کاتێک هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران
لە بەرەبەیانی 13ی حوزەیران دەستیپێکرد، تەقینەوەکان ماڵی بەشێک لە زانایانی باڵای
ئەتۆمیی ئێرانی وێرانکرد و بەهۆیەوە 9 زانای ئەتۆمیی تیرۆرکران کە دەیان ساڵە کاریان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردبوو.
هەر
نۆ زاناکە، پێشتر زانیاری هەواڵگریی وردیان لەبارەوە کۆکرابوویەوە بۆیە لە شوێنێکی
نزیکەوە هێرشی مووشەکی کراوەتەسەریان و کوژراون.
دوای
11 رۆژ و چەند کاتژمێرێک پێش ئاگربەستی ئەمریکا، زانایەکی دیکەش بە ناوی سەید عەلی
سابر کوژرا.
بەپێی
راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دامەزراوە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل زۆر بەچڕی چەند
هەفتەیەک پێشتر شوێنپێی زانا ئەتۆمییەکانی هەڵگرتووە و چاودێریی کردوون و
ئامادەسازیی کردووە بۆ تیرۆرکردنیان.
ئەو
تیرۆرانە لوتکەی هەوڵی هەواڵگریی ئیسرائیلی بوو بۆماوەی 15 ساڵ، لەپێناوی سڕینەوەی
یەکێک لە بەنرخترین سەروەت و سامانەکانی ئێران، ئەویش زانایانی باڵای ئەتۆمییە کە
لە ساڵی 2003ەوە کاریان لەسەر پرۆگرامێکی نهێنی ئەتۆمی کردبوو، ئیسرائیل لەو کاتەوە
و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ناسینەوەی زاناکان دەکات.
بنیامین
نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بانگەشەی ئەوە دەکات، تیرۆرکردنی زانا
ئەتۆمییەکان بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی دواخستووە.
لە
نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2020 دەزگا سیخوڕییەکانی ئیسرائیل پێنج زانای پایەبڵندی ئێرانیان
بەشێوەی جیاجیا تیرۆرکردووە، بەردەوامیش ئێران لە هەوڵی ئەوەدابووە کە شارەزایی
زانا ئەتۆمییەکانی بۆ خەڵکی نوێ و چەندین زانای نوێ بگوازێتەوە و توانا مرۆییەکانی
خۆی لەبواری پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی بپارێزێت.
ئیسرائیل
و ئێران بە دوو ئاڕاستەی جیاواز پێشبڕكێیانە، ئیسرائیل لە هەوڵی کوژاندنەوەی ناوی
زاناکاندایە و ئێرانیش بەردەوام لە هەوڵی فراوانکردنی تیمی زاناکانیدایە بۆ ئەوەی
شکست بە پلانەکانی نەیارەکانی بهێنێت.
رۆژنامەی
وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکا ئەوەی ئاشکراکردووە کە ئیسرائیل هەموو رێگایەکی
گرتووەتەبەر بۆ ئاشکراکردنی ناو و ناونیشانی زانا ئەتۆمییەکان، بەتایبەتی تۆڕی
مۆبایل و داتابەیستی رێکخراوە چاودێرەکانی بواری تەکنەلۆژیای ئەتۆم و هاککردنی
دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
بەدوور
نازانرێت، لەپاش وەستاندنی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە، بەڵام ئیسرائیل زیاتر دەستی
خۆی ئاوەڵا بکات بۆ کوشتنی زاناکان لە ساڵانی داهاتوودا.
کاربەدەستانی
پێشوو و شارەزایان دەڵێن هێرشەکانی سەر ئەو زانایانە گورزێکی بەرچاوی لە توانای
ئەتۆمییەکانی ئێران داوە.
ئەمریکا و ئیسرائیل جەخت لەوەدەکەنەوە، زۆربەی
ئەو کەسانەی کوژراون ئەزموونی کردەیییان هەبووە لە تاقیکردنەوە و دروستکردنی پێکهاتەکانی
کڵاوەی ئەتۆمیی، وەک سیستەمی تەقینەوە و تەقەمەنی بەرز و سەرچاوەی نیوتڕۆنی پەیوەست
بە چەکی ئەتۆمی.
بەگوێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئێران بەشێکی
زۆری توانا مرۆیی و کەسانی پسپۆڕی بواری تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی پاراستووە، هەروەها
تەکنیک و تەکنەلۆژیاکەی گواستووەتەوە بۆ نەوەی نوێی زانایان، سەرەڕای ئەوەی رەتیدەکاتەوە
هیچ بەدواداچوونێک بۆ بۆمبی ئەتۆمی بکات. تاران هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە
کە بەرنامەکەی ئاشتیخوازانەیە.
بەرنامەی ئاماد
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان،
رایگەیاندووە کە ئێران بەرنامەیەکی پەیوەندیدار بە چەکی ئەتۆمی هەیە کە بە "پرۆژەی
ئاماد" ناسراوە و تا ساڵی 2003 بەردەوام بووە، بەرپرسانی ئیسرائیل و رۆژئاوا
دەڵێن لەو کاتەوە هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی خێراتر کراوە.
دوای هەفتەیەک لە هێرشەکانی 13ی حوزەیران، ئیسرائیل
بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشیکردە سەر زانایەکی دیکە کە لە خانوییەکی زۆر تۆکمەدا
حەشاردرابوو، بەڵام تا ئێستا ناوی ئەو زانایە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئاماژە بەوەکرابوو
کە ئەو زانایە ئەندامێکی گرنگی رێکخراوی ئاماد-ە کە سەرپەرشتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی
ئێران دەکات.
شەڕی میدیایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و
کۆمەڵی دادگەریی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن گەرمتردەبێت، بەشێکیش وەک هۆکارێک
بۆ پەرتبوونی دەنگی ناڕازی پێناسەی دەکەن.
نزیکبونەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شەڕی میدیایی
جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر گەرم دەکات.
دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆکە
بەتەمەنەکەی لە لیستی نەوەی نوێیە، دیسانەوە بووەتە بابەتێکی دیکەی جەنگی میدیایی
نێوان نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی.
کۆمەڵی دادگەریی، تاکە هێزی سیاسی هەرێمی کوردستانە کە بەهۆی
ناڕازیبوونی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانی کردووە.
نەوەی نوێ ترسی هەیە هەڵوێستەکەی کۆمەڵ کاریگەری لەسەر شەقام
هەبێت و بەشێکی دەنگی ناڕازی لە رێگەی ئەو هەڵوێستەوە بۆ خۆی ببات بە تایبەت کە
تائێستا پەرلەمان کارا نەبووە.
ئەوەی وایکردووە ئەو گریمانەیە بەهێزبێت، هێرشی توندی میدیایی
نەوەی نوێیە بۆ سەر بڕیارەکەی کۆمەڵ بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان.
نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری بەوە
تۆمەتبارکردووە کە کۆتا هەڵبژاردن بەهۆی ساختەکاریی رۆژی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی
دەنگەکانەوە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، کەچی دیسان بەشداریی هەڵبژاردن دەکاتەوە.
کۆمەڵ لەسەرەتاوە بێدەنگیی هەڵبژارد، بەڵام دواتر وەڵامی
هێرشەکەی نەوەی نوێی دایەوە و جوڵانەوەکەی بە "ئاڕاستەکراو" تۆمەتبار
کرد.
کۆمەڵی دادگەری بە تایبەت رەخنەی لەو هەڵوێستەی نەوەی نوێ گرتووە
کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی بە یاسای "بە تاوانکردنی هاوڕەگەزخوازیی و ڕەگەز
گۆڕین" نەداوە.
هاوڵاتییان رای جیاوازییان لەسەر شەڕی میدیایی نەوەی نوێ و
کۆمەڵی دادگەری هەیە، بەشێکیان وەک بابەتێکی ئاسایی و هەڵمەتێکی پێشوەختەی
هەڵبژاردن لێی دەڕوانن، بەڵام زۆرن ئەوانەشی پێیان وایە شەڕی میدیایی حزبە
ئۆپۆزسیۆنەکان کاریگەری لەسەر پەرتکردنی دەنگە ناڕازییەکان دەبێت.
نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری لە کاتێکدا شەڕی میدیایان دژ بە
یەکتر گەرمکردووە کە دوو پارتەکە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەدا لە هەوڵی
دروستکردنی یەک لیست بوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی
هێنا.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 15 کورسییە و
لە پەرلەمانی عێراقیش خاوەنی 9 کورسییە، کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی
یەک کورسییە، ئەگەرچی لە پەرلەمانی کوردستان 3 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام وەک
خۆیان رایانگەیاندووە، بەهۆی " ساختەکاری"یەوە بایکۆتی خولی شەشەمی
پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.