دوای زیاتر لە سەدەیەک لە هەمان شوێنی ئەو بەڵێنە جێبەجێ نەکراوەی نوێنەری ئەتاتورک بۆ سەربەخۆیی بە کوردی دا، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دوای 41 ساڵ خەباتی چەکداری چەکەکانی سوتاند.
پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دوای 41 ساڵ لە خەباتی چەکداری، لە هەمان ئەو شوێنەی زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر نوێنەری ئەتاتورک بەڵێنی سەربەخۆیی بە کورد دا، چەکەکانی سوتاند.
ساڵی 1922 - 1923 شەفیق ئۆزدەمیر یان ئۆزدەمیر پاشا بە نوێنەرایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک سەردانی ئەشکەوتی جاسەنی کرد و بە زارەکی بەڵێنی بەشێخ مەحمود دا دوای پەیمانی لۆزان سەربەخۆیی یان لانیکەم ئەنەتۆنۆمی بە کورد بدرێت تا دوای نەمانی ئینگلیز بە ئیرادەی خۆی لە خاکەکەیدا بژی .
شەفیق ئۆزدەمیر ساڵی 1985 لە قاهیرە لە دایکبووە و چەرکەس بووە، ساڵی 1922 وەک نوێنەری تایبەتی ئەتاتورک بۆ پرسی ویلایەتی موسڵ بۆ عێراق و کوردستان نێردرا، بە کوردەکانی وت، تاکە ڕێگە بۆ دەربازبوون لە کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا هاوکارییە لەگەڵ ئەنقەرە.
ئۆزدەمیر پەرەی بەو بیرۆکەیە دەدا کە کوردەکان لەگەڵ تورکەکان لە سنوورەکانی میساقی میللیدا پێکەوە دەژین، ئەوەیش قازانجی ئەمنی و سیاسی زیاتری دەبێت.
شەفیق ئۆزدەمیر بەڵێنی بە کورد داوە کە ستەمیان لە بوارەکانی زمان و کولتوور و ئایین لەگەڵ ناکرێت و ناسنامەی ئیسلامییان پارێزراو دەبێت.
مێژونووس مەحمود ئاکیورکلی ڕایگەیاندووە، بەپێی بەڵگەنامە تازە دۆزراوەکانی ئەرشیفی عوسمانی، مستەفا کەمال شاندێکی ناردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ شێخ مەحمود بەرزنجی کۆببێتەوە و ڕێککەوتنێکی 10 مادەیی داڕێژرا، لەوانە پێدانی پێگەیەکی هاوشێوەی "فیدراسیۆن" بە کورد.
دوای پەیمانی لۆزان ئەو بەڵێنانەی ئۆزدەمیر بە کوردی دابوون جێبەجێ نەکران، سیاسەتی فەرمی کۆماری تورکیا لە ساڵی 1924 بەدواوە بە درێژایی هێڵەکانی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی یەکگرتوو داڕێژرا.
ئەم دۆخە بووە هۆی نائومێدی زۆرێک لە سەرکردەکانی کورد و زەمینەی بۆ ڕاپەڕینەکانی دواتر خۆش کرد وەک شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 و شۆڕشەکانی دواتر تا دەگاتە پارتی کرێکارانی کوردستان کە لە ساڵی 1984 دەستی بە خەباتی چەکداری کرد.
رۆژی 11ـی تەمووزی 2025، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا 4 فەرماندە و 26 گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە چەکەکانیان سوتاند.
ئەشکەوتی جاسەنە بە دووریی 50 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری سلێمانی لە ناوچەی سورداش لەسەر رێگەی سلێمانی - دووکان. جاسەنە لە پشتی گوندی کانی خان، لە بناری چیایەکی گەورە هەڵکەوتووە.
پاش هێرشی فڕۆکەی سوپای ئینگلیز لە ساڵی 1923، شێخ مەحمودی حەفید ئەشکەوتی جاسەنەی کردە پەناگە، چاپخانەی تێدا دامەزراند و یەکەم رۆژنامەی تێدا بڵاوکردەوە بەناوی بانگی حەق کە لە 2ـی ئازاری 1923 بڵاوکرایەوە.
ئەشکەوتی جاسەنە لە شۆڕشی نوێیدا بۆ پێشمەرگە گرینگ بوو؛ لە دژی رژێمی بەعس پەناگەیەکی گرنگی هێزەکانی پێشمەرگە بووە لە ناوچەی سورداش و دوکان و زنجیرە چیای پیرەمەگرون.
