زانست

مردن چییە؟ چەند بە ئازارە بۆ مرۆڤەکان؟ شیکارێکی زانستی لەبارەی مردنەوە

Mic
2022-02-02

مردن چیە..؟ چەندە بەئازارە بۆ مرۆڤەکان..؟


تێبینی: تکایە ئەگەر زۆر لە مردن دەترسیت مەیخوێنەوە، نوسینەکەم شیکارێکی زانستیە، مەبەستم تەنیا خستنەڕووی کۆمەڵێک زانیاری زۆر گرنگە...


ستیڤ جۆبزی کۆچکردو دەڵێت: هیچ مرۆڤێکی ئاسایی حەزی لە مردن نیە، هەتا ئەوانەی دەیانەوێت بچن بۆ بەهەشت ئارەزووی ئەوەیان نیە لەڕێگەی مردنەوە بگەن بە بەهەشت...


پێشەکی، مردن چیە..؟


مردن لە هەموو زیندەوەرەکان بە مرۆڤیشەوە بریتیە لە وەستانی بەردەوام و ئێجگارەکی هەموو کردار و زیندەچالاکیە بایۆلۆژیەکانی ناو هەموو خانەکانی لەش و پێکهاتەی ئەو زیندەوەرەیە لەبەر هەر هۆکارێک بێت، لە ئەنجامی ئەم وەستانەش یەکسەر ئەو خانانە بەشێوەیەکی سروشتی شیدەبنەوە بۆ ئەو توخم و پێکهاتە سەرەکیانەی کە لێی دروستبوون، هەموو ئەو پێکهاتانەش ئەگەر بە ڕاستەوخۆیی بێت یان ناڕاستەوخۆیی بەتێپەڕبوونی کات تێکەڵی ئاو، هەوا، هەروەها خاکی هەسارەی زەوی دەبنەوە...


مردنی مرۆڤەکان هەر لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتی تاوەکو ئێستا لەلایەن هەموو کۆمەڵگاکان بە گەورەترین تڕاژیدیا و ناخۆشترین ڕووداو دانراوە لە ژیانیاندا، ئەویش لەبەر نەمان و پچڕانی بەردەوامی پەیوەندیە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان بووە لەگەڵ مرۆڤە مردوەکان...


ئێمە ئەوەندەی هەین زۆربەی کاتەکان باسی ژیانمان دەکەین، لە دایک بوون، منداڵی، باسی ڕۆژەکان و ساتەکانی ڕابردوومان و پلانەکانی داهاتووشمان دەکەین، باسی یادگاریەکان، جوانیەکان، خۆشیەکان و تاڵیەکانی ژیانمان دەکەین...


زۆربەمان یان نازانین، یاخود بیرمان دەچێت، یان خۆمان دەدزینەوە لەو ڕاستیەی کە پێمان دەڵێت هەموومان لە نێو گەردوونێکدا هەین و دەژین کە هەموو دۆخێک تیایدا سەرەتا و کۆتایی هەیە، هەموومان دەزانین کە ژیانیش یەکێک لەو دۆخانەیە، دەشزانین کە کۆتایی دۆخی ژیانی هەر یەکێکیشمان مردنە، بەڵام ئێمەی مرۆڤەکان بەگشتی لە زۆربەی کاتەکاندا بەهۆی ترسێکی شاراوە لە مردن کە لە ناخی هەریەکێک لە ئێمەدا بەخۆڕسکی هەیە، وای کردوە کە کەمترین ئارەزوومان هەبێت لە ورژاندن و قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە، زۆربەی جارەکانیش کە باس لە مردن دەکەین ئەو کاتانەیە کە زۆر لەمێژ نیە ئازیزێکمان لەدەست داوە...


زۆر سەیرە، لەوانەیە دواجاریش مردن بۆ ئەوانەی دەمرن بەو شێوەیە بەئازار نەبێت وەک ئەوەی ئێمەی زیندووەکان بیری لێدەکەینەوە، لە خوارەوە وردتر باسی دەکەم...


