کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای ئامرازێکی نوێی ژیری دەسکرد دەخاتە بەردەست کە ئاسانکاری دەکات بۆ ئەرکەکانی توێژینەوە
کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای لە نوێترین وەشانیدا ئامرازێکی نوێی ژیری دەسکردی بە ناوی "توێژینەوەی قووڵ" خستە بەردەست، کە لەتوانایدایە شێوەیەکی سەربەخۆ بەدوای زانیاریدا بگەڕێت لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی ئۆنلاین، ئەوەیش وادەکات بە کاتێکی کەم ڕاپۆرتی ورد و بەڵگەدار بە ڕوونی لەسەر بابەتگەلێکی ئاڵۆز دروست بکات.
ئەم وەشانە نوێیە تەواو گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی کە کاری زانستی چڕ لە بوارەکانی وەک دارایی، زانست و یاسادا دەکەن، و یارمەتی بەکارهێنەران دەدات بۆ دەسڕاگەیشتن بە لێکۆڵینەوەی ورد و متمانەپێکراو.
ئاماژەکردن بە سەرچاوەکان پێشکەوتنێکی دیکەی وەشانە نوێیەکەیە کە هاوکار دەبێت بۆ پشتراستکردنەوەی سەرچاوەی ئەو زانیارییانەی بەکارهێنراون.
ئۆپن ئەی ئای دەیەویت لە ڕیگەی ئەم وەشانە نوێیەوە ڕکابەرێتیەکانی قوڵتر بکاتەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی تری ژیری دەسکردا بەتایبەت '' دیپسیک'' کە ئەپێکی نوێی چینیە کە بە کات و بودجەیەکی کەم توانی بێتە ڕکابەرییەوە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا و لە ئێستادا لە ئەمریکا و بەریتانیا بووەتە یەکەمینی ئەپستۆر و گووگڵ پلەی کە زۆترین جار دابەزێندراوە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانی رابردوویدا سەرکۆنەی کۆمپانیا ئەمریکیەکانی کرد و وتی، پێویستە بە ئاگابێنەوە سەبارەت بە پێشکەوتنە تەکنەلۆژیەکانی چین.
ئێستا خستنەڕووی وەشانە نوێیەکەی کۆمپانیا ئۆپن ئەی ئای وەک بە بەدەمەوە چوونی داواکارییەکانی ترامپ سەیر دەکرێت.
شێرپەنجە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە جیهاندا، کە لە هەر ٦ مردنێک، یەکێکیان بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوەیە ، بە پێی کۆتا داتای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە لەسەر نەخۆشی شێرپەنجە بڵاوی کردووەتەوە، ٢٠ ملیۆن حاڵەتی نوێی شێرپەنجە دەست نیشان کراوە و ٩.٧ ملیۆن کەس بەهۆی شێرپەنجەوە گیانیان لە دەست داوە. کە بە پێی پێشبینییەکان تاوەکوو ساڵی ٢٠٥٠ ئەم ڕێژەیە بە ڕێژەی لە سەدا ٧٧٪ زیاد دەکات.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە تەنها لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەرستدا زیاتر لە ٧٨٨،٠٠٠ هەزار کەس بە نەخۆشی شێرپەنجە تۆمارکراون، لە هەمان کاتدا پێشبینی ئەوەیان کردووە کە ئەم ڕێژەیە تاوەکوو ساڵی ٢٠٤٥ ببێتە دوو هێندە و بگاتە ١.٥٧ ملیۆن نەخۆشی شێرپەنجە.
بەپێی کۆتا داتاکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، نۆ هەزار و ٦١ کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون و بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، بریتین لە، شێرپەنجەی مەمک، کۆڵۆن، سییەکان، پێست، غوددە، پرۆستات، لیوکیمیا، مێشک، منداڵدان.
ئەو هۆکارانەی کە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن، ئەمانەن : جگەرەجگەرەکێشان، نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان وەک (ڤایرۆسەکانی وەک HPV کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان، هەروەها ڤایرۆسی جگەر HBV وHCV دەبێتە هۆی شێرپەنجەی جگەر)، قەڵەوی و شێوازی ژیان ، پیسبوونی ژینگە، بەرکەوتنی تیشک، بۆماوەیی.
ئێستا دەرکەوتووە کە لە سەدا ٥٠٪ی شێرپەنجەکان دەکرێت خۆمانیان لێ بپارێزین لە ڕێگەی: وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و بەرهەمەکانی تووتن، کەمکردنەوە یاخود بەکارنەهێنانی خۆراکی خێرا و ئامادەکراو و پڕ چەوری و کالۆری، خواردنی میوە و سەوزەی زیاتر، ئەنجامدانی وەرزشی بەردەوام. هەروەها ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە لە خێزانەکانیاندا (بۆماوەیی) شێرپەنجە هەیە وەک (شێرپەنجەی مەمک)، دەبێتە هۆی زووتر دەستنیشان کردنی قۆناغە سەرەتاییەکانی شێرپەنجە، ئەمەش وادەکات چارەسەری شێرپەنجە ئاسانتر بێت و لە کاتێکی کەمدا چارەسەری گونجاوی بۆ ئەنجام بدرێت.