هەواڵ

ساڵانە بە بەهای 15 ملیۆن دۆلار گوڵ دەهێنرێتە هەرێم

Mic
2024-02-14

بازرگانەکانی گوڵ لە هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بەهای 15 ملیۆن دۆلار گوڵ لەدەرەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن

هەرێمی کوردستان هەرچەندە کەشوهەوایەکی گونجاوی هەیە بۆ چاندن و گەشەکردنی جۆرە جیاوازەکانی گوڵ، بەڵام هێشتا هیچ کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی گوڵ لەهەرێمەکەدا نییە.

بازرگانەکانی گوڵ بۆ پڕکردنەوەی خواستەکانی سەر گوڵ، روو لەوڵاتانی دەرەوە دەکەن، وەک ئێران و تورکیا و هەندێکجاریش وڵاتانی ئەورووپا.

چەند ساڵیکە فرۆشتنی گوڵ بۆتە بازرگانییەکی باش بۆ ئەوانەی کاری تێدا دەکەن، ئەویش بەهۆی خواستە زۆرەکەی هاوڵاتیان لەسەری، بەڵام قەیرانی دارایی هەرێم و نەبوونی مووچە راستەوخۆ کارەکەی ئەوانیشی بەتەواوی لاواز کردوە و خواست لەسەر کڕینی گوڵ زۆر کەمبۆتەوە.

گوڵفرۆشەکان دەڵێن لەبۆنەکاندا خواستی کڕیاران لەسەر گوڵ زیاتر دەبێت، بەتایبەت رۆژێکی وەک ئەمڕۆ 14-2- کە بەرۆژی خۆشەویستی ناودەبرێت(ڤالانتاین)  ئەوەش وایکردوە کە بازرگانەکانی گوڵ پێشوەختە ملیۆنان گوڵ هاوردە بکەن بۆ ئەوەی خواستی هاوڵاتیان لەسەر گوڵ پڕ بکەنەوە.

14ی شوباتی هەموو ساڵێک، کە ئەم ساڵ دەکاتە ئەمڕۆ چوارشەممە، رۆژی ڤالانتاین یان رۆژی خۆشەویستییە. ئەو گوڵەی بۆ ڤالانتاین بە دیاری دەدرێت گوڵی سوورە. هەندێکجار دیارییەکان تەنیا گوڵ نین و خۆشەویست و هاوژینەکان زۆر شتی گرانبەها دەکەنە دیاری بۆ یەکدی. 

لە رۆژی خۆشەویستیدا نرخی گوڵیش بەرزدەبێتەوە، بە گوتەی ئەو بازرگانە، "پێشتر چڵی گوڵی سوور سێ هەزار دینار بوو؛ ئێستا بووە بە پێنج هەزار دینار."

هەندێک لە هاوڵاتیان پارەی زۆر دەدەن بە گوڵ بۆ دیاری و گوتی، "کڕیاریمان هەبووە گوڵی دیاری کڕیوە نرخەکەی گەیشتووەتە 20 ملیۆن دینار."

More News

Most Popular

زانست

ئایا ماسی دوای بەستنی دووبارە زیندوو دەبێتەوە؟

Mic
2024-07-25

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " earthdate" دا باس لەوە دەکات کە ماسی بە گشتی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمیدا هەیە و دەتوانێت لە ئاوی سارددا بۆ ماوەیەکی زۆر بژی، بەڵام ئەگەر ئاوێک بە تەواوی بەستوو بێت، ئەگەری ئەوە هەیە هەندێک لە ماسییەکان بمرن.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ماسییەکان لە دەریاچە بەستووەکان و ئاوەکانی ناوچە جەمسەرییە سەهۆڵاوییەکانی زەویدا دەژین؟
ماسییەکان کۆمەڵێک ستراتیژی بەکاردەهێنن بۆ مانەوەیان لە ژیاندا، ئەوانیش بریتین لە:
- خاوبوونەوەی میتابۆلیک، ماسی دەچێتە دۆخێکەوە پێی دەوترێت "torpor" ئەمەش هاوشێوەی خەوی زستانەیە، بەڵام بەو شێوەیە قووڵ نییە، پلەی گەرمی جەستەیان لەگەڵ پلەی گەرمی ئاوەکەدا دادەبەزێت و لێدانی دڵ و هەناسەدان و ئاستی چالاکی و جوڵەکانی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کەم دەبنەوە، بەم شێوەیەش وزە دەپارێزێت چونکە جەستەیان پێویستی بە جوڵە نییە.
- دەڕۆنە قووڵاییەکی زۆرترەوە، زۆرێک لە جۆرەکانی ماسی دەچنە ناوچە قووڵاییەکانی دەریاچەکانەوە کە پلەی گەرمی ئاوەکە جێگیرتر دەمێنێتەوە و کەمتر ئەگەری بەستنی تەواوەتی هەیە، ئەمەش ماسییەکە دەپارێزێت وادەکات لە ژیاندا بمێنێتەوە.
- کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بەو پێیەی ئاستی چالاکییەکانیان زۆر کەم دەبێتەوە، ماسییەکان پێویست ناکات لە وەرزی زستاندا وەکو جاران خۆراک بدۆزنەوە، لەوانەیە زۆر کەم بخۆن یان پشت بە وزەی یەدەگی خۆیان ببەستن.
- گونجاندنی فیزیۆلۆژی، هەندێک جۆری ماسی گونجانی تایبەتیان لە جەستەیاندا هەیە کە یارمەتیان دەدات لە سەرمادا بمێننەوە، بۆ نموونە هەندێکیان پرۆتینی دژە بەستن لە خوێنیاندا هەیە کە ڕێگری لە بەستنی خانەکانیان دەکات.
هەر بۆیە بە بەکارهێنانی ئەم ستراتیژانە، ماسییەکانی دەریاچە بەستووەکان دەتوانن وزەی خۆیان بپارێزن و لە بارودۆخی سەختی زستاندا بژین تا بەهار دێت.