بە گشتی مردنەکان چوار جۆرن، یەکەم مردنی سروشتیە کە بە زۆری لەسەرخۆیە، هەندێک جاریش یان لە ماوەیەکی کەمدا ڕوودەدات یان ئەویش کت و پڕە، دووەم جۆر مردن بەهۆی کوشتنی مرۆڤەکەوەیە کە ئەویش دەشێت کت و پڕ و خێرا بێت یان دوای ماوەیەک ڕووبدات بەهۆی سەختی برینەوە، سێیەم جۆر بە هۆکاری خۆ کوشتنە کە زۆربەی جارەکان کت و پڕ و خێرایە، چوارەم بەهۆی ڕووداوەکانە ئەویش زۆربەی جارەکان کت و پڕە بەڵام دەشێت ئەویش ماوەیەکی پێ بچێت یان لەسەرخۆ بێت...


ئەو مرۆڤانەی مردن زۆرترین ئازاریان پێ دەبەخشێت ئەو کەسە زیندووانەن کە ئازیزێکیان لەبەرچاویان لەسەرخۆ یان کت و پڕ دەمرێت، ڕووداوی مردنەکە دەبێتە یادگاریەکی تاڵ و ناخۆش کە وەکو شریتێکی سینەمایی سەدەها جار لێدەرێتەوە لە هزر و خەیاڵی ئەوان ئەوەندەی لە ژیاندا دەمێنن، لە ڕاستیدا ئەو یادگاریانە وا دەکەن زۆربەی مرۆڤەکان ترسێکی شاراوە لە مردن لەلایان دروست بکات لە هزر و ناخیان، ئەو ترسەش هەروەکو لەسەرەوە خستمە ڕوو وایکردوە بەگشتی مرۆڤەکان ئارەزوی ورژاندنی ئەو بابەتە نەکەن ئەوەندەی لە ژیاندا دەمێننەوە...


مردن تا چەند بە ئازارە..؟


هەموومان لەکاتی پێویست هەست بەئازار دەکەین تا دوا چرکە کە تیایدا بەئاگاین لە ژیاندا، لە ڕاستیدا ئەو هەستە وادەکات ئەوەندەی هەین خۆمان لە مەترسیەکان بپارێزین، ئەو کەسانەش کە ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە کاتێک ئەوان بەئاگان ڕووبەڕووی ئازارێکی کەم تا زۆر دەبنەوە ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر کورتیش بێت بە پێی دۆخ و جۆرەی مردنەکەیان، لە سەرەتا جگە لە ڕووبەڕوو بوونەوە و هەست کردن بە ئازار کە دەشێت توند و ناخۆش بێت ئەگەر بەهۆی وەستانی دڵ و مێشکەوە بێت یان وەستانی هەناسە یاخود برینێکی زۆر قوڵ و سەخت یان شێلان و تێکشکان بەهۆی ڕووداوێکی زۆر سەخت و قورس، جگە لەوە لەهەمان ساتیشدا دیسان ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر کەمیش بێت ئەوەندەی بەئاگان ترس و تێکشێوانێکی دەروونی و مشەوەشیەکی ئێجگار زۆریش لە هزر و دەرونی کەسەکەدا دروست دەبێت، دوای کەمێک لەوە ئەگەر لەسەرخۆ و وردە وردە بێت یان زۆر بە خێرایی بێت کەسەکە بەئاگایی لەدەست دەدات و ئیتر لەو ساتەوە هەستی ئازاریش لەلای نامێنێت و خودی کەسەکە شۆڕ دەبێتەوە نێو بێ ئاگایی و بێ هۆشییەکی زۆر قوڵ بەپێی دۆخ و جۆری مردنەکە، دوای کەمێک لە بێئاگایی یان ماوەیەکی درێژتر لە بێ هۆشی و بێ ئاگایی دیسان بەپێی جۆر و دۆخی مردنەکە کەسەکە دەگاتە مردنی تەواوەتی دوای وەستانی مێشک بەتەواوی...


