ بڕە پارەیەکیان لە یاسایی بوودجەدا نەماوە تا بۆیانی بنێرن.
بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە پارەی مووچەی مانگی ئایار بەشێوەی سولفە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام ئەگەر هەیە شێوازی ناردنەکەی لە سولفەشەوە بگۆڕێت بۆ شێوازی دیکە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبارەی رەشنووسەکەوە دەستی دیجیتاڵ میدیای Mic کەوتووە، هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت.
هەرێمی کوردستان لە سەرەتادا دەبێت مانگانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، تا لە رێگەی ئەو کۆمپانیا عێراقییەوە هەناردەی دەرەوە بکرێتەوە.
پرسی بەجێکردن یان بە بانکیکردنی مووچەش یەکێکی دیکەیە لە تەوەرەکانی ئەو رەشنووسە سەرەتاییەی کە لە نێوان هەردوو حکومەت ئامادەکراوە.
هەرێمی کوردستان پێویستە مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بە بانکی بکات و هەژماری بانکیان لە بانکە رێگە پێدراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بکاتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت، کردنەوەی هەژمارە بانکییەکان لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هەژماری من"دابن، وەک ئەوەی کاروان یاروەیس لە زاری پارێزگاری بانکی ناوەندییەوە رایگەیاندووە،" هەژماری من هەر تەوتینە و جیاوازیی نییە".
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 60 رۆژە چاوەڕانی دابەشکردنی مووچەن، دوایین مووچە کە لە هەرێمی کوردستان دابەشکراوە مووچەی مانگی نیسان بووە کە 18ـی ئایاری 2025 کۆتا رۆژی دابەشکردنیی بووە و لەوکاتەوە هیچ مووچەیەک دابەش نەکراوە.