لە هەولێر و سلێمانی هاوڵاتییان دژی دواکەوتنی مووچە، نەبوونی کارەبا و ئاو خۆپیشاندان دەکەن، هێزە ئەمنییەکان ڕۆژنامەنووسان و چەند چالاکوانێک دەستگیر دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی MIC هاوڵاتییانی کەورگۆسک لە پارێزگای هەولێر دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەزەبری هێز بڵاوەیان پێ کرا.
لە سلێمانی-یش هێزێکی زۆر بۆ ڕێگری لە خۆپیشاندانی، مامۆستایان، فەرمانبەران و چێن و توێژە جیاوازەکان بۆ داواکردنی مووچە بڵاوەی پێکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی MIC لە سلێمانی چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بەهۆی بانگەواز بۆ خۆپیشاندان؛ دەستگیرکراون، و لە هەولێریش دوو چالاکوان دەستگیرکراون.
هاوکات هێزە ئەمنییەکان ڕێ بە تیمە ڕۆژنامەوانییەکان نادەن ڕوماڵی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی هاوڵاتییان بکەن، لە شەوی ڕابردوەوە تا ئێستا چەندین ڕۆژنامەنووس لەلاین هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و دەست بەسەر کەرەستە ڕۆژنامەوانیەکانیشیاندا گیراوە.
سەرەڕای خراپی دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و سستبوونی جوڵەی بازاڕ و کڕین و فرۆشتن، بەهۆی دواکەوتنی مووچە فەرمانبەران و هاوڵاتییان لە دۆخێکی سەختی دارایی-دان و دۆخەکە لە لێواری تەقینەوەی جەماوەریدایە.
کۆبونەوەی
دادگای باڵای فیدراڵی و کۆبونەوەی لوتکەی یەکێتی و پارتی هیچ هەواڵێکی خۆشیان بۆ
مووچە خۆران پێنەبوو، بڕیارە لە 24 کاتژمێری
داهاتوودا دوو کۆبونەوەی باڵا لە بەغدا بەڕێوەبچێت و تێدا پرسی موچەی هەرێم تەوەری
سەرەکی دەبێت.
ئەمڕۆ 14ـى تەمموز،
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تایبەت بە دوو سکاڵا لەبارەی نەناردنی مووچەی هەرێمی
کوردستانەوە کۆبووەوە، هەرچەندە موچە خۆران چاوەڕێبوون دادگا بڕیاری ناردنی مووچە
بدات، بەڵام دادگاکە
بڕیاردانی لەسەر سکاڵاکان بۆ 28ـی تەمموز دواخست.
پرسی مووچەی مووچە
خۆرانی هەرێم، ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا کۆکردەوە، شاندی یەکێتی بە
سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی مەسعود
بارزانی، سەرۆکی پارتی کۆبونەوە.
دوای
کۆتاییهاتنی کۆبونەوەکە، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە بەشێکی تایبەتبوو بە پرسی
مووچە و ئاماژە بەوەکراوە، هەموو هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ چارەسەری
کێشە و دابینکردنی مووچە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان
وابڕیارە ئەمشەو،
کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەڕێوەدەچێت، کە لە لایەنە سەرەکیە شیعەکانی ناو
حکومەت پێکهاتووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەی کۆبونەوەکە دەبێت و پرسی ناردنی
مووچەی هەرێم تەواوەرێکی کۆبونەوەکە دەبێت.
سبەینێ، ئەنجومەنی
وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ئەو راپۆرتە دەکات، کە لیژنە وەزارییەکەی
حکومەتی عێراق ئامادەی کردووە لەسەر پرسی مووچەی هەرێم.
شێروان دووبەردانی،
پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە، دواخستنی
دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی هیچ یاسایی نەبوو، تەنیا نەیانویست بڵێن لە
تواناماندا نییە بڕیار بدەین، دواخستنی دادگای فیدراڵی بۆ 28 مانگ پەیامێکی ناراستەوخۆیە
کە ناتوانن مووچە بنێرن.
لەبارەی هەڵوێستی
فراکسیۆنی پارتی لە بەرامبەر دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وتی: کۆتا
وادەی چاوەڕوانیمان یەک هەفتەی دیکەیە و ئەگەر تا ئەو کاتە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی
هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکرێت، هەڵوێستمان دەبێت.