دوێنێ موقتەدا سەدر لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی
عێراقەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە، دوابەدوای پەیامەکەی لە بەشێک لە لایەنگرانی رژانە
سەر شەقامەکان، پەیامەکەی سەدر ترسی لای لایەنەکان دروستکردووە و هەر ئەمڕۆ،
شاندێکی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەرێم و جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی
خۆیدا کردەوە.
دوێنێ لە پەیامێکدا، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر
دوای جەختکردنەوە لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە مانگی 11 بەڕێوە بچێت،
خودی هەڵبژاردنی رەتکردەوە و وتی: هەتا ئەم
سیاسەتمەدارە گەندەڵانەی ئێستا لە دەسەڵاتدابن هەڵبژاردن چارەسەر نییە و هیچ گۆڕانكارییەك
ڕوونادات.
دوای پەیامەکە لایەنگرانی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە پارێزگای
بەسرە خۆپێشاندانێکیان لە دژی هەڵبژاردن و بۆ پاڵپشتی پەیامەکەی موقتەدا سەدر ئەنجامدا و دروشمیان دژ بە دەسەڵاتدارانی عێراق وتەوە.
موقتەدا سەدر وتی: لەنێو پرۆسەی سیاسى و هەڵبژاردن
چاکسازییمان تاقیکردەوە، بەڵام گوێیەکی هۆشیارمان بەدى نەکرد، ئەمڕۆ چاکسازی لە دەرەوەی
پرۆسەی سیاسی تاقیدەکەینەوە.
پەیامەکەی سەدر ئاماژەیەک بوو بەوەی کە سورە لەسەر
رەتکردنەوەی هەڵبژاردن و گرتنەبەری رێگەی جیاواز بۆ سەرخستنی پرۆژە سیاسییەکەی.
وەک وەڵامێک بۆ پەیامەکەی سەدر، ئەمڕۆ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، کە
هەمیشە جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکاتەوە رایگەیاند، دواخستنی هەڵبژاردن مەترسی
لەسەر عێراق دروست دەکات.
24 کاتژمێر بەسەر پەیامەکەی موقتەدا سەدردا تێنەپەڕی،
شاندیکی پەرلەمانی عێراق، بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی
عێراق گەیشتە هەرێم و تائێستا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی
پارتیدا کۆبووەتەوە.
مەندەلاوی بە بەشێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە قەڵەم
دەدرێت و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی خۆیدا"11ـى 11ـى2025"
تەوەری گفتوکۆکانی بووە.
دوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و موحسین
مەندەلاوی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، هەردوولا
هاوڕابوون لهسهر گرنگيى بهڕێوهچوونى ههڵبژاردنهكانى داهاتووى پەرلەمان و
باسيان له ئامادهكارييهكان كرد.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ههردوولا برهودانيان به پرۆسهى ديموكراسى به پێويست
و گرنگ بۆ پاراستنى ئارامى و سهقامگيريى وڵات له قهڵهم دا.
دوای کۆبونەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، لەگەڵ مەسرور بارزانی
سەرۆکی حوکمەت و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبووەوە و لە راگەیەندراوی کۆبونەوەکانیاندا
ئاماژە بەوەکراوە، کە بیروڕا لە بارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەڵبژاردنەکانی
داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆر کراوە.
بەهۆی سەرپێچیکردن و دەستپێکردنی بانگەشەی پێشوەخت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەریەک لە محەمەد شیاع سودانی، نوری مالیکی و موحسین مەندەلاوی لەلایەن کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەوەکانەوە سزادران.
بەگوێرەی
نوسراوێکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق،23 کاندید و سەرکردەی سیاسی عێراق
سەرپێچییان کردوە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و بەهۆیەوە بە پێبژاردنی دوو
ملیۆن دینار سزادراون و لەئەگەری دوبارەکردنەوەی سەرپێچییەکان، سزاکانیان بۆ دوو
هێندە زیاد دەکات.
دیارترین
ئەو کەسانەی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە سزادراون، بریتین لەمانە:
محەمەد
شیاع سودانی ⁄ سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی (هاوپەیمانی ئەعمار و تەنمییە )
نوری
مالیکی⁄ سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا
یاسر
عیساوی⁄ سەرکردە لە حزبی تەقەدومی سەر بە حەلبوسی
سارە
ئەیاد عەلاوی⁄ کچی سیاسەتمەدار ئەیاد عەلاوی
موسەننا
سامەرایی⁄ سەرکردەی باڵای ھاوپەیمانی عەزم
محسن
مەندەلاوی⁄ جێگری سەرۆک پەرلەمانی عێراق و سەرکردە لە هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی
سابت
عەباسی⁄ وەزیری بەرگری و سەرکردە لە هاوپەیمانی حەسم
بەھا
ئەعرەجی ⁄ سیاسەتمەداری عێراقی