سەرچاوەکان:
https://www.rupelanu.org/lozandan-once-kurtler-894h.htm
https://www.tamgaturk.com/yazarlar/mertcan-gurkan/turkiye-nin-musul-icin-unutulan-mucadelesi-ozdemir-bey-harekati/17314/
https://www.rudaw.net/turkish/kurdistan/060520234
https://www.tarihistan.org/umut-berhan-sen-milli-mucadele-de-musul-cephesi-ve-derbent-muharebesi-zaferi/23135/
چەکدانان و سوتاندنی لەلایەن ژمارەیەک گەریلای پەکەکەوە کۆتایی بە هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان نەهێنا و هێرشەکان دەستییان پێکردەوە، ئەردۆغانیش دەڵێت، "پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر دەرئەنجامی قۆناغێکی دانوستان و یان وەرگرتن و بەخشینێک نەبووە".
کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای مەراسیمی چەکدانانی 4 فەرماندە و 26 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، تورکیا هێرشی سەربازی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رێکخراوی cptـی ئەمریکی بڵاویکردەوەتەوە، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا 5 جار تۆپبارانی (گەلی مێوین و گەلی قەچۆ)یان لە دەڤەری نهێلێ لە سنوری قەزای ئامێدی کردووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن ئەو رێخکراوەوە بڵاوکراونەتەوە، لە 1ـی کانوونی دووەم بۆ 30ـی حوزەیران، سوپای تورکیا هەزار و 678 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
هەزار و 484 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک، 140 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، 5 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی و سفر هێرشیش بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا بووە.
بە هۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 3 هاوڵاتی شەهید و 6 هاوڵاتی تری مەدەنی برینداربوون.
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا هەزار و 232 هێرشی لە ڕێگەی تۆپباران،397 هێرشی لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 43 هێرشی لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر، 5 هێرشی لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی سوک و 1 هێرشی لە ڕێگەی تەقینەوە ئەنجامداوە.
بە تەنها لە مانگی حوزەیراندا، سوپای تورکیا، 550 هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە کە 541 هێرشیان بۆسەر سنوری پارێزگای دهۆک و 9 هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر بوون، بە بەراورد بە مانگی ئایار، ژمارەی هێرشەکان لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەی (٨٪) زیادیانکردووە.
لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە مانگی ئازاردا، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجامنەداوە.
ئەگەرچی پەکەکە ئاگربەستی تاک لایەنەی راگەیاندووە و یەکەم گروپی چەکی داناوە و سوتاندوویەتی، بەڵام تورکیا لەگەڵ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی نەناوە، بەڵکو هێرشەکانیشی بۆ سەر پەکەکە رانەگرتووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە یەکەم وتاریدا لەبارەی چەکدانانی ژمارەیەک گەریلای پەکەکەوە رایگەیاند، پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر دەرئەنجامی قۆناغێکی دانوستان یان وەرگرتن و بەخشینێک نەبووە، با ھەمووان دڵنیابن لەوەی ڕێگە نادەین شکۆی دەوڵەتی کۆماری تورکیا پێشێل بکرێت، ھەرگیز سەری دانانەوێنین، بەم تێگەیشتنە چاودێری پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆرمان دەکەین".
دەم پارتی و پەکەکە چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری لە تورکیا دەکەن، زۆرینەی ئومێدەکانیان لەسەر لیژنەیەک هەڵچنیووە کە بڕیارە لە پەرلەمان دەستبەکار بێت.
سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە دروستکردنی ئەو لیژنەیە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، وەک ھەنگاوی یەکەم لە پەرلەمانی تورکیا کۆميسیۆنێک دادەمەزرێنین و دەست دەکەین بە گفتوگۆکردن لەسەر پێداویستییە یاساییەکانی پرۆسەکە.
پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان، لە کۆتایی ساڵی 2024 بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و داوای خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد
پەکەکە لە رۆژانی 5- 7ی ئەم مانگە کۆنگرەی 12ی خۆی بەست و دواتر رایگەیاند، بڕیاریانداوە چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە، رۆژی 11ـی تەمووز لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گرووپێکی 30 کەسیی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا و سوتاندیان.