هەواڵ

کێشەی مووچە لە ئابوری سەربەخۆوە دەستیپێکرد و راگرتنی نەوت کۆتایی پێنەهێنا

Mic
2025-06-04

زیاتر لە 10 ساڵە کێشە ئابورییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامییان هەیە، ئێستا هەرێمی کوردستان لە سەربەخۆ فرۆشتنتی نەوتەوە گەیشتوەتە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردن و ناردنی مووچە.

 مووچەی مانگی ئایاری 2025، بە قەدەرێکی نادیار سپێردراوە و حکومەتی عێراق ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک بۆ دابەشكردنی رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.

لە پرسی نەناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان، هەولێر و بەغدا یەکتر بە پابەندنەبوو بە رێککەوتنەکانی نێوانیان تۆمەتبار دەکەن.

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە، بەهۆی تێپەڕاندنی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە، ناتوانرێت پارەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن.

هەرێمی کوردستان ئەوەی رەتکردوەتەوە و رایگەیاندوووە، کەمتر لەو بڕەی کە مافی خۆیان بووە پارەیان بۆ رەوانەکراوە و پێویستە پارەی دیکە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

مووچەخۆران لەم کێشانەدا تەنها رۆڵی تەمشاکار دەبینن، چونکە ئەوان ئەزمونێکی درێژیان لەگەڵ کێشەی مووچەدا هەیە زیاتر لە 10 ساڵە بە دەستییەوە گیرۆدە بوون.

مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2014ـەوە، چەندین چیرۆکی جیاوازییان لەسەر مووچە هەیە، چیرۆکەکانیان لە پاشەکەوتی مووچەوە دەست پێدەکات، بە چارەکە مووچە و لێبڕیندا تێپەڕ دەبێت تا دەگاتە ناردنی لیستی مووچە و کۆدی بایۆمەتری بۆ بەغدا.

سەرهەڵدانی کێشەی مووچە
سەرهەڵدانی کێشەی مووچە لە هەرێمی کورستان، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان دەستی بە فرۆشتنی نەوتی خۆی کرد و ئابوری سەربەخۆی راگەیاند. 

ئامادەکارییەکان بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان مێژوییەکی چەند ساڵەی هەبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007ەوە دەستی بە ئامادەکاری کرد، تا خۆی سەربەخۆیانە مامەڵە بە نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی وڵاتەکەیەوە بکات، هەر بۆیە لەو ساڵەدا یەکێتی و پارتی یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2007ـی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانیان لە پەرلەمانی کوردستانەوە تێپەڕاند.

رۆژی 2ـی حوزەیرانی 2009 جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق و مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، پێکەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیان راگەیاند، ئەوكات عێراق بەهۆی لاوازی پێگەکەیەوە نەیتوانی بەرهەڵستی خواستی کورد بکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئامادەکارییەک بۆ راگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ، لە رێگەی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتییەوە پڕۆژە یاسای دیاریکردن و وەرگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە داهاتی فیدراڵ رەوانەی پەرلەمان کرد.
رۆژی 16ـی نیسان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاساکە کرا و رۆژی 23ـی نیسانی 2013، یاساکە پەسەند کرا، یاساکە لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا حکومەتی ئەو کاتی هەرێمی کوردستانی پابەند دەکرد، بەوەی داوا لە حکومەتی عێراقی بکات، بەپێی یاسا لە ماوەی 90 رۆژدا شایستە داراییە خەمڵێنراوەکانی هەرێم بداتەوە.

 ئەگەر حکومەتی عێراق دوای 30 رۆژ لە وەرگرتنی داواکارییەکەی هەرێم یان بەسەرچوونی ئەو 90 ڕۆژی دیارکراوە پابەند نەبوو، ئەوا پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ڕێکارانەی بە گونجاویان دەبینێت بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە بۆ وەرگرتنی مافە داراییەکانی خۆی بگرێتەبەر، لەنێویشیاندا بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی خاو و غاز بۆ پڕکردنەوەی سەرجەم ئەو بەرکەوتانە کەوا حکومەتی فیدراڵی خۆی دەگرێت لە دانەوەیان.

ناوەڕاستی ساڵی 2014 حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی هەناردەکردنی نەوتی لە رێگەی بۆری بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگەیاند و لێرەوە چیرۆکی ئابوری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان و بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت دەستپێکرد.

