سەرۆککۆماری ڕاگوزەری سوریا بەڵێن بە خەڵکی عەفرین دەدات، پێشێلکاری گروپە چەکدارەکان ڕابگرێت و داواش دەکات خەڵک بۆ ناوچەکانیان بگەڕێنەوە.
ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری ڕاگوزەری سوریا سەردانی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد کە حەوت ساڵە لەلایەن تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیەوە داگیرکراوە.
سەرۆککۆماری ڕاگوزەری سوریا لە میانی سەردانەیەکدا لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەی عەفرین و لادێکانی کۆبووەتەوە.
ئەنەکەسە یەکەم لایەنی کوردی بووە کە بەشداری کۆبونەوەکەی کردووە، بەپێی وتەی بەرپرسانیان بەشدارییان بە بانگهێشتی فەرمی بووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیا سورییەکان بڵاوییانکردوەتەوە، شەرع لە میانی کۆبونەوەکانی لە عەفرین بەڵێنی بە خەڵکی داوە کە ڕێکاری پێویست و خێرا بگرێتەبەر بۆ بەرگرتن بە پێشلکارییەکانی گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا و ڕاگرتنیان، لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاساییش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
بەپێی میدیا سورییەکان، ئەحمەد شەرع داوای گەڕانەوەی لە کوردانی عەفرین کردووە کە بەهۆی "داگیرکردنی شارەکەوە لەلایەن تورکیا"وە ئاوارەی ناوچە جیاوازەکانی سوریا بوون.
پرسی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا و بە تایبەت لە عەفرین تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکان بووە.
ئەحمەد شەرع، بەڵێنی پاراستن و ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکیدا بەرامبەر هاوڵاتیانی ناوچەکە داوە.
باسی لەوەشکردووە، دەبێت ماڵ و سامانی هەموو ئەو کەسانە بگەڕێندرێتەوە کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی ناوچەکەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
بڕیارە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی شەرع دا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەزگای ئاسایشی گشتی بۆ بەڕێوەبردنی عەفرین دەستبەکاربێت و دەرگای دامەزراندنیش بۆ خەڵکی ناوچەکە بکرێتەوە.
سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ عەفرین دوای سەردانەکەی دێت بۆ تورکیا، ڕۆژی 4ی شوباتی 2025 شەرع لە ئەنقەرە لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوەوە.
سەرۆکایەتی تورکیا سەبارەت بە کۆبونەوەکە لە زاری ئەدرۆغانەوە بڵاویکردەوە، "وەک چۆن لە ناخۆشترین رۆژەکاندا برا سوورییەکانمان تەنیا جێنەهێشتن، لە سەردەمی نوێشدا ئەو پاڵپشتییەی پێویست بێت پێشکەشیانی دەکەین".
بەشێک لە چاودێران سەردانەکەی شەرع بۆ عەفرین وەک بەشێک لە قۆناغی نوێی سوریا ناودەبن.
دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی بە بڕیاری هەمان دادگا بووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ دواخستن لە وادەی خۆی، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجام درا.
دادگای فیدراڵی بەشێکی چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، نزیکەی ساڵێک تاتوێی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە کرد، کە دواجار بە هەڵوەشاندنەوە و دواتر کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان کۆتاییهات.
ئێستا جارێکی دیکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە خراوەتەوە بەر دەستی دادگای فیدراڵی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و جوڵانەوەی نەوێ نوێ رایگەیاندووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری کە یەکەم سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەتووی حزبەکە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
عومەر گوڵپى سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رایگەیاندووە،"داوامان لە دادگاى فیدراڵی کردووە، خولەکە هەڵوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".
کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەستهێنا، دواتر هەڵبژاردنەکەی بە" دیزاینکراو" وەسفکرد و بڕیاریدا بایکۆتی خولەکە بکات.
دوای چوار رۆژ لە سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند، سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
نەوەی نوێ رایگەیاندووە، سکاڵاکەی ئەوان دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرنەکردووە.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبووە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردووە، بەڵام هەموو مانگێک مووچە وەردەرگن.