دابەشكردنی پۆستەکانی شارەدێی پردێ ناڕەزایەتی تورکمانەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە و تا ئێستا دوو جار خۆپیشاندانی فراوانیان ئەنجامداوە، پارێزگاری کەرکووک لیژنەیەکی بۆ داڕشتنەوەی پۆستە کارگێڕییەکانی پارێزگاکە پێکهێناوە، نوێنەرێکی بەرەی تورکمانیش لە پەرلەمانی عێراق داوای دەستوەردانی سودانی دەکات.
لایەنگرانی بەرەی تورکمانی دژی دابەشکردنی پۆستەکانی شارەدێی پردێ جارێکی دیکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدایەوە و رێگای سەرەکی نێوان هەولێر - کەرکووکیان داخست.
تورکمانەکانی پردێ داوا دەکەن، یەکێک لە پۆستەکانی بەڕێوەبەری شارەدێ، بەڕێوەبەری پۆلیس و بەڕێوەبەری شارەوانی بۆ پێکهاتەی تورکمان بێت.
لیژنەیەک لە دەزگای ئاسایشی عێراق سەردانی شوێنەکەی کرد و لەگەڵ سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکە کۆبوونەوە و هۆشدارییاندا و جەختیان لەوە کردەوە کە نابێت هیچ دامودەزگایەکی حکوومەت زیانی پێبگات لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە.
ئەرشەد ساڵحی نوێنەری بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانەوە داوای لە لایەنگرانی بەرەی تورکمانی کرد، ئاشتی بپارێزن.
داواشی لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش کرد بە زووی دەستوەردان لە دۆخی شارەکەدا بکات و کێشەی دابەشکردنی پۆستەکان چارەسەر بکات.
تورکمانەکانی پردێ جاری یەکەمیان نییە خۆپیشاندان دەکەن، بەڵکو 30ـی حوزەیرانیش بەشێکی لایەنگرانی بەرەی تورکمانی، لە دژی دانانی بەڕێوەبەرێکی کورد بۆ شارەوانیی پردێ خۆپیشاندانیان کرد.
تورکمانەکان لەو خۆپیشاندانەدا رۆژی 3ـی تەمموزیان وەک دوا مۆڵەت بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە دیاریی کرد کە پێشکەشی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیان کردبوو، بەڵام بەهۆی وەڵامنەدانەوەیان دەستیان بە خۆپیشاندانەکان کردەوە.
رێبوار تەها پارێزگاری کەرکووک لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، بە نوسراوێک پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پۆستە کارگێڕییەکانی ئیداری پارێزگای کەکووک راگەیاند.
بەپێی نوسراوەکە، دارشتنەوەی پۆستە کارگێڕییەکان، لەسەر بنەمای هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکان دەبێت و پێویستە لەماوەی یەک مانگدا کارەکانی تەواو بکات.
شارەدێی پردێ سەر بە قەزای دووبزە لە پارێزگای کەرکووک، هەردوو نەتەوەی کورد و تورکمان تێیدا دەژین و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هەریەک لە پۆستی بەڕێوەبەری شارەدێ، بەڕێوەبەری پۆلیس و بەڕێوەبەری شارەوانی لەلایەن کوردەوە بەڕێوەدەردرێن.
هەریەک لە پۆستی، بەڕێوەبەرانی کارەبا، ئاو، گەیاندن، بانک، نەخۆشخانە و تۆماری خانووبەرە لەلایەن پێکهاتەی تورکمان بەڕێوەدەبردرێن.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.