هەواڵ

تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە

Mic
2022-10-09

پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار تەمەنی خولی پێنجەمی درێژکردەوە و چەند فراكسیۆن و پەرلەمانتارێكیش ناڕەزایەتییان نیشاندا، بەپێی كاتی درێژكردنەوەی خولی پێنجەمیش دەردەكەوێت پارتی و یەكێتی و گۆڕان بەنیاز نین ساڵێكی دیكەش هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.
پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دەنگدان لەسەر پێشنیازە یاسای (بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان-عێراق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (90، 91، 93، 96) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان بەرێوەچوو.
لە دانیشتنەکەدا پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی تا 31ی 12ی 2023 درێژکردەوە.
هەر لە دانیشتنەكەدا، فراكسیۆنی نەوەی نوێ بە توندی دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان وەستانەوە و هەریەکە لە فڕاکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و سەربەخۆکان بەشدارییان نەکرد.
 سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند: بە شێوەیەكی نایاسایی تەمەنی پەرلەمان درێژكراوەتەوە و بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی پەڕلەمانی كوردستان لە هەرسێ ڕووی یاسایی و دەستووری و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆش پێشێلكارییە.
كاوە عەبدولقادر سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە كۆنفڕاسێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: ئێمە لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ بە ئەركێكی ئەخلاقی خۆمانی دەزانین و بۆ مێژوو بڵێین كە ئەم پەرلەمانە لەدوای 6/11/2022ەوە ماوەی بەسەردەچێت، زۆر هەوڵماندا پەرلەمان كارەكانی خۆی هەڵپەسێرێت بەڵام بەداخەوە بەرژەوەندی حزبی و كەسی و پەرلەمانی وایكرد چاو لەیاسا بپۆشن و پێشێلی یاساكان بكەن.
فراكسیۆنی نەوەی نوێ راشیگەیاند: پەرلەمان مەرجەع و شوێنی یاسادانانە بەڵام تێیدا شەرعییەت بە یاسایەكی ناشەرعی دەدەن و پەسەندی دەكەن و ئەمە عەیبەیەكی زۆر زۆر گەورەیە و دژی مافی یاسایی هاوڵاتیان و مافە دیموكراسییەكان و مافی مرۆڤیشە.
كاوە عەبدولقادر وتیشی: ئێمە توانیومانە بە هەموو شێوەیەكی مەدەنی و بە فیكەلێدان و دەهۆڵ كوتین و دەربڕینی دەنگی ناڕەزایی و سازشنەكردن لەسەر درێژكردنەوەی وادەی پەرلەمان رووبەڕوویان ببینەوە.
فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەشڵێت: لە 6/11/2022ەوە ئەوان نوێنەری خۆیانن و نوێنەری خەڵك نین بەڵكو تەنها نوێنەری خۆیانن چونكە ئەمڕۆ تەنها خۆیان دەنگیان بەخۆیاندا و هەر یاسایەك و بەتایبەتی دەستوور لە پەرلەمانەوە تێپەرێت هیچ گرنگییەكی نابێت و شەرعی نابێت چونكە پەرلەمان پەرلەمانێكی بەسەرچووە و ئەندامەكانیشی ئێكسپایەر دەبن و سەرۆكایەتییەكەشی سەرۆكایەتییەكی ماوە بەسەرچووە.

More News

Most Popular

هەواڵ

"نەبونی شەفافیەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری نەناردنی موچەیە"

Mic
2025-06-21

پەرلەمانتارێکی عێراق، کە وتەبێژی کوتلەی سادیقون (سەر بە قەیس خەزعەلی، سەرۆکی بزوتنەوەی عەسئیبی ئەهلی حەق)، ئاشکرایکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان شەفاف نییە و ئەوەش هۆکاری نەناردنی موچەی فەرمانبەرانە.

محەمەد کەریم ئەلبەلداوی، جێگری سەرۆکی لیژنەی پلاندانانی پەرلەمان، بە میدیاکانی راگەیاندووە، "مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەبێت لەسەر بنەمای شەفافیەت بێت، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ شێوازی چەوت و تەمومژاوی ببرێت".

ئەلبەلداوی دەڵێت: "کاتێک حکومەتی هەرێم ناو و پەنجەمۆری هێزە سەربازییەکان نانێرێت بۆ بەغداد، ئەوە هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدابردن و دەستکارییکردنی پرسە هەستیارەکان".

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نزیکایەتی هەیە لەگەڵ عەسائیبی ئەهی حەق، هەروەها محەمەد کەریم ئەلبەلداوی، وتەبێژی فەرمیی عەسائیبە، پشتیوانی لەو رێوشوێنانە دەکات کە وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمەوە گرتویەتیەبەر.

ئەلبەلداوی جەختلەوە دەکاتەوە کە "هیچ نهێنییەک لە کارکردن لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەتدا نییە، حکومەتی هەرێم دەبێت نەرمیی بنوێنێت و بەرپرسیارانە مامەڵە بکات، بۆ ئەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکات، دیارترینیان مەلەفی مووچەیە، کە کاریگەری لەسەر توێژێکی بەرفراوانی هاووڵاتیان هەیە".

ئەو پەرلەمانتارە هیچ ئاماژەیەکی دیکەی بە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەکردووە، لەکاتێکدا دوو مانگە موچە و شایستە داراییەکانیان لە بەغدادەوە نەنێردراوە و پرسەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.