چی بکەین باشە لەکاتی مردنی کەسێکی نزیکمان یان ئازیزێکمان لە پێشمان..؟


ئەگەر مردنەکە کت و پڕ و خێرا بوو لەوانەیە بەهیچ ڕانەگەین جگە لە داواکردنی یارمەتی بە خێرایی لە کەسانی دەوروبەر یان لایەنەکانی فریاگوزاری خێرا، بەداخەوە لەوانەیە کاتی ئەوەمان نەبێت پێش ئەوەی کەسە لەهۆش خۆی بچێت و بمرێت هیچ ئاخاوتنێکی لەگەڵ بکەین...


بەڵام ئەگەر مردنەکە لەسەرخۆ بوو هەروەها زانیمان کەوا هیچ هەوڵێک یان ڕێگا چارەیەک نەماوە بەکاربهێنرێت ئەوا باشترین بژاردە ئەوەیە یەکەم کۆنتڕۆڵی گریان بکرێت لەپێش ئەو کەسە ئەوەندەی بەئاگایە، دووەم دەستی کەسەکە بگیرێت و ئاخاوتنی لەگەڵدا بکرێت تا ئەو ڕادەیەی بە ئاگایە، لە ئاخاوتنەکانیش باسی گرنگی و جوانیەکانی ئەو کەسە و ژیانی کەسەکە بکرێت، دڵنیایی پێ بدرێت کە هەموو شتێک باش و جوان بووە لە ژیانیدا، هەروەها هەموو شتێک هەر وا بەباشی و بە جوانی دەمێنێتەوە دوای ڕۆیشتنی ئەویش، ئەگەر کەسەکە بڕوادار بوو زۆر گرنگە دڵنیایی ئەوەی پێبدرێت کە جیهانێک و ژیانێکی زۆر خۆشتر و جوانتر چاوەڕێی دەکات دوای مردنی...


ئەمە بەشی یەکەمی نوسینەکەم بوو، لەبەشی دووەم هەوڵ دەدەم ئەم پرسیارانەی خوارەوە بورژێنم و بەدوای وەڵام و لێکدانەوە زانستیەکاندا بگەڕێم:


چیمان لێدێت دوای مردن..؟ بۆ کوێ دەچین..؟ دەزانین دوای ماوەیەکی کەم جەستەمان نامێنێت بەڵام ئەی ڕۆح و بەئاگایی..؟ ئەی زانیاریەکانمان..؟ یادگاریەکانمان..؟ چییان لێدێت..؟ ئایا مردن کۆتاییە..؟


چاوەڕوان بن..

نویسنی لوقمان حەوێز

More News

Most Popular

بنکۆڵکاری

هێشتا ئیسرائیل دەستی نەگەیشتووە بە مانگە دەستکردەکانی ئێران

Mic
2025-06-19


ئێران لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی نۆیەمدایە بۆ وڵاتانی خاوەن تەکنەلۆژیای مانگی دەستکرد، لەم جەنگەدا پشتیوانییەکی گەورەی سوپاکەی دەکات دژی ئیسرائیل

زاناکانی ئێران لە 50 ساڵی رابردوودا هەوڵی پەرەپێدانی پیشەسازی بۆشایی ئاسمان و دروستکردنی مانگی دەستکردی جۆراوجۆریان بۆ وڵاتەکەیان داوە و ئێستا وڵاتەکە لە 10 وڵاتە یەکەمەکەی جیهانە بۆ تەکنەلۆژیای بۆشایی ئاسمان.

جەنراڵ حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران کە رۆژی هەینی رابردوو لە یەکەم هێرشی سوپای ئیسرائیل کوژرا، لە لێدوانێکی پێشتریدا لەبارەی توانای مانگە دەستکردەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، دەڵێت:
ئەگەر سوپای بەهێزی جیهان پێگەیەکیان لە بۆشایی ئاسماندا نەبێت، ئەوا پلانی بەرگریی گشتگیریان نابێت. بەدەستهێنانی ئەم تەکنەلۆجیایە، کە پێگەی ئێران بەرز دەکاتەوە (تەکنۆلۆژیای هەڵدانی مانگی دەستکردی سەربازی)، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی تواناکانی وڵات، دەستکەوتێکی ستراتیژییە. بەکارهێنانی مانگی دەستکردی نور تەنها لە بەرگری و سەربازیدا سنوردار نابێت". ئاماژەی بەوەشکرد، دانانی ئەم مانگە دەستکردە فرە مەبەستە لە خولگەی زەویدا بەهای ستراتیژی زیادکراو لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و شەڕی زانیاریدا دەهێنێتە ئاراوە، هەروەها تواناکانی وڵات لە شەڕی زانیاریدا بەرز دەکاتەوە”.

