هەواڵ

دوای 46 ساڵ؛ ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانەوێت خێزانی شا بکەنەوە دەسەڵاتدار

Mic
2025-06-17


لە تارانی پایتەختی ئێران ماڵەکەی رەزاشا، وەک خۆی ماوە و 46 ساڵ پێش ئێستا چۆن جێیهێشت هەروا ماوەتەوە، دەمێکە شا کۆچی دواییکردووە، بەڵام ئێستا کوڕەکەی کە لە ئەمریکایە، لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل قسەی خۆی هەیە و لەگەڵ رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستای ئێراندایە، وەک ئەوەشی دەبینرێت رۆژئاوا خواستێتی دەسەڵاتی شا بگەڕێتەوە.

محەمەد رەزا پەهلەوی، دواهەمین پاشای ئێران بوو کە لە شازدەی ئەیلولی ساڵی 1941ـەوە تا کاتی لەناوچوونی دەسەڵاتەکەی بە شۆڕشی گەلانی ئێران، لە 11ـی شوباتی ساڵی 1979ـدا بەسەر ئێراندا حوکمڕانی کرد.

ئێستا 46 ساڵ بەسەر روخاندنی سیستەمی پاشایەتی لە ئێران تێدەپەڕێت، بەڵام ماڵەکەی شا لە تاران بووە بە مۆزەخانە و ئەو رۆژەی شا و خێزانەکەی چۆن جێیانهێشت هەروا ماوەتەوە، دوای زیاتر لە چوار دەیە رەزای کوڕی شا چاوی لەوەیە کلیلی خانوەکەی رادەستبکرێتەوە و دەسەڵاتی بنەماڵەی شای قاجار بگەڕێنێتەوە بۆ ئێران

بەرەبەیانی 13ـى حوزەیران لە هێرشێکی لە ناکاودا، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی فراوانی کرد سەر ئێران، لە هێرشەکاندا موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهێنرا، جگە لە کوژارانی سوپاسالاری ئێران و فەرماندەی سوپای پاسدارانن و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی نۆ زانای بواری ئەتۆم کوژران.

دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، ئێرانیش هێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لەو ڕۆژەوە هێرشی ئەو دوو وڵاتە بۆسەر یەکتری بەردەوامە و کاردانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام بەشێک لە بۆچونەکان بەدووی نازانن کە ئەمریکا پشتیوانی بنەماڵەی رەزاشا بکات و بیکات بە بەدیلی دەسەڵاتی ئێستای ئێران

رەزا کە تاقانە کوڕەکەی محەمەد رەزاشای پەهلەوییە کە ساڵانێکە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە ئەمریکا دەژی، لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران وتی، ئەمە جەنگی ئێران و گەلی ئێران نییە، جەنگی كۆماری ئیسلامی و خامنەییە.

رەزا داوای لە هێزە سەربازیی و ئەمنییەكان کرد، رێگای خۆیان لە ئەوان جیابكەنەوە بچنە پاڵ خەڵك و هێرشەی توندی کردە سەر عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران و وتی،" ئێمەی دەرگیری جەنگ كردووە و چارەسەر لەناوچوونی كۆماری ئیسلامیی لەرێگەی ناڕەزایەتیی شەقام و مانگرتنی سەرتاسەرییەوە دەبێت".

هەرچەندە تا ئێستا کەس بەدەم بانگەوازەکەی کوڕی شای پێشوی ئێرانەوە نەڕۆشتووە، بەڵام تادێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چڕتر دەبنەوە و ئەمریکایش سێیەم کەشتی جەنگی رەوانەی رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و بەشداریکردنی لە هێرشکردنە سەر ئێران یەکێکە لە ئەگەرە کراوەکان.

سەردار عەزیز، مامۆستای زانکۆ لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ لە نوسینێکدا باسی لەوەکردووە، هەتا بێت ئامانجی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی ڕژێم زیاتر زەق دەبێتەوە. 

