یەکێتی و پارتی بانگەشەی هەڵبژاردنیان بە "روخاندن" و "ناتوانن" دەستپێکرد، دەیانەوێت لە "حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتوو" لە سەردەمێکی نوێدا پێکەوە بنن. بەرپرسانی دوو حزبەکە هەنگاوەکانیان بۆ نزیکبوونەوە بە " ئەرێنی" وەسف دەکەن.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان "گەیشتنە دواڕەشنووسی دیدگای هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتوو" کە وەک خۆیان رایانگەیاندووە، "دەبێتە ئامرازێک بۆ پێکهێنانی حکومەت".
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی لە دوایین لێدوانیدا لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمەوە راگەیاندووە،" هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی داهاتوو ئەرێنین".
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش رایگەیاند،" لێكتێگهیشتنی زۆر باش لهنێوان پارتی و یهكێتی دروست بووه".
باسی لەوەشکردووە، "بهپێی ئهم دۆخه ئهرێنیهی دروست بووه، پرۆسهی پێكهێنانی حكومهت خێراتر بووه و گهشبینین له ماوهیهكی نزیكدا حكومهتی داهاتووی ههرێم پێكبهێنرێت".
پارتی و یەکێتی یان کردووەتە دروشمی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت سەردەمی نوێی پێکەوەییان بە ناونیشانە بێت.
هەنگاوی داهاتووی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت دابەشکردنی پۆستەکانە، بەپێی ئەو زانیاریانەی mic لە لیژنەی دانوستانکاری پارتی و یەکێتییەوە دەستی کەوتووە، لە کۆبونەوەی داهاتوی یەکێتی و پارتیدا گفتوگۆ لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان دەستپێدەکات.
mic زانیویەتی، هیچ وادەیەک بۆ کۆبونەوەی داهاتوو دیاری نەکراوە، بەڵام کۆبونەوەی داهاتووی ئەو دوو لایەنە دەکەوێتە دوای جەژی رەمەزانەوە.
پارتی و یەکێتی ئێستا گفتوگۆ لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنێک دەکەن کە بانگەشەیەکی توندییان دژ بە یەکتری کرد، " کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن" ناونیشانی بانگەشەی یەکێتی بوو، پارتیش بە وشەی " ناتوانن" وەڵامی هەڵمەتەکەی دەدایەوە.
هەنگاوە نوێیەکانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بە شێوەیەک دەبینرێن کە بانگەشەی توند کاریگەری لەسەر پێکەوەیی دوو حزبەکە نەبووە و جارێکی دیکە پێکەوە حکومەت پێکدەهێنن.
پارتی و یەکێتی ئەزمونێکی درێژی پێکەوەییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، لە 33 ساڵی حکومڕانی هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 25 ساڵ دوو حزبەکە پێکەوە حکومەتیان پێکهێناوە.
بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی لە سەروی هەموویانەوە نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین جار جەختی لەسەر پێکەوە کارکردنی پارتی و یەکێتی کردوەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو دوو حزبە ناتوانن یەکتر پەروێزبخەن.
ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردووش کاتێک دوو حزبەکە شەڕی ناوخۆیان دژ بە یەکتر کردووە، لە دوو ئیدارەی جیاوازدا هەرێمی کوردستانیان بەڕێوەبردووە، بەڵام لە کۆتایی بە رێککەوتنی ستراتیژی گەڕاونەتەوە لای یەکتر.
دوای تێپەڕاندنی بانگەشەی توند و پێکەوەیی لە "حكومهتێكی بههێز و یهكگرتوو"دا، وەک سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی دەڵێت، " هاوسەرگیری کاسۆلیکی" باشترین پێناسی پەیوەندییەکانی دوو حزبەکە بێت و تەڵاقی تێدا نەبێت.
دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی بە بڕیاری هەمان دادگا بووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ دواخستن لە وادەی خۆی، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجام درا.
دادگای فیدراڵی بەشێکی چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، نزیکەی ساڵێک تاتوێی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە کرد، کە دواجار بە هەڵوەشاندنەوە و دواتر کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان کۆتاییهات.
ئێستا جارێکی دیکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە خراوەتەوە بەر دەستی دادگای فیدراڵی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و جوڵانەوەی نەوێ نوێ رایگەیاندووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری کە یەکەم سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەتووی حزبەکە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
عومەر گوڵپى سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رایگەیاندووە،"داوامان لە دادگاى فیدراڵی کردووە، خولەکە هەڵوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".
کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەستهێنا، دواتر هەڵبژاردنەکەی بە" دیزاینکراو" وەسفکرد و بڕیاریدا بایکۆتی خولەکە بکات.
دوای چوار رۆژ لە سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند، سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
نەوەی نوێ رایگەیاندووە، سکاڵاکەی ئەوان دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرنەکردووە.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبووە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردووە، بەڵام هەموو مانگێک مووچە وەردەرگن.