هەواڵ

فشارێکی دیکەی حکومەتی عێراق بۆسەر هەرێم

Mic
2025-06-05

ئەمڕۆ، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاشکرایکرد، بۆ ئەمساڵ تەنها 4.5 ملیۆن تۆن گەنم لە جوتیارانی عێراق وەردەگرن، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردوو نزیکەی 7 ملیۆن تۆن گەنمیان لە جوتیاران وەرگرتبوو.
د.مەهدی سەحەر جبوری، یاریدەدەری ئەمینداری کارگێڕی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئاشکرایکردووە، لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەستیانکردووە بە وەرگرتنی گەنم و دانەوێڵە، لەم هەفتەیەدا و تا رۆژی  سێشەممە، توانراوە بڕی 2 ملیۆن تۆن گەنم لە جوتیارانی پارێزگاکانی باشوری عێراق وەربگیرێت.
جبوری، ئاماژەی بەوەکردووە کە هەریەک لە پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا و سەڵاحەدین لە قۆناغی دروێنەی تەواودان و بڕی 500 هەزار تۆن بەرهەمی زیادەیان هەیە و دەستدەکرێت بە وەرگرتنی گەنم لەو پارێزگایانەش.
بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ پێشبینی ئەوەیکردووە لە هەفتەکانی داهاتوودا خێرایی کڕینەوەی دانەوێڵە زیادبکات تا کۆتایی وەرز کۆی گشتی گەنمی وەرگیراو بگاتە (4.5) ملیۆن تۆن و پێداویستی ناوخۆیی پڕدەبێتەوە لەگەڵ ئەو بڕە گەنمە زیادەیەی ساڵی رابردوو کە لە عەمبارەکان ماونەتەوە.
دوێنێ، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایکرد، رۆژی 10ی حوزەیران دەستدەکرێت بە وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی هەرێم و بڕیارە ئەمساڵ تەنها 400 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی دەڵێت: ئەمساڵ سایلۆ نوێیەکان هاوشان لەگەڵ سایلۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، گەنم وەردەگرن، وەک قوشتەپە، گەرمیان و ڕوڤیا.
بەپێی بەدواداچوونەکانی مایک نیوز، جوتیاران لە زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەستیانکردووە بە دروێنەی دانەوێڵەکانیان، بەڵام هێشتا زانیاری تەواویان لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە رێکارەکانی وەرگرتنی گەنم، بەوپێیەی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بەشێوەی سەرەگرتنی ئەلیکترۆنی گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت و هێشتا ئەو رێکارە لێرە کاری پێنەکراوە.

مەترسییەکە
ساڵی رابردوو نزیکەی 7 ملیۆن تۆن گەنم لە جوتیارانی عێراق وەرگیرابوو، لەو چوارچێوەیەشدا رێگەدرابوو بڕی 700 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت، بەڵام لەو بڕە کەمتر لە جوتیاران وەرگیرا.
رۆژی 21ی تەموزی 2024 حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی فەرمی رایگەیاند کە توانراوە زیاتر لە 685 هەزار تۆن لە جوتیارانی هەرێم وەربگیرێت و بڕێکی زۆر گەنم کە وەرنەگیرابوون لەبەرئەوەی کە مەرجەکانیان تێدانەبووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێک لە جوتیارانی هەڵەبجە نیگەرانییان بەرامبەر بڕیارێکی حکومەتی عێراقی دەربڕی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی وەرگرتنی دانەوێڵە بۆ بەرهەمی ئەمساڵ و لە کۆنگرەیەکی رۆنامەوانیدا ئاماژەیان بەوەکرد حکومەتی عێراقی بڕی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کەمکردووەتەوە بۆ 400 هەزار تۆن، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو 700 هەزار تۆن بووە.
ئەمساڵ بەرهەمی گەنم بەهۆی خراپی رێژەی بارانبارین کواڵیتییەکەی باش نییە لە زۆرینەی ناوچەکان و پێدەچێت بڕێکی زۆر لە گەنم وەرنەگیرێن.
حکومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ بڕیاریداوە نرخی گەنم 850 هەزار دیناربێت بۆ ئەو گەنمە بەرهەمهاتووانەی بە (ئاودانی دەستکرد - مەرەشە) ئاودراون، هەروەها 800 هەزار دیناربێت بۆ هەرتۆنێک گەنمی بەرهەمهاتوو لە دەغڵە (دێم – پشتاو)ەکاندا.
ساڵانە لە 1ی حوزەیرانەوە دەستدەکرا بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، بەڵام ئەمساڵ بڕیارە لە 10ی حوزەیرانەوە بڕی 400 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێن و دەکاتە دوو لەسەر سێی بڕی گەنمی ساڵی رابردوو.

More News

Most Popular

هەواڵ

سعودیە رێکارەکانی توندکردوونەتەوە بۆ نەهێشتنی حەجی قاچاخ

Mic
2025-06-05

بەپێی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دەزگای ئاسایشی سعودیە بڵاویکردووەتەوە، توانیویانە رێگریی لە دەیان کەس بکەن کە ویستویانە دوور لە رێنماییە بنچینەییەکان بۆ رێکخستنی کاروباری فەریزەی حەج سەردانی شاری مەککە بکەن.

دوێنێ هێزەکانی ئاسایشی سعودیە 60 کەسیان دەستگیرکردووە کە دەیانویست لە بیابانەوە بێنە ناو شاری مەککە و بەشێوەی قاچاخ فەریزەی حەج بەجێبهێنن.

ئەمساڵ سعودیە چەندین رێوشوێنی ئەمنی و ئیداریی گرتووەتەبەر بۆ رێگرییکردن لە حەجکردن بەشێوەی قاچاخ، پاش ئەوەی ساڵی رابردوو بەهۆی هەڵەی کارگێڕی رێکخستنی کاروباری حەج زیاتر لە 1300 زیارەتکاری حەج کۆچی دواییانکرد.

سعودیە هۆشداریی ئەمنیی بەرزکردووەتەوە بۆ ئاستێکی باڵا و سیستمی دژە موشەک و درۆنی لە شاری مەککە و نزیکی کەعبەی پیرۆز جێگیرکردووە، هەروەها بە درۆن چاودێری پرۆسەکە دەکات.

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە ئاشکرایدەکات، دەیان کەسیان دەستگیرکردووە و روبەڕوی یاسایان کردوونەتەوە، بە ئامانجی رێگرییکردن لە هەر مامەڵەیەکی نایاسایی بە فەریزەی حەجەوە.

لە رۆژی سێشەممەوە حاجیان بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێکەوتون و یەکێک لە پایە گرنگەکانی فەریزەی حەج بەجێدەهێنن و پاشان سبەی یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بەڕێوەدەچێت.

ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار حاجی لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج گەیشتوونەتە شانشینی سعودیە.