تەندروستی

ئەو جۆرە شێرپەنجەیەی توشی بایدن بووە ساڵانە نزیکەی 400 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانلەدەستدەدەن

Mic
2025-05-19

نووسینگەی تایبەتی جۆو بایدن ڕایگەیاندووە لە هەفتەی پێشوودا کۆمەڵێک پشکنینی بۆ ئەنجام دراوە کە تێیدا دەرکەوتوو لە ئێستادا جۆو بایدن تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە و لە قۆناغێکی مەترسیداردایە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کە گڕییەک لە پرۆستاتی جۆو بایدندا هەیە لە دوای وەرگرتنی نموونە (زەرع) بۆ ئەنجامدانی پشکنینی شانەزانی و ئەنجامدانی پشکنینی ئێم ئار ئای دەرکەوتوو کە باوترین جۆری شێرپەنجەی هەیە و شێرپەنجەکەش بڵاو بووەتەوە لە جەستەیدا و ئێسکەکانی گرتووەتەوە کە ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە لە قۆناغی چوارەمی و کوشندەی شێرپەنجەکەیدایە.

لە ئێستادا خێزانی بایدنی و تیمی پزیشکی جۆو بایدن بەدوای باشترین چارەسەرەکاندا دەگەڕێن و بە گوتەی پزیشکەکان، لەگەڵ ئەوەی جۆری شێرپەنجەکە کوشندەیە، بەڵام لە ئێستادا ئەم جۆرە شێرپەنجەیە هەستیارە بە هۆرمۆن، واتە ئەگەری هەیە چارەسەرەکان بەسوود بن لە ڕێگریکردن لە گەشەکردنی زیاتری شێرپەنجەکەدا.

لە هەمان کاتدا لە ئێستادا باسیش لەوە دەکرێت کە بۆچی لە دوایین پشکنینەکانی جۆو بایدن لە 2024دا، تیمە پزیشکەکەی ئاماژەیان بەوە دا بوو کە لەڕووی تەندروستییەوە کەسێکی شیاوە بۆ ئەو پۆستە و هیچ گرفتێکی تەندروستی نییە، ئەمەش دەکرێت هۆکارێک بووبێت کە لەو کاتەدا شێرپەنجەکەی ڕانەگەینن بۆ ئەوەی بتوانیت بۆ خۆلێکی تری سەرۆکایەتی ئەمریکا بەشداری بکات.

پسپۆڕانی شێرپەنجەی پرۆستات ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جۆرەی شێرپەنجەکەی جۆو بایدن مەترسیدارە، ناتوانرێت چارەسەر بکرێت بەڵکوو تەنها دەکرێت ڕێگری بکرێت لە خراپتربوونی. 

لە هەمان کاتیشدا دکتۆر جود موول، پسپۆڕی شێرپەنجەی پرۆستات لە زانکۆی دیوک، ئاماژە بەوە دەکات ئەو پیاوانەی کە ئەم جۆرەی شێرپەنجە تووش دەبن لە ئەگەری ئەوەی جەستەیان وەڵام دانەوەی باشی هەبێت بۆ چارەسەرەکان ئەوا دەتوانن پێنج بۆ دە ساڵ ژیان بکەن.

ئەم جۆرە شێرپەنجە یەکێکە لەو جۆرە باوانەی شێرپەنجە کە تووشی پیاوان دەبێت و تەنها لە ساڵی 2020 دا زیاتر لە 397,430 کەس لە جیهاندا بەهۆی ئەم شێرپەنجەوە گیانیان لەدەستداوە. 

ئەم جۆرە شێرپەنجەیە لە دوای تەمەنی 50 ساڵی مەترسی تووشبوونی لە پیاواندا زیاتر دەبێت و پێویست دەکات پشکنینی زیاتر ئەنجام بدەن بۆ دڵنیایی تەندروستی خۆیان.

More News

Most Popular

هەواڵ

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بەغدا مووچەی مانگی حوزەیران خەرج بکات

Mic
2025-08-27

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی فەرمی خەرجکردنی پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکات.

دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق، نووسروای فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی پێ دەگات دەست بە رێکارەکانی خەرجکردنی پارەی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستان دەکات.

بڕیارە هەر ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC هەر کات ڕێکارەکان لە بەغدا دەستپێبکات، وەزارەتی دارایی هەرێم-یش 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێرین.

دیجیتاڵ میدیای MIC زانیویەتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینارەکەی ئامادەیە، تەنها چاوەڕێی فەرمانن بۆ ئەوەی پارەکە بخەنە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.

هەرێمی کوردستان چاوەڕێی تەیف سامی، وەزارەتی دارایی عێراقە، نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی پێبگات بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی ئامادەکردووە و چاوەڕێی پارەیە، لەگەڵ هاتنی پارە لە بە‌غداوە لیستەکە بڵاودەکاتەوە

ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دا مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، بەو مەرجەی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بداتە بەغدا.