هەواڵ

رووداوەکەی لالەزار کاریگەریی لەسەر دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەبێت

Mic
2025-08-26

رووداوەکەی لالەزار  گرفت بۆ پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی دروستکردوە و، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم-یش خاو دەکاتەوە.

زیاتر لە سێ مانگە یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کۆنەبوونەتەوە، پێدەچێت رووداوەکەی لالەزار کاریگەری لەسەر رەوتی کۆبوونەوەکان هەبێت و پرۆسەکە زیاتر دوا بخات.

یەکێتی نیگەرانە، لەو هەڵمەتەی میدیاکانی پارتی لە دوای رووداوەکەی لالەزار کردویانەتە سەر سلێمانی و حیزبەکە، بۆیە دەنگۆی هەڵپەساردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حیزب لەئارادایە.

هەرچەندە بەرپرسانی باڵای یەکێتی و پارتی لە لێدوانەکانیاندا جەخت لە بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکەنەوە، بەڵام لە کرداردا هەنگاوی جددی نابینرێت و هەوڵەکان تەنها لە چوارچێوەی لێدوانی میدیای-دان.

بەپێی دوا کۆبوونەوەی هەردوو حیزب؛ بڕیارە لە مانگی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان دەست بە دانیشتنەکانی بکات و سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێت، بەڵام هێرشی میدیای هەردولا بۆ سەریەک، رەنگە ئەو هەوڵە بۆ ماوەیەکی نادیار لەبار بەرێت.

هەرچەندە لە 10 مانگی رابردوودا پارتی و یەکێتی چەندین جار لەسەرپێکهێنانی کابینەی نوێ کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان.

یەکێتی داوای هاوبەشی راستەقینە لە حکومەتی داهاتوو و ژمارەیەک پۆست دەکات، تائێستا پارتی رەزامەندی لەسەر نەداوە و رەنگە کاتی زیاتریش بخایەنێت.

بۆچونێکیش پێیوایە یەکێتی و پارتی نایانەوێت تا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کابینەی نوێ پێکبهێنن دەیانەوێت پۆستەکان لە هەردوو حکومەت بکەنە یەک پاکێج.

لە کاتێکدا بەرپرسانی باڵای هەردوو حیزب لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکان، جەخت لە پێکهێنانی کابینەی نوێ لە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووەتەوە، بەڵام هیچ کامیان ئیرادەیەکی جددیان نییە.

لە مانگی 10ـی ساڵی رابردووەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، تا ئێستا نە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دیاریکراوە و نە حکومەتی نوێ پێکهاتووە.



More News

Most Popular

هەواڵ

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بەغدا مووچەی مانگی حوزەیران خەرج بکات

Mic
2025-08-27

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی فەرمی خەرجکردنی پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکات.

دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق، نووسروای فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی پێ دەگات دەست بە رێکارەکانی خەرجکردنی پارەی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستان دەکات.

بڕیارە هەر ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC هەر کات ڕێکارەکان لە بەغدا دەستپێبکات، وەزارەتی دارایی هەرێم-یش 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێرین.

دیجیتاڵ میدیای MIC زانیویەتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینارەکەی ئامادەیە، تەنها چاوەڕێی فەرمانن بۆ ئەوەی پارەکە بخەنە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.

هەرێمی کوردستان چاوەڕێی تەیف سامی، وەزارەتی دارایی عێراقە، نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی پێبگات بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی ئامادەکردووە و چاوەڕێی پارەیە، لەگەڵ هاتنی پارە لە بە‌غداوە لیستەکە بڵاودەکاتەوە

ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دا مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، بەو مەرجەی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بداتە بەغدا.