شەڕی ئیسرائیل و ئێران جووەکانی هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە و داوای کۆتاییهێنان بە " جەنگ و خوێن رشتن " دەکەن.
وێڕای شەڕ، جووەکان خۆیان لە هەرێمی کوردستان بە پارێزراو دەزانن، چونکە لە ساڵی 2015ـەوە بە یاسا وەک پێکهێاتییەکی ئاینی ناسێندراون و لە وەزارەتی ئەوقاف نوێنەری تایبەتییان هەیە.
نزیکەی 180 خێزانی جوو لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن کە ژمارەیان سەرو هەزار کەس دەبێت و بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا دابەش بوون.
پێشتر ژمارەی جووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر بوون، بەڵام لە دوای ساڵی 1951 رەزگەزنامەی عێراقی لە جووەکانی عێراق و شارەکانی کوردستان وەرگیرایەوە و ناچارکران عێراق بەرەو ئیسرائیل جێبهێڵن.
ئێستاش لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، جووەکان ترسییان هەیە جارێکی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاوارەبن و ڕوبەڕوی هێرش ببنەوە.
زۆرینەی جووەکان بەهۆی دروستنەبونی مەترسی لەسەر ژیانیان لە کاتە ئاساییەکانیشدا ئامادەنەبوون ئاینی خۆیان ئاشكرا بکەن.
ئێستاش کە ئیسرائیل و ئێران لە جەنگدان هێندەی دیکە خۆیان دەشارنەوە، چونکە هەرێمی کوردستان هاوسنوری ئێرانە.
شێرکۆ عوسمان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کورستان نوێنەرایەتی جووەکان دەکات، بە دیجیتاڵ میدیای Micـی وت،" جەنگ هیچ مەترسییەکی لەسەر ئەوان دروست نەکردووە، جووەکانی هەرێمی کوردستان مەدەنین و هیچ کارێکی سیاسی ناکەن".
رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم هێرشێکی راستەوخۆی کردە سەر ئێران و دواتر ئێران وەڵامی دایەوە و تا ئێستاش شەڕ بەردەوامە.
جووەکانی هەرێمی کوردستان لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئیسرائیل نیگەرانن، لە ڕێگەی نوێنەرەکەشیانەوە لە وەزارەتی ئەوقافەوە داوای راگرتنی شەڕ و کۆتایهێنان بە ئالۆزییەکان دەکەن تا "خوێن رشتن کۆتایی بێت و مرۆڤ" نەبێتە قوربانی.
لە جەنگی ئێران و ئیسرائیل، هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکدایە کە پشتگیری خۆی بۆ ئێران دژی ئیسرائیل دەربڕیووە.
عێراق تەنها پشتگیری ئێران ناکات، بەڵکو لە رۆژی 26ـى ئایاری 2022ـەوە، پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاسای بەتاوانناساندنى ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەرکردووە.
پێکاتەی جووەکان لە هەرێمی کوردستان فەرمییە و ئەوە پشتوانییەکی یاسایی بەهێزە بۆ ئەوان، پەرلەمانی کوردستان لە 21ی نیسانی 2015 یاسای ژمارە 5ى پاراستنى مافى پێکهاتەکان لە کوردستان پەسندکرد، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چەندین ئایین و ئایینزا لە هەرێمی کوردستان هەن، ئەگەرچی بە روونی ناوی جووەکان نەبراوە، بەڵام لە کاتی دەرچوونی یاساکەوە ئەوان هاوشانی چەند ئایین و پێکهاتەیەک لە ناو وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان نوێنەریان هەیە.
جووەکان بە بڕیاری ناساندنی جووەکان وەک پێکهاتەییەکی ئاینی خۆشحاڵن، بەڵام لەوە نیگەرانن کە هاوشێوەی پێکهاتە ئاینییەکانی دیکە گرنگیان پێ نادرێت و شوێن و جێگەی تایبەت بۆ سروتە ئاینییەکانیان دابین ناکرێت.
