سبەینێ 3ـى حوزەیران،
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم
دەدرێت و سێ پێشنیاز بۆ ناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێم دەخرێتەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سبەینێ، 3ـى حوزەیران
کۆدەبێتەوە، بەپێی زانیارییەکانی MIC لە کۆبونەوەکەدا، سێ پێشناز بۆ ناردنی مووچەی مانگی پێنجی
مووچەخۆرانی هەرێم دەخرێتەڕوو.
لە کۆبونەوەی سبەینێیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
گفتوگۆ لەسەر سێ پێشنیاز دەکات، ئەوانیش ناردنی مووچە بەشێوەی قەرز یان
پێشینە"سولفە"یەک، یان ئەوەتا بەشێوەی مینحە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم
بنێردرێت.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی
وەزیرانی عێراقدا، چارەنوسی مووچەی مانگی پێنجی هەرێم یەکلایی دەکرێتەوە و پێدەچێت
بەشێوەی پێشینە"سولفە" مووچەی مانگی پێنجی هەرێم بنێرێت.
ئەگەر سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ناردنی مووچەی
مانگی پێنج پەسەند بکات، ئەوا زەحمەتە وەزارەتی دارایی هەرێم بتوانێت پێش جەژن
مووچە دابەش بکات، لەبەر ئەوەی 48 کاتژمێری لە
بەردەستدا دەمێنێت.
بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ
ئامادەکاری دابەشکردنی مووچە، پێویستی بە 24 کاتژمێرە تا
لیستی مووچە ئامادەبکات و بانکەکان بۆ دابەشکردنی پارەداربکات.
بەپێی بەدواداچوونەکانی MIC، دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی
هەرێم دەکەوێتە دوای جەژنی قوربانەوە، ئەگەر پێش جەژنیش عێراق مووچەکە بنێرێت،
وەزارەتی دارایی فریاناکەوێت دابەشی بکات.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی
هەرێم کۆبووەوە، بەڵام خۆی لە دابەشکردنی مووچە بەدوورگرت، لەکاتێکدا پێشتر وەزیری
دارایی هەرێم رایگەیاند، دەتوانن مووچە دابەشبکەن.
ئەمڕۆ، ئەنجومەنی
وەزئرانی هەریم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە،
یەکەم تەوەری کۆبونەوەکە باسکردنبوو لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
دوای کۆتاییهاتنی
کۆبونەوەکە، حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، بەڵام موچەخۆرانی بێئومێدکرد،
بەو پێیەی باسی لە دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج نەکرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەستوری عێراق بنەمای یەکسانی
لە نێوان سەرجەم عێراقییەکان جێگیر کردووە و دادگای فیدراڵیش جەختی کردووەتەوە لەسەر
مامەڵەکردنی مووچەخۆرانی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵ، بۆیە نابێت لە
ژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، قوتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو ڕابگیرێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێیوایە، حوومەتی فیدراڵ بەم بڕیارە
سیاسیەی، گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی
هەرێمە.
هەروەها، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستانی بە نا
دەستوریی و نایاسایی دەزانێت و داوای کرد، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، پێداچوونەوەی
پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای
فیدراڵی.
ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەندراوەکەیدا هیچ بژاردەیەکی
نەخستەڕوو بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچە و دابەشکردنی مووچە، لەکاتێکدا پێش چەند رۆژێک
وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم بەوپەڕی دڵنیایییەوە وتی: دەتوانن بەبێ بەغدا مووچە دابەشبکەن.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم
رۆژی 1ـى حوزەیران لە
چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوەکرد، کە حکومەتی هەرێم 320 تاوەکو 350 ملیار
داهاتی نا نەوتی هەیە، لەو داهاتەیش مانگانە نزیکەی 50 ملیاری
دەدرێت بە بەغدا.
وەزیری دارایی هەرێم جەختیکردەوە، کە دەتوانن بەبێ
ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە مووچە دابەشبکەن و وتی: ئێمە لە کابینەی نۆیەم ئەزموونێکمان
هەیە، نزیکەی 21 مانگ بە داهاتی ناوخۆ و بەو نەوتەی کە هەمان بوو، بەو بڕەی کە دەمانفرۆشت
توانیمان بەبێ کەموکوڕی 21 مانگ مووچە دابەش بکەین، ئێستاش ئەگەر هەرێم ناچار بێت
بە هەمان ئەزمووندا بڕوات بەپێی ئەو توانایەی کە لە نەوت و داهاتە ناوخۆییەکان دەستی
دەکەوێت و هەموو ئەو داهاتانەی کە توانای پێدەدات ژیانی بۆ رێکبخات و پێی بژین.
حکومەتی هەرێم جگە لە
داهاتی ناوخۆ کە بەوتەی خۆیان مانگانە 300 ملیار دیناریان بۆ
دەمێنێتەوە، رۆژانە زیاتر لە 320 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، ئەوەی لای مووچەخۆران
پرسیارە ئەو پارەیە چی لێدێت و بۆچی بۆ
مووچە دابەش ناکرێت.
عومەر گوڵپی، ئەندامی
خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: حکومەتی هەرێم لە 30 مانگی رابردوودا لە
فرۆشتنی 250 ملیۆن بەرمیل نەوت، نزیکەی سێ ملیار و 750 ملیۆن دۆلاری
دەستکەوتووە، کە دەکاتە پێنج ترلیۆن دینار و بەشی پێننج مووچە دەکات.
دەشڵێت: لە داهاتی نەوت و نانەوتی یەک دیناری بۆ مووچە
خەرجنەکراوە، بۆیە ئێستا خەڵک چاوەڕێی مووچە دەکات، نەوەک سوپاسنامە و هۆنینەوەی چیرۆکی
خۆڕاگریی.
لە ئێستادا مووچەخۆرانی هەرێم بێئومێدبوون لە دابەشکردنی
مووچەی مانگی پێنج لەلایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقەوە و نازانن چارەنوسی
مووچەی ئەم هەشت مانگەی ئەمساڵ چی بەسەردێت.