بەیانی ئەمڕۆ
سەرۆکی گەوورە شارەوانی ئەستەنبووڵ و کاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا لە ماڵەکەی
خۆی دەستگیرکرا و پێش دەستگیرکردنی وتی: رووبەڕووی ستەمێکی گەورە دەبینەوە، خۆم بە
گەلەکەم دەسپێرم، هەروەها سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، دەسەڵاتێک هەیە بۆ ڕێگریکردن لە دیاریکردنی
سەرۆکی داهاتوو، ئێمە رووبەڕووی کودەتا دەبینەوە.
هەواڵی
دەستگیرکردنی، ئەکرێم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەوورە شارەوانی ئەستەنبووڵ بەرەبەیانی
ئەمڕۆ، بوو بە هەواڵی بەپەلەی میدیاکانی تورکیا و جیهان.
پێش دەستگیرکردنی،
ئیمامئۆغڵو لە ڤیدیۆیەکدا کە لە هەژماری خۆی لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: مێشکێک
کە هەوڵ دەدات ئیرادەی گەلەکەمان تێکشکێنێت و پۆلیسە خۆشەویستەکانی لە دەرگای ماڵەکەمدا
کەڵەکە کردووە، ئێمە رووبەڕووی ستەمێکی گەوورە دەبینەوە، خۆم بە گەلەکەم دەسپێرم،
من بەردەوام دەبم لە شەڕکردن لەگەڵ ئەو کەسە و مێشکی ئەو کەسە.
هەروەها فەرمانی
دەستگیرکردن بۆ ڕاوێژکاری ڕۆژنامەوانی ئیمامئۆغڵو، موراد ئۆنگون دەرچووە، لە بەیاننامەیەکدا
کە لەسەر هەژماری خۆی لە ئێکس نوسیویەتی: من دەستگیرکراوم، پێیانوایە بە بێدەنگکردنمان
ڕێگریمان لێدەکەن لە بەرگریکردن و پشتیوانیکردن لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، داوا لە
هاووڵاتیانمان دەکەم، لەم کاتەوە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە گەلی تورکیا سپێردراوە،
بپارێزن، بپارێزن.
ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی
جەهەپە هەڵوێستی پارتەکەی لەسەر دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو راگەیاند و دەڵێت: دەسەڵاتێک
هەیە بۆ ڕێگریکردن لە وڵات لە دیاریکردنی سەرۆکی داهاتوو، ئێمە رووبەڕووی هەوڵی
کودەتا دەبینەوە لە دژی سەرۆکی داهاتوومان.
مەنسوور یاڤاسیش،
سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە لە کاردانەوەی دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو دەڵێت: دەبێت
بزانرێت کە هیچ دەستێوەردانێک لە خواستی گەل بێ وەڵام نابێت، دیموکراسییەکەمان زۆرترین
زیان بەم کردارانە دەگەیەنێت، کە بە شێوازی نایاسایی و فشار و هەڕەشە ئەنجام دەدرێت،
هەرچۆنێک بێت، ئێمە بێدەنگ نابین، با کەس لەبیری نەچێت سەرۆکەکەمان تەنیا نییە.
ئاژانسی رۆیتەرس
لەسەر دەستگیرکردنی، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبووڵ نوسیویەتی: دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕۆژی
چوارشەممە ڕکابەری سیاسی سەرەکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیان دەستگیرکرد بە تۆمەتی
گەندەڵی.
دەستگیرکردنی
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ، بڕوانامە دبلۆمەکەی هەڵوەشێنرایەوە
لەسەر هەڵوەشانەوەی بڕوانەمەکەی، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبووڵ وتی: ئێمە هیچ
چارەسەرێکمان نییە جگە لەو شەرعییەتانەی کە بە دەسەڵاتی گەل دەردەکەوێت.
سەرۆک شارەوانی ئەستەنبووڵ لەلایەن دواکاری گشتی تورکیاوە رووبەڕووی دوو لێکۆڵینەوەی جیا دەبێتەوە کە بریتین
لە "سەرکردایەتی کردنی رێکخراوێکی تاوانکاری و بەرتیل وەرگرتن و ساختەکاری".
نووسینگەی
داواکاری گشتی ئەستەنبووڵ بڵاویکردەوە، زۆرێک لە کۆمپانیاکانی شارەوانی تەندەری نایاسایی،
کڕینی راستەوخۆ یان کڕینی خزمەتگوزاری لە رێگەی ساختەکاری تەندەرەکان، ساختەکاری،
دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی داتای کەسیی، بەرتیل وەرگرتن و ئەتککردن بە شێوەیەکی رێکخراو
ئەنجامداوە.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو،
بە رکابەری سەرسەختی رەجەب تەیب ئەردۆغان دادەنرێت و زۆرجار بە سەرۆکی داهاتووی
تورکیا ناودەرێت، بەو پێیەی خۆی ئامادەکردووە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2028ى تورکیا خۆ
کاندید بکات.
دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی بە بڕیاری هەمان دادگا بووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ دواخستن لە وادەی خۆی، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجام درا.
دادگای فیدراڵی بەشێکی چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، نزیکەی ساڵێک تاتوێی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە کرد، کە دواجار بە هەڵوەشاندنەوە و دواتر کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان کۆتاییهات.
ئێستا جارێکی دیکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە خراوەتەوە بەر دەستی دادگای فیدراڵی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و جوڵانەوەی نەوێ نوێ رایگەیاندووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری کە یەکەم سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەتووی حزبەکە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
عومەر گوڵپى سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رایگەیاندووە،"داوامان لە دادگاى فیدراڵی کردووە، خولەکە هەڵوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".
کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەستهێنا، دواتر هەڵبژاردنەکەی بە" دیزاینکراو" وەسفکرد و بڕیاریدا بایکۆتی خولەکە بکات.
دوای چوار رۆژ لە سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند، سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
نەوەی نوێ رایگەیاندووە، سکاڵاکەی ئەوان دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرنەکردووە.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبووە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردووە، بەڵام هەموو مانگێک مووچە وەردەرگن.