کاتێک ئەمریکا دەستوەردان لە جەنگی ئێران و ئیسرائیلدا بکات، راستەوخۆ هەوڵی لەکارخستنی مانگە دەستکردەکانی ئێران دەدات لە خولگەی زەویدا، هەروەها بنکەی بۆشایی ئاسمانی ئێران تێکدەدات، هەروەک چۆن لە ساڵی 1990، لە جەنگی کەنداودا یەکەم کاری فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی بنکەی بۆشایی ئاسمانی عێراق بوو لە پارێزگای ئەنبار.

ئێران و ئیسرائیل لەڕێگەی بەکارهێنانی مانگە دەستکردەکانەوە، زانیاریی وردیان دەستدەکەوێت لەبارەی نەخشەی وڵاتەکانی یەکتریی و ئاڕاستەکردنی موشەک و فڕۆکە و تیمە شەڕکەرەکان، بەتایبەتی موشەکە بالیستی و هایپەرسۆنیکەکانی ئێران بە سودوەرگرتن لەو تەکنەلۆژیا نوێیە ئاڕاستەدەکرێن

هەربۆیە ئەمریکا و ئیسرائیل، زۆر بەجدی چاودێری پێشکەوتنەکانی ئێران دەکەن لەبواری بەکارهێنانی مانگی دەستکردەکانەوە.

ریزبەندی وڵاتانی خاوەن مانگی دەستکرد:
رووسیا
ئەمریکا
فەرەنسا
ژاپۆن
چین
بەریتانیا
هیندستان
ئیسرائیل
ئێران

تا ئێستا ئێران زیاتر لە 10 مانگی دەستکردی دیزاین کردووە و بەشێکیشیان رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە. لەم راپۆرتەدا رۆشناییمان بۆ دەخەینە سەریان:

جۆرەکانی مانگە دەستکردەکانی ئێران:

یەکەم/ سینا 1

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران لە ساڵی 2005 مانگی دەستکردی سینا 1ی لە بۆشایی ئاسمانەوە خستە خوارەوە، پاش ئەوەی بە تێپەڕبوونی کات ئەم مانگە دەستکردە لە خولگەی خۆی لایدا و بەهۆی تێکچوونی تەکنیکییەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زەویدا لەدەستدا.
سینا 1، بەگشتی دوو ئەرکی هەبوون، (هەستکردن لە دوورەوە و وەرگرتن و هەڵگرتن و گواستنەوەی زانیاری پەیوەندییەکان).

دووەم/ ئومێد

ئومێد، یەکەم مانگی دەستکردە کە هەموو پارچەکانی لە ئێران دروستکراون و لەلایەن تیمی ئێرانییەوە بەڕێوەدەبرێت.

دروستکردنی مانگی دەستکردی ئومێد لە ساڵی 2005 دەستیپێکرد و تا ساڵی 2008 بەردەوام بوو و لە مانگی شوباتی هەمان ساڵدا لە بنکەی سێمنان لە باکوری ئێرانەوە ئاڕاستەی بۆشایی ئاسمان کرا.

ئەرکی (ئومێد) پەیوەندیکردنە لەگەڵ وێستگەیەکی زەمینی بۆ ئەنجامدانی پێوانەکردنی خولگەیی. لە هەر 24 کاتژمێرێکدا 15 جار بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، هەروەها لە کاتی هەر خولگەیەکدا دوو جار لەلایەن وێستگەی زەمینیەوە زانیارییەکانی لێوەردەگیرێت.

