بەرەبەیانی ئەمڕۆ
بە موشەک و درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی کەرکوک و پاڵاوگەی بێجی، یەک کەس
بریندار بووە و هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و هێشتا ئەنجامدەری
هێرشەکان نەناسراون.
بەپێی
زانیارییەکان، "رێنمایی لەلایەن دەسەڵاتە باڵاکانەوە دەرچووە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی
ئاست بەرز بۆ دیاریکردنی ئاستی بەرپرسیارێتی لە رووداوەکە".
پەیامنێری مایک
نیوز لە کەرکوک، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە سێ موشەک
ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی سەربازیی و پاڵاوگەی بێجی کراوە، یەکێک لە موشەکەکان ئاڕاستەی
گۆڕیوە و لە ماڵیک کەوتووەتە خوارەوە، جگە لەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیش خراوەتە
خوارەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی
مایک نیوز، "هاتوچۆی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی کەرکوک بەردەوامە و هیچ مەترسییەک
لە ئارادا نییە".
ئیدارەی فڕۆکەخانەی
نێودەوڵەتی کەرکوک لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، دوای کەوتنەخوارەوەی موشەکەکە هیچ
زیانێک تۆمار نەکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا
ئاماژە بەوە کراوە، "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک، وەک یەکێک لە دەروازە
گرنگەکانی بەستنەوەی عێراق بە جیهان، بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی بە شێوەیەکی
کارا و بە تەواوی ئامادەیە بۆ پێشوازیی لە فڕۆکە گەشتیاریی و بەڕێکردنی گەشتە
ئاسمانییەکان بەپێی خشتەی داڕێژراوی خۆی و بەبێ هیچ دواکەوتن و پچڕانێک".
عادل ئەلدەج، سەرۆکی
شارەوانی قەزای بێجی، ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کە لەڕێی زیاتر لە 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشکراوەتە سەر پاڵاوگەکەی
سوتەمەنی بێجی.
عادل وتی: هێرشە درۆنییەکە لەلایەن تیمی بەرگرتیی پاڵاوگەکەوە بەرپەرچدراوەتەوە
و هیچ زیانێکی مرۆیی بەدواوە نەبووە.
سەرۆکی شارەوانی بێجی ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خراونەتەخوارەوە
و ئەنجامدەرەکانی بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتون.
شەڕی میدیایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و
کۆمەڵی دادگەریی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن گەرمتردەبێت، بەشێکیش وەک هۆکارێک
بۆ پەرتبوونی دەنگی ناڕازی پێناسەی دەکەن.
نزیکبونەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شەڕی میدیایی
جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر گەرم دەکات.
دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆکە
بەتەمەنەکەی لە لیستی نەوەی نوێیە، دیسانەوە بووەتە بابەتێکی دیکەی جەنگی میدیایی
نێوان نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی.
کۆمەڵی دادگەریی، تاکە هێزی سیاسی هەرێمی کوردستانە کە بەهۆی
ناڕازیبوونی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانی کردووە.
نەوەی نوێ ترسی هەیە هەڵوێستەکەی کۆمەڵ کاریگەری لەسەر شەقام
هەبێت و بەشێکی دەنگی ناڕازی لە رێگەی ئەو هەڵوێستەوە بۆ خۆی ببات بە تایبەت کە
تائێستا پەرلەمان کارا نەبووە.
ئەوەی وایکردووە ئەو گریمانەیە بەهێزبێت، هێرشی توندی میدیایی
نەوەی نوێیە بۆ سەر بڕیارەکەی کۆمەڵ بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان.
نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری بەوە
تۆمەتبارکردووە کە کۆتا هەڵبژاردن بەهۆی ساختەکاریی رۆژی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی
دەنگەکانەوە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، کەچی دیسان بەشداریی هەڵبژاردن دەکاتەوە.
کۆمەڵ لەسەرەتاوە بێدەنگیی هەڵبژارد، بەڵام دواتر وەڵامی
هێرشەکەی نەوەی نوێی دایەوە و جوڵانەوەکەی بە "ئاڕاستەکراو" تۆمەتبار
کرد.
کۆمەڵی دادگەری بە تایبەت رەخنەی لەو هەڵوێستەی نەوەی نوێ گرتووە
کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی بە یاسای "بە تاوانکردنی هاوڕەگەزخوازیی و ڕەگەز
گۆڕین" نەداوە.
هاوڵاتییان رای جیاوازییان لەسەر شەڕی میدیایی نەوەی نوێ و
کۆمەڵی دادگەری هەیە، بەشێکیان وەک بابەتێکی ئاسایی و هەڵمەتێکی پێشوەختەی
هەڵبژاردن لێی دەڕوانن، بەڵام زۆرن ئەوانەشی پێیان وایە شەڕی میدیایی حزبە
ئۆپۆزسیۆنەکان کاریگەری لەسەر پەرتکردنی دەنگە ناڕازییەکان دەبێت.
نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری لە کاتێکدا شەڕی میدیایان دژ بە
یەکتر گەرمکردووە کە دوو پارتەکە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەدا لە هەوڵی
دروستکردنی یەک لیست بوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی
هێنا.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 15 کورسییە و
لە پەرلەمانی عێراقیش خاوەنی 9 کورسییە، کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی
یەک کورسییە، ئەگەرچی لە پەرلەمانی کوردستان 3 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام وەک
خۆیان رایانگەیاندووە، بەهۆی " ساختەکاری"یەوە بایکۆتی خولی شەشەمی
پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.