عێراق وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر راگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و لێرەوە قەیرانی مووچە بەرۆکی مووچەخۆرانی گرت.

حکومەت پاشکەوتی مووچەی راگەیاند
بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی روبەڕوی قەیرانی سەختی دارایی کردەوە، ئەو پارەیەی حکومەت لە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوت بەشی خەرجی مووچەی نەکرد و کورتهێنانی هەبوو. 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلولی 2015 پاشکەوتی مووچەی راگەیاند و تا مانگی تشرینی دووەمی 2018 بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا، مووچەخۆران پێنج مووچەی تەواویان پاشکەوت کرا،  21 چارەکە مووچەیان پێدرا، 11 مووچەشیان بە بەشێکی پاشکەوت کراوەوە وەرگرت.

کابینەی نۆ لێبڕینی مووچەی راگەیاند

مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانوونی یەکەمی 2018 تا کانوونی دووەمی 2020 بەبێ کێشە دابەشکرا. دواتر کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە 31ـی ساڵی 2020دا، بڕیاری ژمارە 61ـی دەرکرد کە لە 4 خاڵ و 8 بڕگە پێکدەهات و بەپێی بڕیارەکە؛ رێژەی تەمویلکردنی پارە بۆ مووچە لە 100٪ـەوە بۆ 79٪ کەمکرایەوە، واتە رێژەی لێبڕینی مووچە کرایە 21٪.

مووچەخۆران لە شوباتی 2020 تا حوزەیرانی 2021، 10 مووچەیان بە لێبرێنی 21٪ـەوە وەرگرت، لەگەڵ ئەوەی لە 2020 تا مانگی یەکی ئەمساڵ، 11 مووچەشیان بۆ خەرج نەکرا و هەر وەریان نەگرت و تائێستاش چارەنوسی نادیارە کە قەرزە یان پاشەکەوتە، یان ناوێکی دیکەی دارایی بۆ داتاشراوە.

رێککەوتنی سودانی و بارزانی
حکومەتی عێراق لە ساڵی 2018 تا چارەکەی یەکەمی 2023 و ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، لە چوارچێوەی چەند رێککەوتنێکی جیاوازادا پارەی رەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە. 

ئەو بڕە پارانەی بەغدا لە سەردەمی کابینەی هەشتەم و نۆیەمدا رەوانەی هەرێمی کوردستانی کردن لە 200 ملیارەوە دەستیان پێدەکرد تا دەگەیشتنە 618 ملیار دینار. 

رۆژی 25ـی ئازاری 2023، دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی حکومەتی عێراق کە لە ساڵی 2015دا تۆمارکرابوو، بڕیاریدا کە ھەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا ناتوانێت نەوت بفرۆشرێت و دوای بڕیارەکەش ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕاگیرا.

رۆژی 4ـی نیسانی 2023، مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدایان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان واژۆ کرد، بەپێی رێککەوتنەکە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO) نەوتی ھەرێمی کوردستان دەفرۆشێت، داھاتەکەشی لە ھەژمارێکی بانکی دادەنرێت و سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەکارھێنانی پارەکەی دەبێت.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستی پێنەکردەوە و چارەنوسی رێککەوتنەکەش بە نادیاری ماوەتەوە و دیارنییە دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

بەغدا قەرزی بە هەرێمی کوردستاندا
رۆژی هەشتی کانوونی یەکەمی 2023، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا بە پێدانی سێ قەرزی 700 ملیار دیناری بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەمەرجێک ئەو بڕە پارەیە دواتر لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە پاکتاو بکرێت.

کۆتایی ساڵی 2023، جارێکی دیکە نەدانی مووچە بەرۆکی مووچەخۆرانی هەرێمی کورستان گرتەوە و سێ مووچەی کۆتایی مووچەخۆران دابەش نەکرا.

دادگای فیدراڵی وەک چارەسەر
دادگای فیدراڵی لە کێشەکانی مووچەی مووخۆرانی هەرێمی کوردستاندا رۆڵی چارەسەرکاری بینی، دوای ئەوەی لە 21ـی شوباتی 2024، بە بریارێک حکومەتی عێراق و هەرێمی کورستانی بە دابەشکردنی مووچە پابەند کرد. 