ئاماژەی بەوەکردووە، شەڕەکە لە لایەن ئیسرائیلەوە ناونراوە شێری ڕاپەڕیو، ئەم شێر و ڕاپەڕینە ڕەهەندێکی ئێرانیشی هەیە، ئەوەی لە ئاڵای ئێرانی پێش کۆماردا هەیە بە شێر و خورشید یان خۆر ناسراوە، شێر ئاماژەیە بۆ شا و خورشید یان خۆر ئاماژەیە بۆ خودای روناکی لە ئاینی میترای پێش زەردەشتیدا.

رونیکردوەتەوە، بەستنەوەی شەڕی ئێران بە شێرەوە گەڕانەوەیەتی بۆ سەردەمی پێش کۆماری ئیسلامی، دیارە هەرچەند کوڕی شا چانسی کەمە، بەڵام بژاردەی خوازراوە لەلایەن هێزەکانی ڕۆژئاواوە. 

ئێستا گەلانی ئێران و ناوچەکە نازانن ئەنجامی شەڕی ئیسرائیل و ئێران چی دەبێت و ناوچەکە چی بارودۆخێکی نوێ چاوەڕێی دەکات، بەڵام دۆخەکە بە هەر ئاقاردێکدا بڕوات، ئەوا ناوچەکە دەچێتە سەردەم و قۆناغێکی نوێوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

داخستنی گەروی هورمز و کاریگەریی لە ڕوی ئابورییەوە

Mic
2025-06-18

یەکێک لە بژاردەکانی ئێران بۆ هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لە جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوەیە کە گەروی هورمز بەتەواویی دابخات لەبەردەمی هەموو جموجوڵیکی بازرگانیی و هەناردەکردنی نەوت، ئەوەش وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکا دوچاری تەنگەژەی ئابوریی جدی دەکات.

لێکەوتەیەکی خراپی داخستنی گەروی هورمز، هەڵاوسانی ئابوریی و تێکچونی پەیوەندی دیپلۆماسی ئێرانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو (عومان، سعودییە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەینە، کوەیت و عێراق) و رەنگە روبەری جەنگەکە فراوانتر بکات.

گەروی ھورمز، پانییەکەی 50 کیلۆمەترە، بەڵام تەنها 40 کیلۆمەتری بۆ جموجوڵی بازرگانیی بەکاردەهێنرێت و ڕێڕەوێکی ئاویی ستراتیژییە و کەوتوەتە نێوان ئێران و عومان و ئیماڕات کە کەنداوی فارس بە دەریای عەرەبی و پاشان زەریای ھیندی دەبەستێتەوە و پینجیەکی هەناردەکردنی نەوتی جیهان لەم نۆکەندەوە تێدەپەڕێت.

بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان ناسراو بە (ئەن کلۆس)، کە لە ساڵانی 1973 تا 1982 هاتوەتە ئاراوە، هەموو کەشتی و فڕۆکەکان مافی تێپەڕبونیان بەم گەروەدا هەیە و داخستنی تاکلایەنەی وڵاتێک دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە.

جگە لەو ڕێککەوتننامەیە، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئێران و عومان بۆ بەڕێوەبردنی گەروی هورمز هەیە، هەروەها ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو کە لە ساڵی 1981 دامەزراوە بارەگاکەی لە ڕیازی پایتەختی سعودییە و ئەنجومەنەکە هەریەک لە کوەیت، بەحرەین و عومان، قەتەر، سعودییە، ئیمارات لە خۆدەگرێت هەماهەنگی بۆ سیاسەتی دەریایی و وەزە لە گەروی هورمز دەکەن.

گەرووەکە بەناوی دورگەی هورمزەوە ناونراوە کە دورگەیەکی بچوکە و دەکەوێتی سنوری ئاوی ئێرانەوە و سەر بە پارێزگای هورمزگانە و روبەری دورگەکە 42 کیلۆمەترە و سێ هەزار کەس لێی نیشتەجێن.

شارەزایانی بواری جیۆپۆلەتیکی و چاودێرانی نێودەوڵەتی، پێیان وایە ئێران هەم لە ڕوی سەربازی و هەمیش لە ڕوی جوگرافییەوە توانای داخستنی گەروەکەی هەیە.

