هەواڵ

دوای 23 مانگ زیانەکانی داخستنی ئاسمانی تورکیا بە روی فڕۆکەکانی سلێمانیدا نزیکەی 20 دۆلارە

Mic
2025-03-09

23 مانگە تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕوی ئەو فڕۆکەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی داخستووە، بەهۆی ڕێکارەکانی تورکیاوە 35%ـی گەشتەكانیان بەتەواوی وەستاون و 60%ی جموجۆڵی بازرگانیی لە تورکیاوە بۆ کارگۆی سلێمانی کەمکردووەتەوە.
 بەپێی دواداچوونەکانی MIC زیانەکانی 23 مانگی رابردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار بووە، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێم لەم پرسەدا بەرامبەر بە سلێمانی کەمتەرخەم بوون". 

 23 مانگ و شەش ڕۆژە تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕوی فڕۆکەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا داخستووە و بڕیارەکەشی تا مانگی تەموزی ئەمساڵ نوێکردوەتەوە. 
بەپێی بە دواداچونەکانی Mic، بەهۆی رێکارەکانی تورکیا 35%ـی گەشتەكانی فڕۆکەخانەکە بەتەواوی وەستاون و 60% جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانى لەڕێگەى تورکیاوە بۆ کارگۆ کەمیکردووە.
بەپێی ئەو داتایانەی مانگی تەموزی ساڵی ڕابردوو بەرپرسانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوییانکردەوە، نزیكەی 10 ملیۆن دۆلار تەنها زیان بەر فڕۆكەخانەكە كەوتووە.
لە 3ـی نیسانی 2023ـەوە کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرتووە. لە هەمان کاتدا تورکیا رێگە نادات ئەو فڕۆکانەی دەچنە سلێمانی و ئەوانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەچنە فڕۆکەخانەکانی دیکە، بە ئاسمانی تورکیادا تێپەڕن.
لەبارەی هۆکاری راگرتنەکەوە تورکیا رایگەیاندووە، پەکەکە لە سلێمانی چڕبووەتەوە و ئەو رێکخراوە "دزەیکردووە نێو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکانیان".
تورکش ئێلاین هێلێکی فڕۆکەوانیی تورکییە کە رۆژانە دوو گەشتیان لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بۆ تورکیا هەبووە، یەکێکیان کاتژمێر 3:30 خولەکی بەیانی و دووەمیان 10:00ـی شەوە.
بەپێی بە دواداچونەکانی Mic، بەهۆی رێکارەکانی تورکیاوە ئێستا قەبارەی زیانەکان بە ئاستێکی زیاتر بەرزبونەوەتەوە و گەیشتونەیە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار.
لە سنوری پارێزگای سلێمانی 180 نوسینگە و بریکاری گەشتیاری هەن کە رۆژانە ریکلامیان بۆ گەشتی تورکیا دەکرد، بە وتەی کۆمپانیاکان بە درێژکردنەوەی بڕیارەکە زیانی راگرتنی گەشتەکان چەند هێندەی دیکە زیاد دەکە و داوا دەکەن بە زووترین کات پەیوەندییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بەکاربهێنرێن.
لەدواى بڕیارەکەى تورکیاوە، بەشێک لە گەشتەکان روویان لە هێڵى فڕۆکەوانیى وڵاتانى ئێران، قەتەر، ئیمارات، عەمان و لوبنان کردووە، بەڵام بە کاتێکى زیاتر و نرخێکى گرانتر.
رۆژی 27ـی شوباتی 2025، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری هەولێر رایگەیاند،"گرنگە تورکیا لەوە تێبگات کە یەکێتی و سلێمانی هەڕەشە نین بۆ سەری، دەکرێت بەسیاسەتی خۆیدا بچێتەوە، لەکاتێکدا ماوەیەکی زۆرە گەمارۆی خستۆتە سەر فرۆکەخانەی سلێمانی، کەبەبۆچونی من تورکیا خۆی لەو بڕیارە زەرەرمەندە، هەروەها بەڕاشکاوی دەڵێم کە هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێم لەم پرسەدا بەرامبەر بە سلێمانی کەمتەرخەم بوون".
تا ئێستا بە پاساوی دۆخی ئەمنی دوو جار ئاسمانی تورکیا بە روی سلێمانیدا داخراوە، ساڵی 2018دا دوای رفاندنی تیمێکی هەواڵیگری تورکیا، ئەو وڵاتە ئاسمانی بە روی سلێمانیدا داخست، ساڵی 2023یش جارێکی دیکە هەمان بڕیاری بەرامبەر فڕۆکەخانەی سلێمانی جێبەجێکردەوە. 

More News

Most Popular

هەواڵ

راپرسییەک بۆ پێوانەکردنی ئاستی دابڕانی کلتوریی لە هەرێمی کوردستان

Mic
2025-06-30

دامەزراوەی ڤیژن فاوندەیشن، بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، کار لەسەر پرۆژەیەک دەکات بۆ پێوانەکردنی ئاستی دابڕانی کلتوریی لە ناوچە جیاجیاکانی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەومەبەستە فۆرمێکی ئەلیکترۆنی بڵاودەکاتەوە.

لە پێناسەی پرۆژەکەدا دامەزراوەی ڤیژن ئاماژە بەوەدەکەن، "کۆمەڵگای کوردستانی لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای بوونی ژێرخانێکی دەوڵەمەندی کلتووری و تۆڕێک پەیوەندی هەمەجۆر لەناو کۆمەڵگاکەماندا، بەڵام هێشتا بەربەست و گرفتی گەورەی ناوخۆیی و بگرە جۆرێک لەدابڕانی کلتوریش هەیە، کە دەکرێ وەکو مەترسی سەیر بکرێ، بۆ هاوبەشی و یەکگرتویی کۆمەڵگا".

ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان کە بە "شێوەزاری بادینی" دەدوێن و دەنوسن و دەخوێننەوە، لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە بە "سۆرانی" دەدوێن و دەنوسن و دەخوێننەوە دابڕانە کلتورییەکە زیاتر بەدیدەکرێت.

ئامانجی پرۆژەکە دەرخستنی راستی و روونی و قەبارەی ئەو دابڕانە کلتووریەی لە نێوان ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن، بۆ دەستنیشانکردنی بەربەست و رێگرییەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕی کلتوورییە.

بەپێی پرۆژەکەی دامەزراوەی ڤیژن، لەکۆتاییدا پەڕاوێکی پێشنیاز بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان ئامادەدەکرێت و لەپێناوی "گەشەپێدانی کلتووری و چارەسەرکردنی گرفت و لابردنی بەربەستەکان". 

 

لێرە دەتوانیت فۆرمەکە پڕبکەیتەوە:

https://docs.google.com/forms/d/e/1FAIpQLSdJmmTCgpRhFI-5XhJlNMNmci6tLRQdgDAm7DtiRf_pbr5sHw/viewform?pli=1