تەلەفزیۆنی ئێران لەو کاتەدا رایگەیاندبوو کە مانگی دەستکردی ئومێد لەو خولگەیەی کە تێیدا جێگیربووە، دوریەکەی لە نێوان 250 بۆ 500 کم لە رووی زەویەوەیە.

سێیەم/ رەسد

دووەم مانگی دەستکردی تەواو ئێرانیە، لە ساڵی 2011 لەلایەن ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێرانەوە بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی بەرگری رەوانەی ئاسمان کرا.

ڕەسەد هەر 90 خولەک جارێک بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە و بەشداری دەکات لە خزمەتگوزارییەکانی سیخوڕی، دەستنیشانکردنی کارەساتە سروشتییەکان، ژینگە، کەشناسی، پێوانەکردنی پلەی گەرمی، چاودێری و کۆنترۆڵکردنی ناو هەوا و دەریا.

بەپێی راگەیەندراوی حەمید فازلی، سەرۆکی پێشووی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران، مانگی دەستکردی رەسەد یەکەم مانگی دەستکردی ئێرانە کە توانای گرتنی وێنەی هەیە.

ڕەسەد بە پانێڵی سۆلار و سودوەرگرتن لە وزەی خۆر کاردەکات و پاتری و هەڵگری وزەی بۆ دابینکراوە.

چوارەم/ نەوید
یەکێکە لە مانگە دەستکردە پێشکەوتووەکان و ساڵی 2018، ئێران مانگی دەستکردی نەوید-ی ئاڕاستەی بۆشایی ئاسمانکرد، ئەرکی گرتنی وێنەی زەوییە، جگە لە داتاکانی کەشوهەوا و ژینگە، مانگە دەستکردەکە لە خولگەیەکدا گێگیرکراوە کە 270 بۆ 375 کیلۆمەتر لە رووی زەویەوە بەرزە.

پێنجەم/ فەجر

ساڵی 2015، رێکخراوی پیشەسازیی فڕۆکەوانیی ئێرانی سەر بە وەزارەتی بەرگری، ناردنی مانگی دەستکردی "فەجر - بەرەبەیان"ی بۆ بۆشایی ئاسمان راگەیاند و لەسەر موشەکی (سەفیر فەجر) نێردراوەتە خولگەی زەوی.

شەشەم/ پەیام

لە ساڵی 2019 ئێران ئەم مانگە دەستکردەی ئاڕاستەی خولگەی زەوی کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەتوانرا بگەیەنرێتە خولگەی خۆی، لەکارکەوت.

حەوتەم/ دۆستی

دوای شکستی "پەیام"، ئێران لە هەمان ساڵدا (2019) مانگی دەستکردی "دۆستیی"ی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، بەڵام هەوڵەکە شکستی هێنا و نەگەیشتە خولگەی خۆی.

هەشتەم/ زەفەر 1 و 2

ئێران لە ساڵی 2019 مانگی دەستکردی "زەفەر 1"ی لە وێستگەی بۆشایی ئاسمانی ئیمام خومەینی لە شاری سێمنان لە رۆژهەڵاتی تاران رەوانەی ئاسمانی کرد، بەڵام لە گەیشتن بە خێرایی پێویست بۆ دانانی لە خولگەدا تووشی کێشەیەک بوو.

دروستکردنی ئەم مانگە دەستکردە لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای تاران بوو، زانایانی بۆشایی ئاسمانی ئێران دوو دانەیان دروستکرد کە بریتین لە مانگە دەستکردەکانی زەفەر 1 و 2.

ئاژانسی هەواڵی ئێران لەو کاتەدا رایگەیاندبوو، کە مانگی دەستکردی زەفەر بۆ ئامادەکردنی نەخشەی وشکانی و نەخشەی بنکە و نەخشەی گەشەپێدانی شارەکان بووە. نەخشەی کێڵگە کشتوکاڵییەکان، نەخشەی گۆڕانکارییەکانی ژینگەی سروشتی دارستان و زەویەکان، و چاودێریکردنی پێشهاتەکانی دەریاچە وەرزی و هەمیشەییەکان.

