هەواڵ

بەدواداچوونی مایک نیوز بۆ لێبڕینەکانی موچەی خانەنشینی و فەرمانبەران

Mic
2025-06-03

بەپێی بەدواداچونی مایک نیوز، بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی دارایی بۆ زیادکردندی بڕی لێىڕینی موچە و شایستە داراییەکانی خانەنشینی، گرفت بۆ ئەو موچانەش دروست دەکات کە هێشتا فەرمانبەر لە ساڵانی رابردوودا وەرینەگرتوون.

لە 10 ساڵی رابردوودا موچەی فەرمانبەران بەشێوەیەک لێبڕین و پاشەکەوت و کەمکراوەتەوە، بێوێنەبووە لە مێژووی حوکمڕانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، بەڵام هێشتا بەوشێوەیەش نەتوانراوە گەرەنتی بکرێت و بژێویی ئەو فەرمانبەرانە مسۆگەربکرێت.

دوێنێ، 2ی حوزەیرانی 2025، بڕیارێکی وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاوکرایەوە لەبارەی موچەی خانەنشینی کە بڕیارە لەمەودوا حکومەتی عێراق بیدات.

بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم لێبڕینی خانەنشی دیاریکراوە و لەمەودوا چەسپاندنی لێبڕینی خانەنشینی (التوقيفات التقاعدية) بە رێژەی (10%) لە سەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەكرێت.

وردەکاریی لێبڕینەکان:
1-لێبڕینی رێژەی (2%) لە موچەی فەرمانبەران لە رێکەوتی (2014/1/1) تاکو (2024/6/30).
2-لێبڕینی رێژەی (2%) لە موچەی فەرمانبەرێتی خانەنشینان، ئەوانەی لە ئیستادا خانەنشینن و یاسای ئاماژەپێکراوی سەرەوە دەیانگرێتەوە لە رێکەوتی (2014/1/1) تا رێکەوتی دەستلەکارهەڵگرتن و هەواڵەکردنیان بۆ خانەنشینی.
3-بڕی پارەی کەڵەکەبوی سەر فەرمانبەران و خانەنشینان وەکو قەرز لە ئەستۆی فەرمانبەران و خانەنشینان تۆماردەکرێت.
4-قەرزی ئاماژەپێکراو لە خاڵی (سێیەم) لە ماوەی سێ ساڵ بۆ فەرمانبەران و ماوەی (5) ساڵ بۆ خانەنشینان پاکتاوبکرێت.
5-ئەم لێبڕینە لە رێکەوتی (2025/6/1) دەستپێدەکات تاکو قەرزەکە پاکتاو دەکرێت.

بەپێی خاڵی یەکەم، دەبێت فەرمانبەران و ئەوانەش کە ئەمساڵ خانەنشینکراون، دەبێت 2٪ی موچەکانیان لە 10 ساڵی رابردوودا، بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، ئەوە لەکاتێکدایە لە ساڵی 2015ەوە حکومەتی هەرێم خراپترین جۆری موچە و بژێویی دابینکردووە بۆ موچەخۆران.

لە ساڵی 2015ەوە بۆ 2023، فەرمانبەران 5 موچەیان پاشەکەوتکراوە، 23 چارەکە موچە، 10 موچەیان هەر وەرنەگرت، 9 موچە بە لێبڕینی 21٪ەوە، 1 موچە بە لێبڕینی 18٪، جگە لەوەی لە 10 ساڵی رابردوودا تەرفیعی سەرجەم فەرمانبەران وەستاوە و شایستەداراییەکانی نەدراوە، هەروەها موچەی مانگی 12/2024 خورا لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی بەهیچ جۆرێک ئەو هەموو مافخوران و ستەمە ئیدارییانەی لەبەرچاو نەگرتووە کە پێشتر ئاماژەیان پێکرا.

لەوبارەیەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە مایک نیوزی راگەیاند، تائێستا بڕیارنەدراوە، لێبڕینی مووچەی خانەنیشینی 10 ساڵی رابردوو ئەو مووچانە نەگرێتەوە کە پاشكەوتکراون یان دابەشنەکراون، هەر بۆیە بەدورنازانرێت فەرمانبەران بە سەوزی ئەو پارەیە بدەن کە هێشتا حکومەتی پێی نەداون.

زانیاری زیاتر:
لە بڕیارەکەی وەزارەتی داراییدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئەگەر فەرمانبەرێک لە ساڵی 2014 موچەی بنەڕەتییەکەی 509 هەزار دینار بووبێت، ئەوا لێبڕینەکەی بەمشێوەیە دەبێت 509,000 لێکدانی 2%، بری لێبڕینەکە دەکاتە 15 هەزار و 270 دینار، هەمان فەرمانبەر لە ساڵی 2015 موچە بنەڕەتییەکەی بووبێتە 519  هەزار دینار ئەوا لێبڕینەکە بەمشێوەیە دەبێت 519,000 لێکدانی 2% بری لێبڕینەکە دەکاتە (15 هەزار و 570 هەزار دینار) بۆ ساڵەکانی تریش بە هەمان شێوە بۆ سەرجەم فەرمانبەران ئەم لێبڕینە بکرێت.

