هەواڵ

یەکەم هێرش روویدا.. ئەحمەد شەرع گوشاردەکات هەسەدە رازیببێت بە رێککەوتن؟

Mic
2025-08-03


یەکەم شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هەسەدە و سوپای نوێی سوریا روویدا، هەرچەندە هەردولا یەکتری بە دەستپێشخەری بۆ شەڕەکە تۆمەتباردەکەن، بەڵام رووداوەکە پەیوەندی بە هەوڵەکانەوە هەیە بۆ ئەنجامدانی رێککەتن لەنێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی.

شەوی 2ـى ئاب، هێزەکانی سەر بە سوپای حکومەتی راگوزەری سوریا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات، لەبەرامبەردا هەسەدە بە توندی وەڵامی دانەوە، پاشان هەردوولا یەکترییان بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتباردکرد.

رووبەڕووبوونەوەکە له‌ شارۆچکەی دێرحافر له ‌حه‌له‌ب روویدا، فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، هێزەکانی سوپا کاردەکەن بۆ ئەوەی وەڵامی سەرچاوەی ئەو هێرشانە بدەنەوە کە گوندە سڤیلنشینەکانیان لە نزیک هێڵەکانی بڵاوبوونەوەین سوپا، کردوونەتە ئامانج.

لەبەرامبەردا، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات – هەسەدە سەبارەت بە وەڵامی ڕاگەیاندراوێكی وەزارەتی بەرگریی حكومەتی کاتی دیمەشق رایگەیاند، تەواوی بەیاننامەی وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕەتدەكەنەوە، كە دەڵێن: هێزەكانی قەسەدە هێرشی مووشەكییان كردە سەر ماڵی هاوڵاتییان، بە پێچەوانەوە گرووپە بێ دیسپلینەکانی سەربە هێزەکانی حکومەتی سوریا بەردەوامن لە پێشێلکردنی هێڵەکانی پێشەوەی بەرگریی لە ناوچەی دێرحافر.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هێزەكانیان تا ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن ئارامی گرتووە بەرامبەر بە هێرش و هەراسانكارییە دووبارەكانی ئەو گرووپانە، كە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە هەڵكەندنی خەندەق و گواستنەوەی چەكداران، بۆ پەرەپێدانی گرژییەكان.

بەپێی بەدواداچوونەکان، سەرەتا گروپی سلێمان شا کە زۆربەیان تورکمانن هێرشەکەیان ئەنجامداوە، دوای ئەوەی هەسەدە وەڵامی داونەتەوە حەوت کەس لە گروپی سلێمان شا بریینداربوون، لە ئێستادا دۆخەکە ئارام بووەتەوە.

دوای کەوتنی بەشار ئەسەد، هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای نوێی سوریا بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع، بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتری دەکەن و سەنگەرەکانیان بەرامبەر یەکتری قایمکردووە، سەرەڕای رێکەوتنێکی 10 خاڵی لەنێوانیاندا.

بەپێی بەدواداچوونەکان، گومان دەکرێت گروپەکەی سلێمان شا کە بە نزیک لە تورکیا ناسروان، بە مەبەست ئەو هێرشەیان ئەنجامدابێت و ئامانجیان بوبێت بەرەیەکی تڕی شەڕ بکەنەوە،، بەڵام وەڵامی توندی هەسەدە لەلایەک و سەرقاڵبوونی سوپای نوێی سوریا بە شەڕی درووزەکان لە پارێزگای سوەیدا، رێگەی بە بەردەوامی شەڕەکە نەدا.

حکومەتی راگوزەری سووریا سورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و تێکەڵکردنی ئەندامانی هەسەدە بە سوپای داهاتووی سوریا، بەڵام هەسەدە پێداگرە لەسەر ئەوەی بەم پێکهاتە و تایبەتمەندییەی ئێستا هەیەتی، ببێتە بەشێک لە سوپاکە.

هەرئەوش گومانی دروستکردووە، کە ئەحمەد شەرع بیەوێت فشار لە هەسەدە و بەتایبەت مەزڵوم عەبدی بکات بە رازیبوون بە رێککەوت، بەڵام کردنەوەی بەرەیەکی تری شەڕ رەنگە ئەنجام خراپی بۆ ئەحمەد شەرع لێبکەوێتەوە، هەربۆیە بە بەیاننامەیەک کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان هێنرا.

More News

Most Popular

هەواڵ

ڕونکردنەوەیەکی هاتوچۆی سلێمانی دەبێتە نوکتە و تەنزی سۆشیاڵ میدیا

Mic
2025-08-05

ڕوونکردنەوەیەکی هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی هەڵگرتنی 'قەرەجەکان' لەسەر شەقامەکان هەرا دەنێتەوە لە چەند خولەکێکدا بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبێتەوە و دەبێتە نوکتە و تەنزی سۆشیاڵ میدیا.

هاتووچۆی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەکەیدا باس لە بڵابوونەوەی نووسراوێک بە ناوی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوان دەکات کە تێیدا، 150 هەزار غەرامە (سزا) بۆ هەر شۆفێرێک نووسراوە کە 'قەرج' لە شەقامەکان هەڵبگرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، نووسراوەکە هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە و فەیکە، هەڵگرتنی 'قەرەج'یش هیچ سزایەکی نییە.

ئەم بابەتە هەرزوو کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە و سەدان هاوڵاتی بەشێوەی تەنز لەسەر ڕوونکردنەوەکەی هاتووچۆی سلێمانی کۆمێنتیان نووسیوە.

مەبەست لە 'قەرەجەکان' ئەو ئافرەتانەن  کە لە ترافیک لایت و فولکەکانی ناوشار دەوستن و لەژێر ناوی کلێنس و بنێشت فرۆشتندا، کاری "بەدڕەوشتی" دەکەن.

هاوڵاتییان بەشێوەیەکی تەنزئامێز لەسەر پۆستەکە ئەم جۆرە کۆمێنتانەیان نووسیوە، "یانی قەرج هەڵگرین سزامان نادەن"، "وەڵا خۆ لەدەستان دێت ئەوەش بکەن بە غەرامە"، "کاکە بڵێن ئێمەین و ڕاستە بەشکەم خەڵک بترسێت و ئەو کارە نەکات" و سەدان کۆمێنیتی دیکەش".