لە ماوەی رابردوو، رێکخراوی ئارامیک کە خۆی وەک رێکخراوێکی تایبەت بە کاروباری جووەکان لە هەرێمی کوردستان ناساندوە، راگەیاندبوو، داوایەکییان پێشكەشی بەشی یاسای پەرلەمانی کوردستان کردوە تا کورسی کۆتاکان بۆ جووەکان دابین بکرێت.
پێچەوانەی داوای ئەم رێکخراوە، شێرکۆ عوسمان نوێنەری جووەکان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کورستان رەتیکردەوە،ئەوان هیچ داواکارییەکییان بۆ پێدانی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کردبێت.
یەکێک
لە بژاردەکانی ئێران بۆ هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لە جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل،
ئەوەیە کە گەروی هورمز بەتەواویی دابخات لەبەردەمی هەموو جموجوڵیکی بازرگانیی و هەناردەکردنی
نەوت، ئەوەش وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکا دوچاری تەنگەژەی ئابوریی جدی
دەکات.
لێکەوتەیەکی خراپی داخستنی گەروی
هورمز، هەڵاوسانی ئابوریی و تێکچونی پەیوەندی دیپلۆماسی ئێرانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو
(عومان، سعودییە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەینە، کوەیت و عێراق) و رەنگە روبەری
جەنگەکە فراوانتر بکات.
گەروی ھورمز، پانییەکەی 50 کیلۆمەترە، بەڵام تەنها 40
کیلۆمەتری بۆ جموجوڵی بازرگانیی بەکاردەهێنرێت و ڕێڕەوێکی ئاویی ستراتیژییە و
کەوتوەتە نێوان ئێران و عومان و ئیماڕات کە کەنداوی فارس بە دەریای عەرەبی و پاشان
زەریای ھیندی دەبەستێتەوە و پینجیەکی هەناردەکردنی نەوتی جیهان لەم نۆکەندەوە
تێدەپەڕێت.
بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان ناسراو بە (ئەن
کلۆس)، کە لە ساڵانی 1973 تا 1982 هاتوەتە ئاراوە، هەموو کەشتی و فڕۆکەکان مافی
تێپەڕبونیان بەم گەروەدا هەیە و داخستنی تاکلایەنەی وڵاتێک دەبێتە هۆی پێشێلکردنی
ئەم ڕێککەوتننامەیە.
جگە لەو ڕێککەوتننامەیە، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئێران و عومان بۆ بەڕێوەبردنی
گەروی هورمز هەیە، هەروەها ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو کە لە ساڵی 1981 دامەزراوە
بارەگاکەی لە ڕیازی پایتەختی سعودییە و ئەنجومەنەکە هەریەک لە کوەیت، بەحرەین و
عومان، قەتەر، سعودییە، ئیمارات لە خۆدەگرێت هەماهەنگی بۆ سیاسەتی دەریایی و وەزە
لە گەروی هورمز دەکەن.
گەرووەکە بەناوی دورگەی هورمزەوە ناونراوە کە دورگەیەکی
بچوکە و دەکەوێتی سنوری ئاوی ئێرانەوە و سەر بە پارێزگای هورمزگانە و روبەری دورگەکە
42 کیلۆمەترە و سێ هەزار کەس لێی نیشتەجێن.
شارەزایانی بواری جیۆپۆلەتیکی و چاودێرانی نێودەوڵەتی،
پێیان وایە ئێران هەم لە ڕوی سەربازی و هەمیش لە ڕوی جوگرافییەوە توانای داخستنی
گەروەکەی هەیە.
لە ئەگەری داخستنی گەروەکە، سعودییە، ئیمارات و عێراق چەند
وڵاتێکی دیکەی کەنداو زیانی گەورەی ئابورییان بەردەکەوێت، سەرەڕای ئەوەش دەبێتە
هۆی بەزربوونەوەی نرخی کاڵا و زیادبونی تێچووی گواستنەوەی نەوت و پچڕانی ڕێگای
وڵاتانی ھاوردەکار.
