دوای زیاتر لە 10 رۆژ،
ئەنجومەنی دەوڵەت لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداوە لەسەر داهاتی نانەوتی، وەڵامی
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی دایەوە، بەڵام وەڵامەکە زیاتر هاندانی هەردولایە بۆ
رێککەوتن و بڕیاری تێدانییە، تەواوی کۆتاییهاتنی کێشەکان لەسەر رێککەوتنی سێقۆڵی
هەرێم و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان وەستاوە.
لە کۆبونەوەی 10ـى ئەیلولی دا
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرۆی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدای لەسەر داهاتی
نانەوتی ئاراستەی ئەنجومەنی دەوڵەت کرد بۆ بڕیاردان لەسەری و یەکلاییکردنەوەی
کێشەکان.
دوای پێنج کۆبونەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی دەوڵەت بەبێ
ئامادەبوونی نوێنەری هەرێم، راپۆرتی خۆی لەسەر چۆنێتی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی
هەرێم خستەڕوو.
بەپێی زانیارییەکان، راپۆرتەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت لە 17 لاپەڕە
پێکهاتووە، هەرچەندە وردەکاری راپۆرتەکە ئاشکرا نەبووە، بەڵام ئەوەی زانراوە،
راپۆرتەکە راوێژکارییە و هیچ پابەندییەکی تێدانییە.
ئەنجومەنی دەوڵەت خۆی لە بڕیاردان لەسەر کێشەکان و یەکلاکردنەوەیان
بەدوورگرتووە و ئەوەی جێهێشتووە بۆ رێکەوتن و سازانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ،
دووبارە تۆەکەی خستووەتەوە ساحەی هەرێم و بەغدا.
لەگەڵ ئەوەی شێوازی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی
بەشێکبووە لە کێشەکانی هەرێم و بەغدا، بەڵام لە بنەڕەتدا رادەستکردن و
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کێشەگەورەکەبووە، لە ئێستادا هەرێم و بەغدا و
کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر ئەو پرسە رێککەوتوون و تەنها رێککەوتنی سێقۆڵی ماوە.
بەپێی زانیارییەکان، رێککەتنی سێقۆڵی رەشنوسەکەی
ئامادەیە و هەرسێ لایەنەکە رێککەوتوون ە تەنها ئەوە ماوە ئیمزای لەسەر بکرێت،
هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە سبەینێ دوو شەمە
ئیمزا بکرێت، بۆئەوەی لە کۆبونەوەی رۆژی سێ شەمەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا
پەسەنبکرێت.
بەوتەی کاروان
یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر تا سێ شەممە رێککەوتنە سێیقۆڵییەکەی
نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیاکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئیمزا بکرێت،
کێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەرکردنی ئاسان دەبێت، چونکە کێشە سەرەکیەکە نەوتە.
سەرەڕای مەترسی و گیان بازی؛ رێگەی کۆچی گەنجان و
هاوڵاتییان بۆ ئەوروپا، ملیۆنان دۆلاریی ئەم وڵاتە بە هەدەر دەدات و دوو زۆنی
کاریگەری لەسەر تێچووی کۆچ بۆ ئەوروپا هەیە، تێچووی کۆچ لە سلێمانی بەراورد بە
هەولێر و دهۆک دوو هێندەیە.
تائێستا لە بابەتە سیاسی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی گوێمان لە
دابەشبوونی هەرێمی کوردستان بەسەر دوو زۆن بووە، ئێستا دوو زۆنی کاریگەریی لەسەر
کۆچی هاوڵاتییانیش داناوە.
تەنها لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵ؛ نزیکەی شەش هەزار هاوڵاتی
هەرێمی کوردستان، بۆ گەڕان بە دوای ژیانێکی شایستەتردا روویان لە ئەوروپا کردووە.
کۆچ بە ژمارە
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە دیجیتاڵ
میدیای MICـی راگەیاند، لە هەشت مانگی ئەمساڵ نزیکەی شەش
هەزار هاوڵاتی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردووە.
