کەمتر لە دوو
هەفتەی دیکە عێراق پێدەنێتە ناو بانگەشەی هەڵبژاردن و، هێشتا دیارنییە هەڵبژاردنە
چاوەڕوانکراوەکەی مانگی نۆڤەمبەر؛ بەڕێوە دەچێت یان نا.
رەنگە بەراورد
بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق جیاواز و چارەنووس سازتربێت،
ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە، بە حکومی جیۆپەلەتیکی عێراق، بەغداد-یش لەو
گۆڕانکاریانە بەدوور نابێت.
هێرشی دووبارەی
ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ئان و ساتدایە و خستنە لیستی تیرۆری هەندێک گروپی
چەکداریی عێراق لەلایەن ئەمریکا، تادێت مەترسی لێدانی تەلئەڤیڤ و واشنتن لە بەشێک
لەو گروپانە زیاتر دەکات، ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر رەوتی بەڕێوەچوونی
هەڵبژاردنەکان دەبێت.
رەنگە هەر ئەم
هۆکارانەش بن، وای لە سەرکردەیەکی دیاری وەک موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی
شیعە کردبێت بڵیت: چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی رووداوێکی گەورەوە هەڵبژاردن دوا بخرێت.
لەگەڵ ئەم
وتانەی سەدر؛ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا هۆشداریی لە ئەگەری
دواخستنی هەڵبژاردن دەدات و دەڵێت: دواخستنی پرۆسەکە مەترسییەکی گەورەیە.
هەرچەندە
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ لە ئامادەکارییەکانی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە
لە وادەی خۆیدا بەردەوامە، بەڵام جموجوڵەکانی ئیسرائیل و ئێران لە پاڵ وتە و
هۆشداریی ئەو دوو سەرکردە دیارەی عێراقیش نابێت نادیدە بگیرێت.
ژمارەیەک لە شۆڤەکاران-یش
پێیانوایە، لە عێراق-دا هەموو ئەگەرێک کراوەیە و هیچ بڕیار و سیاسەتێکی جێگیر و
یەکلاکەرەوە بوونی نییە و رووداو و گۆڕانکاری لە بڕیارەکان بە لەحزاتە.
هەموو ئەوانەش
لە کاتێکدایە، لە رابردوودا سەرجەم هەڵبژاردنەکانی عێراق لە وادەی خۆیدا
بەڕێوەچووە و دوانەکەوتوون.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە، ئەنجوومەنی وەزیران
بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی
کرد.
بەهۆی سەرپێچیکردن و دەستپێکردنی بانگەشەی پێشوەخت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەریەک لە محەمەد شیاع سودانی، نوری مالیکی و موحسین مەندەلاوی لەلایەن کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەوەکانەوە سزادران.
بەگوێرەی
نوسراوێکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق،23 کاندید و سەرکردەی سیاسی عێراق
سەرپێچییان کردوە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و بەهۆیەوە بە پێبژاردنی دوو
ملیۆن دینار سزادراون و لەئەگەری دوبارەکردنەوەی سەرپێچییەکان، سزاکانیان بۆ دوو
هێندە زیاد دەکات.
دیارترین
ئەو کەسانەی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە سزادراون، بریتین لەمانە:
محەمەد
شیاع سودانی ⁄ سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی (هاوپەیمانی ئەعمار و تەنمییە )
نوری
مالیکی⁄ سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا
یاسر
عیساوی⁄ سەرکردە لە حزبی تەقەدومی سەر بە حەلبوسی
سارە
ئەیاد عەلاوی⁄ کچی سیاسەتمەدار ئەیاد عەلاوی
موسەننا
سامەرایی⁄ سەرکردەی باڵای ھاوپەیمانی عەزم
محسن
مەندەلاوی⁄ جێگری سەرۆک پەرلەمانی عێراق و سەرکردە لە هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی
سابت
عەباسی⁄ وەزیری بەرگری و سەرکردە لە هاوپەیمانی حەسم
بەھا
ئەعرەجی ⁄ سیاسەتمەداری عێراقی