بەپێی بڕیارەکانی ئەوکاتی دادگای فیدراڵی ده‌بێت حكومه‌تی عێراق مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان بدات و دابین نه‌كردنی پێشێلكارییه‌، ده‌بێت مافی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێمی كوردستان پارێزراو بێت، دەبێت حکومەتی عێراق بەبێ قەرز مووچە دابین بکات و  حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رۆژانە رادەستکردنی بڕی ئەو نەوتەی لەسەری رێککەوتوون، لەبەرامبەردا حکومەتی ناوەندی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

لەبارەی دابیننەکردنی مووچە، دەبێت رێکاری پێویست بگرێتەبەر و گەرەنتی ئەوە بکرێت پارە بنێردرێت، هەر بەپێی بڕیارەکە پرسی مووچە پەیوەستە بە ژیانی خەڵکەوە و نابێت لەگەڵ پرسە سیاسییەکان تێکەڵ بکرێت، پێویستە هەولێر و بەغدا لەوبارەیەوە بەیەکجاری ڕێکبکەون.

ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانیش بەشێک بوون لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە رادەستکردنی ئەو داهاتانە بە بەغدا پابەند دەکرد.

بنەجێکردن"بە بانکی کردن"ـی مووچە مووچەخۆران لە بانکە فیدراڵییەکان بڕیار دادگای فیدراڵی بوو، دادگاکە داوای لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد بە زوترین کات مووچەی مووچەخۆران بنەجێ بکەن.

دوای ئەم بڕیارانەی دادگای فیدراڵی، حکومەتی عێراق دەستی بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کورستان کرد کە ئێستا مانگانە خەرجییەکەی زیاتر لە ترلیۆنێک دینارە لە بەرامبەریشدا هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا دەکات. 
2025 رێککەوتنی نوێ و بانگەشەی کۆتاییهاتنی کێشەی مووچە

سەرەتای ساڵی 2025 گەڕێکی نوێی دانوستانی درێژ لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی نوێی عێراق بەڕێوەچوون، دواتر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بانگەشەی کۆتایهاتنی کێشەی مووچەیان کرد.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان زۆر بە دڵناییەوە، کۆتاییهاتنی قەیرانی دارایی و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەیان راگەیاند، بەڵام ئەو رێککەوتنانە تەنها 4 مانگ بڕیانکرد و لە مانگی پێنجەمدا بەغدا رایگەیاند، پارە نانێرێت. 

بەغدا بڕیاریدا یەک دینار رەوانەی هەولێر نەکات
نوێترین کێشەی مووچە کە ئێستا سەری هەڵداوە نوسراوێکی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقە کە رایگەیاندوووە، وەزارەتەکەیان ناتوانێت پارەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت

وەزارەتی دارایی عێراق لە نوسراوەکەدا، هۆکار نەناردنی مووچەی بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە، هەرێمی کوردستان (12.67%) پشكەکەی کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە، بە بڕی (13.547) تریلیۆن دینار لە کۆی خەرجی کردەیی (فعلی) تێپەڕاندووە

تەیف سامی لە نووسراوەکەیدا سەبارەت بە تەمویلی مانگی ئایار، باسی لەوە کردووە کە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023وە تا مانگی نیسانی ئەم ساڵ گەیشتووەتە 19،9 تریلیۆن دینار، بەڵام تەنیا  598،5 ملیار دیناری رادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی سەرجەم داتا و ژمارەکانی رەتکردوەتەوە، هەنگاوەکەی بەغداشی بە برسیکردنی خەڵکی هەرێمی ناوبردووە. 

More News

Most Popular

هەواڵ

کورد، سوننە و بەشێک لە شیعەکان خۆیان لە شەڕ دورەپەرێز دەکەن

Mic
2025-06-16

تائێستا تەنها یەک پەرلەمانتاری کورد خۆی بۆ ئەو نیشتنەی پەرلەمانی عێراق یەکلایی کردووەتەوە کە رێکدەخرێت دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئەوەش هەمان دۆخە کە هێزە سونییەکانی تێکەوتووە و بەشێک لە شیعەکانیش نایانەوێت عێراق لەو جەنگە تێوەگلێت.

زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکان بە گومانن و ترسیش هەیە، تای هەڵبژاردن بازاڕی موزایەدە گەرم بکات و دووکەڵی شەڕ بگەیەنێتە ئاسمانی بەغدا.


زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق تائێستا خۆیان یەکلایی نەکردوەتەوە کە رۆژی سێشەممە بچنە دانیشتنی پەرلەمانەوە کە رێکدەخرێت بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی سەروەری ئاسمانی عێراق و بەکارهێنانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.