ئەوەشهاتوە، بۆ فەرمانبەران سەرجەم لێبڕینەکان کۆدەکرێتەوە و دابەشی (36) مانگ دەکرێت، ئەوا ئەو بڕەی دەردەچێت مانگانە لە موچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت تا قەرزەکە پاکتاو دەکرێت بۆ خانەنشینان، لێبڕینەکان کۆدەکرێتەوە و دابەشی (60) مانگ دەکرێت، ئەوا ئەو بڕەی دەردەچێت مانگانە لە مووچەی خانەنشینان دەبڕدرێت تا قەرزەکە پاکتاو دەکرێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

ئایا حکومەتی هەرێم دەتوانێت مووچە دابەشبکات؟

Mic
2025-06-04


ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە، بەڵام خۆی لە دابەشکردنی مووچە بەدوورگرت، لەکاتێکدا پێشتر وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، دەتوانن مووچە دابەشبکەن.

ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزئرانی هەریم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە، یەکەم تەوەری کۆبونەوەکە باسکردنبوو لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

دوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەکە، حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، بەڵام موچەخۆرانی بێئومێدکرد، بەو پێیەی باسی لە دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج نەکرد.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەستوری عێراق بنەمای یەکسانی لە نێوان سەرجەم عێراقییەکان جێگیر کردووە و دادگای فیدراڵیش جەختی کردووەتەوە لەسەر مامەڵەکردنی مووچەخۆرانی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵ، بۆیە نابێت لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، قوتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو ڕابگیرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێیوایە، حوومەتی فیدراڵ بەم بڕیارە سیاسیەی، گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە.

هەروەها، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستانی بە نا دەستوریی و نایاسایی دەزانێت و داوای کرد، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی.

ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەندراوەکەیدا هیچ بژاردەیەکی نەخستەڕوو بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچە و دابەشکردنی مووچە، لەکاتێکدا پێش چەند رۆژێک وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم بەوپەڕی دڵنیایییەوە وتی: دەتوانن بەبێ بەغدا  مووچە دابەشبکەن.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رۆژی 1ـى حوزەیران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوەکرد، کە حکومەتی هەرێم 320 تاوەکو 350 ملیار داهاتی نا نەوتی هەیە، لەو داهاتەیش مانگانە نزیکەی 50 ملیاری دەدرێت بە بەغدا.

وەزیری دارایی هەرێم جەختیکردەوە، کە دەتوانن بەبێ ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە مووچە دابەشبکەن و وتی: ئێمە لە کابینەی نۆیەم ئەزموونێکمان هەیە، نزیکەی 21 مانگ بە داهاتی ناوخۆ و بەو نەوتەی کە هەمان بوو، بەو بڕەی کە دەمانفرۆشت توانیمان بەبێ کەموکوڕی 21 مانگ مووچە دابەش بکەین، ئێستاش ئەگەر هەرێم ناچار بێت بە هەمان ئەزمووندا بڕوات بەپێی ئەو توانایەی کە لە نەوت و داهاتە ناوخۆییەکان دەستی دەکەوێت و هەموو ئەو داهاتانەی کە توانای پێدەدات ژیانی بۆ رێکبخات و پێی بژین.

حکومەتی هەرێم جگە لە داهاتی ناوخۆ کە بەوتەی خۆیان مانگانە 300 ملیار دیناریان بۆ دەمێنێتەوە، رۆژانە زیاتر لە 320 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، ئەوەی لای مووچەخۆران پرسیارە ئەو پارەیە چی لێدێت و بۆچی  بۆ مووچە دابەش ناکرێت.

عومەر گوڵپی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: حکومەتی هەرێم لە 30 مانگی رابردوودا لە فرۆشتنی 250 ملیۆن بەرمیل نەوت، نزیکەی سێ ملیار و 750 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە، کە دەکاتە پێنج ترلیۆن دینار و بەشی پێننج مووچە دەکات.

دەشڵێت: لە داهاتی نەوت و نانەوتی یەک دیناری بۆ مووچە خەرجنەکراوە، بۆیە ئێستا خەڵک چاوەڕێی مووچە دەکات، نەوەک سوپاسنامە و هۆنینەوەی چیرۆکی خۆڕاگریی.

لە ئێستادا مووچەخۆرانی هەرێم بێئومێدبوون لە دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج لەلایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقەوە و نازانن چارەنوسی مووچەی ئەم هەشت مانگەی ئەمساڵ چی بەسەردێت.