هەولێر – mic
کۆبونەوەی لوتکەی نێوان یەکێتی و پارتی هەنگاوەکانی
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم خێراتر دەکات و مەسرور بارزانی و بافڵ
تاڵەبانی لەسەر چەند پرسێکی ستراتیژی رێککەوتن.
ئەمڕۆ، بافڵ تاڵەبانی،
سەرۆکی یەکێتی و مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی کۆبوونەوە و دوای کۆتاییهاتنی
کۆبونەوەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەرۆکی یەکێتی وتی: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ مەسرور
بارزانی زۆر باش بووە و لەسەر چەند بابەتێکی ستراتیژی کە بۆ میللەتەکەمان باش بێت
رێککەوتین.
بافڵ تاڵەبانی وتیشی:
گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن و ئامانجمان ئەوەیە بە زووترین کات حکومەتێک دروستبکەین
بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەمان.
مەسرور بارزانی،
جێگری سەرۆکی پارتی بە هەمانشێوە کۆبونەوەکەی زۆر بە ئەرێنی و باش ناوبرد و وتی: ئەو بابەتانەی
زۆر گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان قسەمان لەسەر کردووە و بەشێوەیەکی گشتی
و پێشکەوتنی باش لەو بارەیەوە هەبووە.
مەسرور بارزانی رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پێکهێنانی حکومەت دایە دەست لیژنەی
دانوستانکاری یەکێتی و پارتی و وتی: ئومێدەوارم تیمەکان بگەن بەڕێککەوتنێکی تەواو
بۆ پێکهێنانی حکومەت لە وادەیەکی نزیکدا.
کۆبونەوەی
لوتکەی یەکێتی و پاتی دوای چەندین کۆبونەوەی لیژنەی دانوستانکاری هەردولایە بۆ
پێکهێنانی حکومەت، ئەمڕۆیش سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی وتی: كۆبوونەوەكانی یەكێتیی و
پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەقۆناغی كۆتاییدان و لە 90%ی كێشەکان چارەسەركراون، ئەو بابەتانەی چارەسەر نەكراون بۆ كۆبوونەوەی
لوتكە بەجێهێڵدراون.
زیاتر لە پێج مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام یەکێتی و پارتی لە پێکهێنانی حکومەت دواکەوتن و لە ئێستادا فشاری ئەمریکا بۆ سەر یەکێتی و پارتی چرکراوەتەوە، بۆیە هەردولا دەیانەوێت بە زووترین کات حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت.
دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی بە بڕیاری هەمان دادگا بووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ دواخستن لە وادەی خۆی، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجام درا.
دادگای فیدراڵی بەشێکی چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، نزیکەی ساڵێک تاتوێی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە کرد، کە دواجار بە هەڵوەشاندنەوە و دواتر کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان کۆتاییهات.
ئێستا جارێکی دیکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە خراوەتەوە بەر دەستی دادگای فیدراڵی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و جوڵانەوەی نەوێ نوێ رایگەیاندووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری کە یەکەم سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەتووی حزبەکە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
عومەر گوڵپى سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رایگەیاندووە،"داوامان لە دادگاى فیدراڵی کردووە، خولەکە هەڵوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".
کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەستهێنا، دواتر هەڵبژاردنەکەی بە" دیزاینکراو" وەسفکرد و بڕیاریدا بایکۆتی خولەکە بکات.
دوای چوار رۆژ لە سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند، سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
نەوەی نوێ رایگەیاندووە، سکاڵاکەی ئەوان دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرنەکردووە.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبووە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردووە، بەڵام هەموو مانگێک مووچە وەردەرگن.