ئەو ژمایەیە بەم شێوەیە بەسەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان
دابەشبوون؛ ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پلەی یەکەمدا دێت، پاشان ئیدارەی گەرمیان،
زاخۆ و سۆران بە دوایاندا دێن.
بەپێی بەدواداچونەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC کۆچ لە سەنتەری شارە گەورەکان کەمترە بەراورد بە ئیدارە سەربەخۆ
و قەزا و ناحییەکان، ئەوەش بەهۆی بوونی هەلی کاری باشتر لە شارە گەورەکان.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC لە 80% ئەوانەی لە قەزا و ناحییەکان و ئیدارە سەربەخۆکان کۆچ
دەکەن بەهۆی نەبوونی هەلیکارەوەیە.
بەوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرەگەڕاوەکان؛ لە هەشت مانگی ئەمساڵ
سێ بۆ چوار هاوڵاتی لە رێگەی کۆچ گیانیان لەدەستداوە.
تێچووی کۆچی هەر هاوڵاتییەک ئەگەر بە 15 هەزار دۆلار
بخەمڵیندرێت، ئەو ژمارەیە جارانی شەش هەزار کەسی بکەیت، دەکاتە 90 ملیۆن
دۆلار دەکات، ئەوەش زیانێکی گەورەیە بەر ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
رێگەکانی کۆچ بۆ ئەوروپا
هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دوو رێگە بۆ کۆچ بەرەو هەندەران
دەگرنەبەر، رێگەی تورکیا کە رێگەیەکی کۆن و کلاسیکە، رێگەی دووەم توونس و لیبیا کە
بەم دواییانە بە هاوڵاتییان ئاشنابووە.
رێگەی یەکەمیان کە تورکیایە رێگەیەکی کۆن و تارادەیەک
تەقلیدییە، هاوڵاتییان دەچنە تورکیا و دواتریش بەرەو وڵاتانی ئەوروپا دەڕۆن.
رێگەی دووەم، کە لەم دوو ساڵەی دوایدا بەتایبەت لە دوای
قورسکردنی رێکارەکانی پێدانی ڤیزای تورکیا بە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای
سلێمانی پەنای بۆ دەبرێت؛ رێگەی لیبیا و توونسە، کە رێگەیکی پڕ مەترسی و سەرکەشییە.
دوو رێگە و یەک ئامانج، دوو تێچووی جیاواز
دابەشبوونی هەرێمی کوردستان بەسەر دوو پارتی سیاسیی و دوو زۆنی
جیاواز و هەژموونی سیاسەتی هەرێمایەتی کاریگەریی لەسەر رێگەی کۆچی هاوڵاتییان-یش
بۆ ئەوروپا داناوە.
بەپێی بەدواداچوونێکی دیجیتاڵ میدیای MIC،
هاوڵاتییەک ئەگەر لە رێگەی تورکیاوە بەرەو هەندەران بچێت، 10 هەزار دۆلار یان
زیاتری دەوێت، ئەمە زیاتر بۆ ئەو هاوڵاتییانەی لە سنووری هەولێر و دهۆک-ن چونکە
پێدانی ڤیزای تورکیا بۆ ئەو سنوورە ئاساییە.
بە پێچەوانەوە، تێچووی ئەو کەسانەی لە لیبیا و توونسەوە کۆچ بۆ
ئەوروپا دەکەن 17 بۆ 20 هەزار دۆلارە، ئەمەش زیاتر هاوڵاتییانی سنووری سلێمانی
دەگرێتەوە، چونکە تورکیا پێدانی ڤیزای لەسەریان قورسکردووە و بە ئاسانی ڤیزا بە
هاوڵاتییانی ئەم سنوورە نادات.
بەو پێیەش تێچووی کۆچ بۆ ئەوروپا لە سنووری سلێمانی دوو هێندەی
تێچووی کۆچە لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک.
خراپی دۆخی دارایی و ئابووریی هاوڵاتییان، نەبوونی هەلی کار و
بێ باکی حکومەت و دەسەڵاتداران، هاوڵاتییان ناچاردەکەن بۆ گەڕان بەدوای ژیانێکی
باشتر هەزاران کیلۆمەتر رێگەی سەخت و پڕ مەترسی ژیان و مەرگ ببڕن.