لە ئەگەری داخستنی گەروەکە، سعودییە، ئیمارات و عێراق چەند وڵاتێکی دیکەی کەنداو زیانی گەورەی ئابورییان بەردەکەوێت، سەرەڕای ئەوەش دەبێتە هۆی بەزربوونەوەی نرخی کاڵا و زیادبونی تێچووی گواستنەوەی نەوت و پچڕانی ڕێگای وڵاتانی ھاوردەکار.

ئێران دەتوانێت لەڕێگەی، هەردو دورگەی لارک و هێنگامی سەر بە پارێزگای هورمزگان، گەروەکە دابخات، چونکە ئەو دورگانە باڵادەستن بەسەر ڕێڕەوی کەشتیوانیی لە گەروەکەدا.

هەڵکەوتەی جوگرافی دورگەکانی لارک و هێنگامی لە دەیان ساڵی ڕابردودا ڕۆڵی هەبووە لە چاودێرییکردنی ڕێڕەوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیی، بۆیە لەم دوو شوێنەوە ئێران دەتوانێت بە بەکارهێنانی بەلەمی بچوک یان بەکارهێنانی مینی دەریایی، یان هەڵدانی موشەک، ڕێگای هاتوچۆی کەشتییە بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان بگرێت.

هەرچەندە هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا، ژمارەیەک وڵاتی دیکە لە چوار چێوەیەکی هاوپەیمانێتییەکدا هێزیان لە چەند شوێنێکی گەروی هورمز جێگیرکردوە و بۆ چاودێری و دابینکردنی ڕێگایەکی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان دەکەن، بەڵام هێشتا ئێران مەترسییەکی جدییە لەسەر گەروەکە، چونکە لە ڕابردودا وەک کارتی فشار دژی گەمارۆ ئابورییەکانی، تاران بە شێوەی کاتی دەستی بەسەر چەندین کەشتی بازرگانیدا گرتوە.

داخستنی گەروی هورمز کاریگەریی ئابوریی گەورەی دەبێت لەسەر هەناردەکردنی نەوتی، سعودییە، ئیمارات و عێراق و کوەیت، چونکە، هێڵی ترانزێتی نەوتی جیهانە، هاوکات وڵاتانی هاوردەکار، چین، ژاپۆن، کۆریای باشور و ئەوروپاش زیانیان بەردەکەوێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕێڕەوێکی سەرەکی گواستنەوەی غازی شلی قەتەرە بۆ جیهان، بڕی ئەو نەوتەی ڕۆژانە بە گەروەکەدا تێدەپەڕیت 20 ملیۆن بەرمیلە، لە 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، قەبارەی ساڵانەی بازرگانی گەروی هورمز ساڵانە 687 ملیار دۆلارە.

بەهۆی ئەوەی ئابوریی عێراق بە تەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت زیانمەندی یەکەمی داخستنی گەروی هورمزە و، دەبێت بە ناچاری ڕوبکاتە هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری هەرێم بۆ بەندەری جەیهان و توانای بۆرییەکەش سنوردارە و تەنها دەتوانێت ڕۆژانە دەوروبەری ملیۆنێک بەرمیل نەوت بگوازتەوە.

دوای داخستنی گەروەکە، لە یەکەم قۆناغدا بازاڕەکانی بۆرسەی وڵاتان توشی شڵەژان و ناجێگیری دەبنەوە و هەڵاوسان دروست دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخ.

لەم حاڵەتەشدا ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان سودی نەبێت بۆ کردنەوەی گەروەکە، بژاردەی سەربازی و جوڵە پێکردنی هێز دەبێتە بژاردەیەکی ناچاری و دەستوەردانی ئەمریکا و و وڵاتانی ڕۆژئاوا.

گەروی هورمز ڕێگەیەکی هاوبەشی دەریایی ستراتییژییە لە جیهاندا، لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، چەندین جار میدیاکان باسیان لەوەکردوە ئێران هەڕەشەی داخستنی دەکات.