نۆیەم/ نور 1

سوپای پاسداران لە ساڵی 2020دا "یەکەم مانگی دەستکردی سەربازی" ئێرانی ئاڕاستەی بۆشایی ئاسمان کرد، مانگی دەستکردی سیخوڕی بە سەرکەوتوویی گەیشتە خولگەیەک کە 425 کیلۆمەتر لەروی زەویەوە بەرزە.

ئەم مانگە دەستکردە ئێرانییە لە هەر 90 خولەکدا جارێک بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، دەتوانرێت بۆ ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی، چاودێری لەدژی هێزەکانی رۆژئاوا، بەتایبەتی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، هێزە جێگیرکراوەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەوانەی لەدەرەوەی ناوچەکە جێگیرکراون سودی لێوەربگیرێت.

نور دەتوانێت چاودێری ئەو موشەکانە بکات کە لە بنکەکانی ئەمریکاوە لە کەنداوی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئاڕاستەدەکرێن، ئاگاداری پێشوەختە دەنێرێتەوە بۆ سەرزەویی لەبارەی هەڵدانی هەر جۆرە مووشەکێک لە ناوچەکەدا، تەنها چەند وڵاتێکی کەم لە جیهاندا، لەوانەش رووسیا و ئەمریکا، خاوەنی ئەم سیستەمەن.

ئەم مانگە دەستکردە، شێوازی تێگرتن و ئاڕاستەکردنی موشەکە بالیستییەکانی ئێرانی بەرەوپێش بردووە و لەکاتی خۆیدا سیاسەتمەدارانی ئەمریکای نیگەران کردووە، لەبەرئەوەی لێدانی زۆر ورد بۆ هەر موشەکێکی ئێرانی دابین دەکات.

دەیەم/ خەیام
مانگی دەستکردی "خەیام" تەکنەلۆژیای نوێی تێدا بەکارهێنراوە بۆ هەستکردن لە دوورەوە، لەلایەن کۆمپانیایەکی رووسییەوە لەسەر خواستی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران دروستکراوە.

لە مانگی ئابی 2022 بە موشەکێکی سۆیوزی رووسی لە ناوچەیەکی کازاخستانەوە نێردرایە خولگەیەکی نزمی خولگەی زەوی.

خەیام، توانای وێنەگرتنی هەیە بە روونی، تەنانەت وێنەگرتنی یەک مەتر لە بەرزییەوە، بۆ یەکمجار وێنەی روونی مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف و مزگەوتی پێغەمبەری لە مەدینە ناردەوە بۆسەر زەوی.

ئەم مانگە دەستکردە لە ئێران لە ناوەندی کۆنترۆڵی بۆشایی ئاسمانی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران لە رۆژئاوای تاران چاودێری دەکرێت.

ساڵی رابردوو، لە 22ی ئابی 2024، حەسەن سالاریح، سەرۆکی رێکخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێران، بە ئاژانسی دەنگوباسی میهری ئێرانی راگەیاندووە، ئیران خاوەنی 14 مانگی دەستکردە، 30 مانگی دیکەش دروستدەکەن.

هەرکاتێک بەرەوپێشچونێک لەبواری بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مانگی دەستکرد لە ئێران رویدابێت، وڵاتانی ئیسرائیل، ئەمریکا و ئەوروپا و بەریتانیا نیگەرانییەکانی خۆیان خستووەتەڕوو، چونکە پێیان وابووە ئیتر ئێران کار بۆ دابینکردنی کڵاوەی ئەتۆمیی و پەرەپێدانی موشە بالیستییەکانی دەکات.

لەم جەنگەی ئیسرائیل و ئێراندا، جگە لەوەی ژێرخانی چەکی بالیستی، ئەتۆمیی و بۆشایی ئاسمانی ئێران زیانی زۆری پێگەیشتووە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە کارپێکردنی مانگە دەستکردەکانی ئێران رابگیرێن، کە هۆکاری سەرەکییە بۆ سەرکەوتوویی ئێران لە پێکانی ناوچە ئاوەدانەکانی ئیسرائیل و وەشاندنی گورزی بەهێز بەهۆی موشەکی بالیستییەوە.