هەواڵ

خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان خۆپیشاندانیان دەستپێكردەوە

Mic
2022-11-20

بەیانی ئەمرۆ خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە گەرمیان و سلێمانی بە مەبەستی پێدانی دەرماڵە و کەمکردنەوەی کرێکی خوێندنی پارالێل دەسیتیپێکردەوە و تێیدا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد.
خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بە مەبەستی پێدانی دەرماڵە و کەمکردنەوەی نرخی کرێی خوێندنی پارالێل خۆپیشاندانیان دەستپێكردەوە  و تێیدا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد، هەر ئەمرۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگای تەکنیکی گەرمیان دەستیان بەخۆپیشاندان کردەوە و تێیدا هاوشێوی خوێندکارانی ناوچەکانی دیکە داوای پێدانی دەرماڵە و کەمکردنەوەی نرخی خوێندنی پارالێلییان کرد و لە ئێستاشدا ڕێگای سەرەکی سلێمانی- گەرمیانیان داخستووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکانەوە سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی دەوامی خوێندنی ڕاگرت و ئەمڕۆش پڕۆسەی خوێندن دەستیپێکردەوە، بەڵام جارێکی دیکە خوێندکاران درێژەیان بە خۆپیشاندان دا.
دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان لەساڵی 2014 بەپاساوی قەیرانی دارایی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕدرا، بۆ خوێندكارانی ناوشار 40 هەزار و بۆ خوێندكارانی دەرەوەی شار 60 هەزارە، بەڵام ساڵی 2021 دوای دەستپێكردنی بەرفراوانی خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان لەشار و شارۆچكەكان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بۆ ماوەی ساڵێك دەرماڵە بەخوێندكاران بدات.
بڕیارەكەی حكومەت بۆ پێدانی دەرماڵە بە خوێندكاران تا مانگی شەشی ئەمساڵ بەردەوام بوو، لەدەستپێكی وەرزی نوێی خوێندنەوە خوێندكاران هیچ دەرماڵەیەكیان وەرنەگرتووە، تائێستا بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی نەداوە بەخەرجكردنی دەرماڵە بۆ خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان.
هەفتەی ڕابردوو سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم ئەوەی ئاشكراكرد دەسەڵاتی پێدانی دەرماڵە لای ئەنجومەنی وەزیرانە و ئەوان دەتوانن لەداهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا خۆیان خەرجی بكەن، ئەوەش لەكاتێكدایە دەرماڵەی خوێندكاران مانگانە كەمتر لە پێنج ملیار دیناری پێویستە.

More News

Most Popular

-18

ئایا لە منداڵدا مەڵاشوو دەکەوێت؟

Mic
2024-02-21

ئاکۆ کەریم جەلال پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەردەمی کۆندا مەڵاشوو کەوتن نەخۆشییەکی باو بووە، لە ئێستاشدا لای هەندێک کەس هەیە، بە منداڵێکیان دەوت مەڵاشووی کەوتووە کاتێک منداڵەکە ماوەیەک خواردنی کەمبووایە و پرخەی لووتی هەبووایە و بێتاقەت و بێهیز بووایە و خەوی کەم بووایە، بۆ چارەسەر منداڵەکەیان دەبرد بۆ لایی ئافرەتێکی شارەزا پەنجەیەکی دەکرد بە قورگیا بۆ ئەوەی مەڵاشووی بەرزبکرێتەوە و ببرێتەوە شوێنی خۆی.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرایکردووە، لە رووی زانستییەوە مەڵاشوو کەوتن وەک نەخۆشی هەیە و هەبووە و هەر دەشبێت، بەڵام دەستەواژەی مەڵاشوو کەوتن هەڵەیە چونکە مەڵاشوو ناکەوێت، هۆکاری ئەم نەخۆشییە لە رووی زانستییەوە ئەوەیە کاتێک منداڵ تووشی هەوکردنی ڤایرۆسات دەبێت هەندێک جار لەوزەتێنی سێهەم کە پێی دەوترێت "ئەدینۆید" یان پێیدەڵێن "گۆشتە زیادە"، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قورگ لە پشت رێرەوی لووت کە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە گەورە دەبێت بەمەش منداڵەکە هەناسەدانی بە لووت ئەستەم دەبێت و خواردنی کەم دەبێتەوە و بێهێز و بێتاقەتی دەکات.
ئاکۆی پزیشک روونیکردووەتەوە، ئەگەر منداڵەکە چەند رۆژێک خواردنی کەمبێتەوە ئەوا تووشی وشکبوونەوە دەبێت دەرئەنجام لە منداڵی کەمتر لە یەک ساڵ مەڵاشووی دەقووپێت بۆ ناوەوە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاوی لەشی، (ئاشکرایە منداڵ لە ٪٧٠ بۆ ٪٦٥ لەشی لە ئاو پێکهاتووە).
سەبارەت بە ڕێگەی کۆنی جاران کە ئافرەتێک بە پەنجە مەڵاشووی منداڵەکەی دەهێنایەوە ئەو پسپۆڕە دەڵێت "جاران لە نەبوونی پزیشک و هۆشداریی تەندروستیی وا لێکدراوەتەوە کە مەڵاشووی منداڵەکە کەوتووەتە پشتی لووتیەوە بۆیە لووتی گیراوە، بۆ چارەسەر کەسێک بە پەنجە پەستانی خستووەتە سەر بەشی سەرەوەی قورگی منداڵەکە و هەوڵیداوە مەڵاشووی بگەرێنێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام بەهۆی ئەو پەستانە زۆرە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو لەوزەتێنە بتەقێت بەمەش قەبارەکەی بچووکبووەتەوە و رێرەوی لووتی منداڵەکە کراوەتەوە بەمەش منداڵەکە بۆ ماوەیەکی کاتی باش بووە، بەڵام ئەم رێگە کۆنە هەڵەیە چونکە ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە دروست دەبێت و ئەگەری هەوکردن و خوێن بەربوون زیاد دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەبێت".
لەو کۆتاییدا ئەو پسپۆرە ئەوەی خستووەتە روو، لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە بە قەترەی لوت و شروب چارەسەر دەکرێت، هەندێک جاریش بە نەشتەرگەریی، هیچ پێویست ناکات ئەو چارەسەرەی جاران بکرێت.