ئێران دەتوانێت لەڕێگەی، هەردو دورگەی لارک و هێنگامی سەر
بە پارێزگای هورمزگان، گەروەکە دابخات، چونکە ئەو دورگانە باڵادەستن بەسەر ڕێڕەوی
کەشتیوانیی لە گەروەکەدا.
هەڵکەوتەی جوگرافی دورگەکانی لارک و هێنگامی لە دەیان ساڵی
ڕابردودا ڕۆڵی هەبووە لە چاودێرییکردنی ڕێڕەوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیی، بۆیە لەم
دوو شوێنەوە ئێران دەتوانێت بە بەکارهێنانی بەلەمی بچوک یان بەکارهێنانی مینی
دەریایی، یان هەڵدانی موشەک، ڕێگای هاتوچۆی کەشتییە بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان
بگرێت.
هەرچەندە هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا، ژمارەیەک
وڵاتی دیکە لە چوار چێوەیەکی هاوپەیمانێتییەکدا هێزیان لە چەند شوێنێکی گەروی
هورمز جێگیرکردوە و بۆ چاودێری و دابینکردنی ڕێگایەکی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان
دەکەن، بەڵام هێشتا ئێران مەترسییەکی جدییە لەسەر گەروەکە، چونکە لە ڕابردودا وەک
کارتی فشار دژی گەمارۆ ئابورییەکانی، تاران بە شێوەی کاتی دەستی بەسەر چەندین
کەشتی بازرگانیدا گرتوە.
داخستنی گەروی هورمز کاریگەریی ئابوریی گەورەی دەبێت لەسەر
هەناردەکردنی نەوتی، سعودییە، ئیمارات و عێراق و کوەیت، چونکە، هێڵی ترانزێتی
نەوتی جیهانە، هاوکات وڵاتانی هاوردەکار، چین، ژاپۆن، کۆریای باشور و ئەوروپاش
زیانیان بەردەکەوێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕێڕەوێکی سەرەکی گواستنەوەی غازی شلی
قەتەرە بۆ جیهان، بڕی ئەو نەوتەی ڕۆژانە بە گەروەکەدا تێدەپەڕیت 20 ملیۆن بەرمیلە،
لە 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، قەبارەی ساڵانەی بازرگانی گەروی هورمز
ساڵانە 687 ملیار دۆلارە.
بەهۆی ئەوەی ئابوریی عێراق بە تەواوی پشت بە داهاتی نەوت
دەبەستێت زیانمەندی یەکەمی داخستنی گەروی هورمزە و، دەبێت بە ناچاری ڕوبکاتە
هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری هەرێم بۆ بەندەری جەیهان و توانای
بۆرییەکەش سنوردارە و تەنها دەتوانێت ڕۆژانە دەوروبەری ملیۆنێک بەرمیل نەوت
بگوازتەوە.
دوای داخستنی گەروەکە، لە یەکەم قۆناغدا بازاڕەکانی بۆرسەی
وڵاتان توشی شڵەژان و ناجێگیری دەبنەوە و هەڵاوسان دروست دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی
بەرزبونەوەی نرخ.
لەم حاڵەتەشدا ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان سودی نەبێت بۆ
کردنەوەی گەروەکە، بژاردەی سەربازی و جوڵە پێکردنی هێز دەبێتە بژاردەیەکی ناچاری و
دەستوەردانی ئەمریکا و و وڵاتانی ڕۆژئاوا.
گەروی هورمز ڕێگەیەکی هاوبەشی دەریایی ستراتییژییە لە
جیهاندا، لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، چەندین جار میدیاکان باسیان
لەوەکردوە ئێران هەڕەشەی داخستنی دەکات.