دیجیتاڵ میدیای مایک قسەی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ و یەکگرتوو کردووە، ئەوان چاودێرن و دەیانەوێت بەپێی دۆخەکە بڕیارێکی گونجاو بدەن.

بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان خواستی تەواونەبوونی رێژەیی یاسایی ئامادەبوانیان هەیە، تا لەو رێگەیەوە ئەوانیش خۆیان لە "شەرمەزاری" رایگشتی بپارێزن.

سۆران عومەر کە تاکە ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەرییە، هەروەها تاکە پەرلەمانتاری کوردیشە کە خۆی بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەکە یەکلایی کردوەتەوە.

یەکێک لە پاساوەکانی پەرلەمانتارە کوردەکان ئەوەیە، کە هەتا کێشەی موچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکرێت، ئەوان ئامادەنابن بەشداریی هیچ دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.

هاوشێوەی کورد، زۆرینەی سوننەکانیش بە هەستیارییەوە مامەڵە دەکەن، تائێستا خۆیان بۆ بەشداریکردن لەو دانیشتنەی پەرلەمانی عێراق یەکلایی نەکردەتەوە.


تەنانەت شیعەکانیش یەکدەنگ نین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی هاتووەتەپيشەوە و موقتەدا سەدر رۆژی هەینی رابردوو رایگەیاند، دۆخی عێراق چیتر بەرگەی ماڵوێرانییەکی دیکە ناگرێت و داوایکرد هەندێک دەنگی نەشاز لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیی عێراق بێدەنگ بکرێن.

دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق لەسەر داخوازیی و یاداشتی 55 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە شیعییەکانە، کە دژی پێشلکردنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کردووە، لەسەر ئەو بنەمایە پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 17 ئەم مانگەی بۆ کۆبونەوە دیارییکردووە.
 
شیعەکان کە هاوسۆزی ئێرانن، پشتیوانی خۆیان بۆ تاران دوپاتکردووەتەوە، بەڵام تائێستا کورد و سوننە هەوڵی خۆ بە دورگرتنیان لە لایەنگری داوە، تەنها بەشێک لە لایەنە کوردییەکان لە رێگەی بەیاننامەوە ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان کردووە.

هەرچەندە حکومەتی عێراق لەڕێگەی کەناڵە جیاجیاکانییەوە، هەمو هەوڵێک دەدات بۆ دورخستنەوەی عێراق لە مەترسییەکانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، بەڵام بەشێک لە چاودێران ترسییان هەیە تای هەڵبژاردن بازاڕی موزایەدە گەرم بکات و دووکەڵی شەڕ بگەیەنێتە خاکی بەغدا.

ئەوەی وایکردووە، ئەو بۆچوونە زاڵ بێت، نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، چاوەڕوان دەکرێت فراکسیۆنە شیعییەکان بە سود وەرگرتن لە کات بۆ کۆکردنەوەی دەنگ هەوڵی جوڵاندنی سۆزی شەقام بدەن.

خوێندنەوەکان بەو ئاڕاستەیەن هەر جوڵەیەکی راستەوخۆ بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل رەنگە دەرئەنجامەکەی لە بەرژوەندی عێراق نەبێت، دەکرێت ئەنجامەکانی کۆبونەوەکەی پەرلەمان لە کاتێکی وا هەستیاردا ئاستی مەترسییەکان لەسەر عێراق زیاتر بکەن.

ئیسرائیل خواستی پەلهاویشتنی بۆ عێراق هەیە، بەڵام ئەوەی رێگرە لە بەردەمیدا هەڵوێستی ئەمریکا و بێدەنگی گروپە چەکدارەکانە، بۆیە هەر کات گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکرێت رەنگە بێ دوو دڵی هێرش بکات.

زۆرن ئەوانەی پێیانوایە عێراق لەم دۆخەی ئێستادا هیچی پێناکرێت و خۆ بە دورگرتن باشترین بژاردەیە، چونکە دۆخی ئەمنی، سیاسیی و ئابوریی عێراق لە ئاستێکدا نییە بەرگەی جەنگێکی دیکەی ماڵوێرانکەر بگرێت و عێراق ئابووریەکی خراپیشی هەیە و ئەگەر کێڵگەکانی نەوت و ژێرخانی ئابوری بکرێتە ئامانج، هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتی نییە بتوانێت دەوڵەتی پێ بەڕێوەبەرێت.