هەواڵ

ئەمڕۆ بڕیار لە خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش دەدرێت

Mic
2025-08-26

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر بنەمای راپۆرتی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق بڕیار لە مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێم دەدات.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆببێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش بریتییە لە بابەتی نەوت و موچەی هەرێمی کوردستان.

دیجیتاڵ میدیای MIC  زانیویەتی پرسی نەوت و خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، وەک بابەتێکی لە کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا جێگیر کراوە.

بڕیارە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەبارەی ئەم دوو پرسە بکرێت و هەوڵبدرێت بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە بدرێت.

ماوەی سێ رۆژە شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی MIC شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەیی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام راپۆرتی ئامادەکراو لەسەر کۆبوونەوەکانی هەردوو لا دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بڕیار دان.

خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکە لە چۆنیەتی لێکدانەوە و مامەڵەکردنی یاسایی بوو لەگەڵ ئەو داهاتانەی کە لە باج و رسومات و گومرگەوە لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێنەوە.

دیجیتاڵ میدیای MIC  زانیویەتی هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی هەرێمی کوردستان بدات و بەدەربکرێت لە ناکۆکی و ئەنجامی راپۆرتی کۆبوونەوەکانی ئەم چەند رۆژە.

بابەتێکی دیکە کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێ دەکرێت پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە هەردوو حکومەت لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی رێککەوتوون و تورکیاش ئامادەیە.

گرفتی سەرەکی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتن لە هەرێم؛ هێشتا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکراوە و رازی نەکراون، بەبێ رازیکردنی ئەوان هەناردەکردنەوەی نەوت قورس دەبێت.

زیاتر لە 100 رۆژە تەنها یەک مووچە لە هەرێمی کوردستان دابەشکراوە، فەرمانبەران و مووچە خۆران لە دۆخێکی سەختی داراییدان، جوڵەی بازاڕ سستە و فرۆشیاران و دوکاندارانیش هاواری بێ بازاڕییان لە هەستاوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بەغدا مووچەی مانگی حوزەیران خەرج بکات

Mic
2025-08-27

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی فەرمی خەرجکردنی پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکات.

دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق، نووسروای فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی پێ دەگات دەست بە رێکارەکانی خەرجکردنی پارەی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستان دەکات.

بڕیارە هەر ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC هەر کات ڕێکارەکان لە بەغدا دەستپێبکات، وەزارەتی دارایی هەرێم-یش 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێرین.

دیجیتاڵ میدیای MIC زانیویەتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینارەکەی ئامادەیە، تەنها چاوەڕێی فەرمانن بۆ ئەوەی پارەکە بخەنە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.

هەرێمی کوردستان چاوەڕێی تەیف سامی، وەزارەتی دارایی عێراقە، نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی پێبگات بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی ئامادەکردووە و چاوەڕێی پارەیە، لەگەڵ هاتنی پارە لە بە‌غداوە لیستەکە بڵاودەکاتەوە

ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دا مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، بەو مەرجەی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بداتە بەغدا.