هەواڵ |
ئيلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ڕایگەیاند ئەمریكا نرخی دۆلارو دینار دیاری ناكاتو سزای بەسەر بانكی نوێدا لە عێراق نەسەپاندووە، بەڵكو گەیشتووە بە میكانیزمێك بۆ بەهێزكردنی كەرتی بانكیی عێراق.
باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا ئەوەشی خستەڕوو: ئەو رێوشوێنانە چەند ساڵێكی خایاندووەو بۆ ئەوەیە یارمەتی عێراق بدات لە پابەندبوون بە سیستمی بانكیی جیهانیو گەرەنتی رێگریكردن لە بەكارهێنانی سیستمی بانكیی بۆ شتنەوەی پارەی گەلی عێراقو ئاودیوكردنی بۆ دەرەوە.
ئيلینا رۆمانۆسكی دەشڵێت: ئەم رێوشوێنانە بەر لە دوو ساڵ دەستیپێكردووەو بەشێوەیەكی پلە بەپلە لەلایەن بانكەكانی عێراقەوە جێبەجێ كراوە، ئەمەش بەگوێرەی رێككەوتن لەنێوان بانكی فیدراڵی ئەمریكاو بانكی ناوەندیی عێراق، هاوكات ئەوەی دەبێت بكرێت بەردەوامیدانە بە گفتوگۆ لەگەڵ بانكی ناوەندیو چاودێریكردنی لێكەوتەكانیەتی لەسەر هاوڵاتی ئاسایی كە دامەزراوە داراییە نافەرمییەكان بەكاردەهێنێت، ئەمەش بۆ چارەسەركردنی لێكەوتەكانی.
سەبارەت بە سپیكردنەوەی پارە باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق وتی: ئەمریكا لەگەڵ لایەنی عێراقیدا هەوڵی رێگریكردن لە شتنەوەی ئەو پارانە دەدات كە بۆ گەلی عێراقی دەگەڕێنەوە، هەروەها رێگریكردن لە ئاودیوكردنی، سەرەنجمان خستوەتە سەر دۆسیەی گەندەڵی لە عێراقو ئەوەی رویدا رێكەوت بوو لەگەڵ دەستبەكاربوونی محەمەد شیاع سودانی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا.
نزیكەی مانگێكە نرخی دۆلار بەرزبوونەوەیەكی زۆری بەرامبەر دیناری عێراقی تۆماركردووە و بۆ هەریەك دۆلار گەیشتە 1660 دینار، لەئێستاشدا حكومەت رێوشوێنی نوێی گرتوەتەبەر بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار و بەرزكردنەوەی بەهای دینار، هەر لەوچوارچێوەیەشدا سەرۆكوەزیرانی عێراق پارێزگاری بانكی ناوەندی گۆڕی و دوابەدوای ئەوەش بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دابەزینی تۆماركرد.
ئەمریكا پێشتر چەند بانكێكی عێراقی بە سپیكردنەوەی پارە و بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ ئێران و سوریا تۆمەتباركرد ئەو بانكانەش لەلایەن حكومەتی عێراق و بەپاڵپشتی ئەمریكا سزادراون كە چوار بانكیان لقیان لەهەرێمی كوردستان هەیە.
هاوكات ئاژانسی رۆیتهرز بڵاویكردووهتهوه: ئهمریكا به سوودانی راگهیاندووه، ئهگهر رێگری له چوونی دۆلار بۆ ئێران نهكات، ئهوا چاوهڕوانی رووخانی حكومهتهكهی بێت. ئەمە لەکاتێکدایە هاوپهیمانی بهڕێوهبردنی دهوڵهت له دوایین كۆبوونهوهیدا تاوتوێی بهرزبوونهوهی بههای دۆلار و رێكارهكانی حكومهتی بۆ سەقامگیرکردنی بههای دینار كرد.
دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ حەوتی شوبات دواخرا، نوێنەرانی هەرێم پاساوی ئامادەنەبوونیان خراپیی کەشوهەواوە بووە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە، 31-01-2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەک کۆببێتەوە کە لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، بەڵام رێبوار ئەوڕەحمان وتەبێژی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ئەمڕۆ لە دانیشتنی دادگای فیدراڵی تایبەت بە درێژكردنەوەی نایاسایی پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكان كە لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سروە عەبدولواحید سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ تۆماركرابوو دواخرا بۆ حەوتی مانگی دوو كرایە دانیشتنێكی كراوە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی دوو سکاڵا کۆببێتەوە کە ئەوانیش یەكەمیان ئەو سكاڵایەی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوو، دووەمیش سکاڵا لەسەر هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق تۆمارکرابوو و سکاڵاکار داوا دەکات راسپاردنی محەممەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت هەڵبوەشێندرێتەوە.
سکاڵای یەكەم بە ناوی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشکەشکراوە، لە پاش ئەوەی لەگەڵ سێ سکاڵای دیکەدا یەکخران، کە لەلایەن یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کرابوون و 18ـی کانوونی یەکەمی 2022، یەکەم دانیشتن لەبارەی سکاڵاکان کرا.
سکاڵاکار لەو سکاڵایەدا داوای پووچەڵکردنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بەهۆی دژایەتیی لەگەڵ هەردوو ماددەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە: مافی دەستووریی دیاریکراو لە ماددەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات.
رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2022، پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی و بەشێك لەفراكسیۆنی گۆڕان و پێكهاتەكان تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانیان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تووڕەکرد و لەنێوان بەشدارینەکردن لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و بایکۆتکردنی و هەڵپەساردنی ئەندامێتی خۆیانهێشتەوە.